ڕۆژنیوز هاوڕێ کرێکار
ئاماری زیانی #بومەلەرزە#کەی #دەربەندیخان# بڵاوکرایەوەو، بۆردی داکۆکیکردن لە ماف و بەرژەوەندیەکانی خەڵک-یش، ڕایدەگەیەنێت: ئەگەر حکومەت هەنگاوی کرداری نەنێت بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووەکان، ئەوە پێویستە حکومەتی خۆجێیەتی دەربەندیخان وەک هاوهەڵوێستی دەست لەکار بکێشنەوە.
ئەمڕۆ، لە بینای قائیمقامیەتی شارۆچکەی دەربەندیخان، بۆردی داکۆکیکردن لە ماف و بەرژەوەندیەکانی خەڵک، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و تێیدا ئاماری زیانەکانی بومەلەرزەکەی12ی ئەم مانگەیان خستەڕوو.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، نەوزاد سابير ئەندامی بۆردەکە، ڕایگەیاند: ڕوودانی بومەلەرزەکە کاریگەری زۆری وێرانکاریی لەماڵ و حاڵی هاوڵاتیانی دەربەندیخان و گوندەکانی دەورووبەری کردووە، بۆردی داکۆکیکردن لەماف و بەرژەوەندیەکانی خەڵک دامەزرا، کە فاکتەری سەرەکی بۆ پشتیوانی زیانلێکەوتووانی ئەو کارەساتە بوو، ئەرکی سەرەکیمان بە دواداچوونی کێشەکانی خەڵک و بەرگریکردن لەمافەڕەواکانیان و فشار خستنەسەر حکومەت و دەسەڵاتدارانە، بۆ بەتەنگەوەهاتنی هاوڵاتیان و قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی هاوڵاتیان بەناوەندی شار و گوندەکانی دەوروبەیشییەوە.
نەوزاد سابیر، وتیشی: بەپێی ئەژماردن و خەمڵاندنی سەرەتایی وێرانکاری ئەو زەمین لەرزەیە بریتیە لە:
-زیاتر لە 1500 خانووی هاوڵاتیان زیانی بەرکەوتووە کە 325 خانویان شیاوی ژیان نین تێیاندا.
-لە پێنج خوێندنگا دەوام ڕاگیراوە و خوێندنگاکانیان وێران بووە، 15 خوێندنگای تر پێویستیان بەنۆژەنکردنەوەی بەپەلە هەیە.
-نەخۆشخانەی گشتی شار و دوو بنکەی تەندروستی وێران بووە.
-سێکتەرەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا زیانی گەورەی بەرکەوتووەو پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی بەپەلە هەیە.
-بەنداوی دەربەندیخان توشی زیانی گەورە بووە.
ناوبراو، باسی لەوەشکرد: لەسەر ئەو کارەساتە ڕای گشتی لەسەر خەمساردی حکومەت لە ئاست کارەسات و ماڵوێرانی هاوڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە، کە تائێستا بێباکانە بەتەنگ وێرانکاری کارەساتەکەوە هاتووە، وە ئەم پێشنیارانە دەخەینە ڕوو:
-پێکهێنانی لیژنەی ئەندازیاری پسپۆر بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو خانوانەی کە زیانیان بەرکەوتووە.
-هێنانی لیژنە و تیمی ئەندازیاری پسپۆر بۆ هاوکاریکردن و پێدانی ڕێنمایی پێویست بۆ ئەو ماڵ و باڵەخانانەی کە زیانی بەرکەتووەو شیاوی چارەسەرە.
-دابینکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون (بەکرێ) یان هەر شێوازێکی دروستی تر، بۆ ئەو ماڵانەی کە لیژنە بڕیاریداوە کە خانوەکانیان بڕوخێنرێ، یان خۆیان بەهۆی زەمین لەرزەکەوە ڕوخاون، یان ئەو خانوانەی شیاوی ژیانکردن نییە تێیدا.
-دابینکردنی بودجەی پێویست بەپێی خەمڵاندنی لیژنەکان بۆقەرەبوکردنەوەی هاوڵاتیان.
لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، نەوزاد ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەر حکومەت هەنگاوی کرداری نەنێت بۆ قەرەبوکردنەوەی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتوان، ئەوە هەنگاوی یەکەم پێویستە حکومەتی خۆجێیەتی دەربەندیخان وەک هاوهەڵوێستی دەست لەکار بکێشنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هەنگاوێکی مەدەنی دەگرینەبەر بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای زیانلێکەوتوان بە ناوەندی شار و گوندەکانەوە.[1]
27-11-2017