15ی ئابی 1984
ساڵیادی ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداریی پەکەکە (PKK)
د.سەلام عەبدولکەریم
پەکەکە چۆن دامەزرا؟ دامەزرێنەرانی کێ بووون؟ کەی خەباتی چەکداری ڕاگەیاند؟ هۆکارەکانی چی بووون؟ قۆناغەکانی خەباتی چەکداری کامانە بووون؟ شێوازی خەباتە چەکداریەکە چۆن بووو؟ ئەنجامەکانی چی بووون؟ کەمو کورتییەکانی چی بوون؟
ئیسماعیل بێشکچی:خەباتی چەکداریی PKK دیواری ترسی ڕووخاند و چاوی خەڵکی کوردستانی کردەوە.
ڕەگو ڕیشەی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)
ئەو ئازادیە سیاسییەی دەستووری 1961 هێنایە ئاراوە، بۆ یەکەمجار ڕێگەی بەرەوتی چەپ لە تورکیادا کەپارتی سیاسی بەگوێرەی یاسا دابمەزرێت.1 هاوکات بەهۆی خراپی ڕەوشی ئابووری تورکیا لە ساڵانی شەستەکان و تێکچونی بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە و بڵاوبوونەوەی بێکاریی و سەختبوونی بژێوی ژیان و پەیوەستبوونی دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە بەبلۆکی سەرمایەداریەوە، 2 لەگەڵ کارلێک کردنی ڕەوتی چەپی تورکیا بەجووڵانەوە و شۆڕشە چەپە ڕزگاریخوازییەکانی گەلانی ناوچەکە و جیهان لەنموونەی شۆڕشی 1968ی فەرەنسا و شۆڕشی ڤێتنام و کوبا و لەسەروی هەمووشیانەوە نزیکبوونەوە لەبلۆکی سۆسیالیستی بەرابەرایەتی یەکێتی سۆڤیەت، وایانکرد لە ماوەیەکی کەمدا ڕەوتی چەپ لە تورکیا گەشەسەندنێکی بەرچاو بەخۆوە ببینێت و مەترسی لەسەر ژیانی سیاسی لە تورکیا درووست بکات.3
ئەگەرچی لە ساڵی 1971 بۆجاری دووەم کودەتایەکی سەربازی کرایەوە و ئامانج لێی پارێزگاری بوو لەبنەماکانی کەمالیزم کەدەوڵەتی تورکیای لەسەر دامەزرابوو لە ڕێگەی خۆڕزگارکردن لەهەڵکشانی ڕەوت و پارتە چەپەکان، 4 بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو، لەوەی جارێکی تر لە ساڵانی حەفتاکان ڕەوتی چەپ کارایی خۆی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی جێبهێڵێت. بەتایبەت ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێی سیاسی لە تورکیا پێی نابووە قۆناغێکی هەستیارەوە، چونکە بەردەوامبوونی خراپی ڕەوشی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی تورکیا پاڵنەرێکی بنەڕەتی بوو، لەوەدایە ئەو پارت و ڕێکخراوە چەپانەی تورکیا خەباتی سیاسی و مەدەنیانەی خۆیان بگوێزنەوە سەر شەقام و نێو زانکۆکان، کەدوو ژینگەی بەهێز و بەپیتی ململانێ سیاسییەکان بوون. دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەری کرێکاران و قوتابییانی زانکۆکان فاکتەری یارمەتیدەری دەرکەوتنی چەندین ڕێکخراوی چەپ بوون لەسۆسیالیزمی سۆڤێیتەوە تادەگاتە ماویزم و مارکسیسزم و لینینیزم.5
پێشتر بەهۆی ڕێگرە دەستووری و یاساییەکانەوە ڕووناکبیر و تێکۆشەرانی کورد نەیانتوانی پارت و ڕێکخراوی سیاسی کوردی ئاشکرا دابمەزرێنن، بەڵام ساڵی 1963 توانیان یەکەمین پارتی سیاسی بەناوی (پارتی دیموکراتی باکووری کوردستان) دابمەزرێنن، دوای شەش ساڵ ئەم پارتە بۆدوو باڵ دابەش بوو، دوای ئەوەی دوبەرەکیان تێکەوت، باڵێک بەسەرکردایەتی د.سەعید قورمزی توبراق (د.شوان) و پێیانوترا (شوانییەکان) ئاڕاستەیەکی چەپڕەوی هەبوو باڵەکەی تریش بەسەرۆکایەتی (سەعید ئاڵچی) و درێژکراوەی پارتی دیموکرات بوو.6 دواتریش هەندێکیتریان لە چوارچێوەی ڕێکخراو و یانە و پارتە چەپەکانی تورکیاوە هاتنەوە نێو کایەی سیاسی تورکیا و بەشداری ئەکتیڤیان تێداکردن لەوانە پارتی دیموکرات و پارتی کاری تورکی، بەڵام پاش ماوەیەک بەشێکی زۆریان لەو ڕێکخراوانە هاتنەدەرەوە، بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێکخراو و پارتە چەپەکان بۆداننان بەپرسی نەتەوایەتی کورد لە تورکیا و ڕویان کردە ئەوەی بەنهێنی ڕێکخراو و یانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردی دابمەزرێنن، هەندێکیان خاوەن شەقڵی سیاسی و هەندێکیشیان لەگەڵ گرتنەبەری خەباتی سیاسیدا خەباتی چەکداریشیان بەپێویستزانی و پەیڕەوییان لێکرد، بەڵام لەسەر ئاستێکی سنووردار، لەوانەش کۆمەڵەی کاوە و کۆمەڵەی ڕۆشنبیری یانەکانی ڕۆژهەڵات.7
ئەگەرچی بەشێک لەو کەسایەتییە سیاسیانەی دواتر پارتی کرێکارانی کوردستانیان دامەزراند وەک (عەبدوڵڵا ئۆجەلان و کەمال پیر و حەقی قەرار) لەنێو ڕەوتی چەپی تورکیا دەستیان بەکاری سیاسی کرد، بەڵام هەر زوو، بەدیاریکراویش لە ساڵی 1973 لەچونە دەرەوەیەکی نارێکخراویاندا بە مەبەستی پشو و گەشت لە نزیک بەنداوی (چوبوک) لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە یەکلایەنە بناغەی کارکردن بۆرێکخراوو جووڵانەوەیەکی چەپی سۆسیالیستیانە کاری لەسەر کرا، دوای ئەوەی بەرستەیەک دەسپێکی گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی سیاسی نێوخۆیی تورکیای کردەوە، کاتێک وتی:کوردستان کۆڵۆنییە.8
ئەم کۆبووونەوە ناڕێکخراوە لەمێژوی پارتی کرێکارانی کوردستاندا وەک ڕەگو ڕیشەی کارکردن بۆدامەزراندنی ڕێکخراو و دواتر پارتییەکی سیاسی تەماشا دەکرێت، چونکە ئەو بابەت و مەسەلانەی تێیدا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، هۆکاری نزیکتربووونەوەی ئەو کەسانەبووون بۆبەردەوامبووون لەسەر گۆڕینەوەی بیروڕای زیاتر و دواتریش سەرەنجام لە ساڵی 1978 پێکەوە پارتی کرێکارانی کوردستانیان دامەزراند.
بۆچی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) دامەزرا؟
دامەزراندنی کۆماری تورکیا لەسەردەستی مستەفا کەمال ئەتاتورک و لەسەر ئێسک و پروسک و پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و جێبەجێکردنی سیاسەتی قڕکردن و تواندنەوەی کورد لەسەر هەموو ئاستەکانی نەتەوە و دامرکاندنەوەی شۆڕشەکانی کورد و دواتریش سەپاندنی یەک پارتی سیاسی و قەدەغەکردنی فرەپارتایەتی لە تورکیا، جووڵانەوەی نەتەوایەتی کوردی تاقۆناغی هاتنەئارای دیموکراسیی سیاسی و ژیانی فرەحزبی سستکرد. لەو قۆناغانەشدا ستەمی سیاسی و ئابوووری و کۆمەڵایەتی تورکیا لەسەر کورد بەردەوامبوو، سەرباری خراپی بارودۆخی ناوچە کوردنشینەکانی باکووری کوردستان، بۆیە بەردەوام هۆشیاری نەتەوایەتی کورد ئامادەیی هەبوو، چونکە سەرباری ئەوەی بارودۆخەکان ناهەموار بوون، بەڵام جموجوڵی ڕووناکبیری و سیاسی کورد بەردەوامبووو.9 بۆیە ڕەتکردنەوەی ئەو ستەمە یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی دامەزراندنی پارتی کرێکاران بوو. هەروەها کارکردن بۆڕزگارکردنی کوردستان و بەرپاکردنی سیستمێکی سۆسیالیستی پاڵنەرێکیتری ئەو دامەزراندنەبوو.10 سەرەڕای ئەوەی لەبنەڕەتدا سەرهەڵدانی پارتی کرێکارانی کوردستان گەڕان بوو بەدوای ئازادی و ژیانێکی ئازادانەدا، کە مرۆڤی کورد هەست بەڕێز و بەها و کەرامەتی نەتەوەیی خۆی بزانێت و بەرپەرچی کۆیلایەتی بداتەوە.11
شێواز و قۆناغ و ئامانجەکانی ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداریی PKK
کاتێک PKK خەباتی چەکداریی ڕاگەیاند، زیاتر لەسەر شێوازی (جەنگی پارتیزانی) یاخود جەنگی گەریلایی بووو، 12 نەک جەنگی بەرەیی. بێگومان ئەمەش لەلایەک پەیوەندیی بە نابەرابەری هێزی هەردوولاوە هەبووو، بەشێوەیەک سوپای تورکیا بە قەبارە زۆر و گەورە و خاوەنی چەکی پێشکەوتوویی سەربازیی و لەلایەکی ترەوە هێزی چەکداریی PKK کەم و دیاریکراو و چەکی پێشکەوتووی ئەوتۆشیان پێنەبوو، پەکەکە بەچەند قۆناغێک دەستی بە خەباتی چەکداریی کرد. وەک قۆناغی سەرەتایی، کە زیاتر خۆی لە پڕوپاگەندەی چەکداریدا دەبینییەوە، تێیدا پشت بەرێسایەکی دیاریکراو و جێگیر نەدەبەسترا و گرووپی چەکدار هەڵدەستان بە جوڵە و ئاڕاستەکردنی لێدان لەنێوەندێکدا، کە ترس و ملکەچی زاڵبووو بەسەریدا. ئامانجیش لێی نەهێشتنی ترس و درووستکردنی بوێریی و کردنەوەی کەناڵی پەیوەندیی بووو لەگەڵ میللەتدا.
قۆناغی دووەم، بریتیی بوو لە پێڕەوکردنی توندوتیژیی تاکەکەسیی، کە خۆی لە کردەی کوشتن و بەسزا گەیاندنی ئەو خەڵکانەدا دەبینییەوە، کە PKK وەک خەڵکی ناپاک و بەکرێگیراو لە قەڵەمی دەدان. ئەم توندوتیژییە تاکەکەسییە لە قۆناغی خەباتی ئایدۆلۆژییەوە تا پێکهێنانی گرووپە چەکدارەکان دەگرتەوە. ئەمەش بە ئامانجی گەمارۆدانی ئەو ترس و تیرۆرەی، کە ئامانج لێی پارچەپارچەکردن و لەبەر یەک هەڵوەشاندنی PKK بوو. قۆناغی سێیەمیش، قۆناغی کۆچکردن و جێهێشتنی تورکیای دەگرتەوە لەلایەن PKKەوە بۆ سووریا و لەوێشەوە نیشتەجێبووونیان لە لوبنان و کردنەوەی سەربازگەی ڕاهێنانی گەریلایی و ئامادەکردنی گرووپی چەکداریی.13 هەرچی قۆناغی چوارەمیشە، لە دیرۆکی ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداریی PKKلە (15ی ئابی 1984) تا قۆناغەکانی دواتر دەگرێتەوە.14
PKK ئامانجی زۆری لە ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداریی لەو دیرۆکەدا هەبوو، چونکە ویستی پەیامێک بگەیەنێتە دەوڵەتی تورکیا، کە سەرەڕای هەموو سیاسەتەکانی گرتن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان و کوشتنی سەرکردە و ئەندام و کادرەکانیان بووونیان ماوە و تەنانەت توانای ئاڵنگاریی چەکداریشیان هەیە. لە ڕاستیشدا ئەم هەنگاوە شتێکی کتوپڕ و پێشبینی نەکراو بوو لای تورکیا، چونکە چ لە باکووری کوردستان و چ لەنێوچەکانی تری تورکیاشدا زۆربەی ڕێکخراوە چەپەکان بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو سیاسەتانەی دوای کودەتاکەی (12ی ئەیلوولی 1980) گیرابووونە بەر تورکیایان جێهێشتبوو، هەروەها زەبری گەورەشیان بەرکەوتبووو، جگە لەوەی مییللەتیش باوەڕی بە زۆربەی ڕێکخراوەکانی تر نەما بوو.15 لەو ماوەیەشدا هیچ شۆڕش و ڕاپەڕینێکی چەکداریی ڕوینەدا، بەڵام PKK توانی ئەو بێدەنگییە تێکبشکێنێت. تەنانەت تورکیا لەو قۆناغەدا ئەو پارتەی وەک گرووپێکی بچووکی چەکداریی بێ ڕۆڵ و کاریگەریی دەناساند، کە هیچ پشتگیرییەکی جەماوەری نییە و ئامادەش نەبوو لە بەرانبەریاندا چەمکی شەڕیش بەکاربێنێت. هاوکات جووڵانەوەی کورد لەو قۆناغەدا لە دۆخێکی لاوازیدا بوو، سەرەڕای ئەو دابەشبووونەی لە جەستەی جووڵانەوەکەدا هەبوون و خەڵکی کوردستانیش نائومێد و نیگەران بوون.16 بۆیە ئامانجەکانی ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداریی بریتیی بوو لە خستنەگەڕی توانای شۆڕشگێڕیی و تەیارکردنی نەتەوە لە ڕووی سیاسیی و سەربازی لەسەر بنەمای لەنێوبردنی سەرمایەداریی و دواتر سەربەخۆیی کوردستان و ڕزگاربوون لەژێر دەستەیی. لە هەمان کاتدا نەهێشتنی دەسەڵاتی داگیرکاریی لە کوردستان لە ڕووی سەربازیی و سیاسیی و ئابوووریی و کولتوریی و کۆمەڵایەتییەوە و جوڵاندنی ئەو توانا شۆڕشگێڕییەی، کەلای ئەندام و کادیرانی PKK هەبووو.17
بایەخ و دەرئەنجامەکانی خەباتی چەکداریی (PKK)
ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداریی لەلایەن PKK ەوە لە (15ی ئابی 1984) و بەو چالاکییە چەکدارییانە چەند بایەخ و گرنگییەکی هەبوو، لەوانە: لەو دیرۆکە بەدواوە PKK لە قۆناغی پڕوپاگەندەی چەکدارییەوە پێی نایە قۆناغی گەریلاییەوە (ئەگەرچی دواتر و لە هەندێک دۆخدا گەڕایەوە سەر پێڕەوکردنی پڕوپاگەندەی چەکداریی)، چونکە لە قۆناغەکانی دواتردا خۆئامادەکردنی چەکداریی فراوانتر بوو.18 جگە لەوەی کاریگەریی هەبوو لەسەر ڕەواندنەوەی ترس لە دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازیی تورکیا و ژیاندنەوەی ئومێدی ڕزگاریی، بەتایبەتیش دوای کودەتای (12ی ئەیلوولی 1980)، کە باڵی بەسەر لایەنی دەروونی خەڵک و بزووتنەوەی چەپی تورکیا و نەیارەکانی دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتەدا کێشا بوو، بۆیە ئەو ترسەی شکاند و سەرەتایەک بوو بۆ گواستنەوەی بوێریی بۆ نێو خەڵک. وەک ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت:دیواری ترسی ڕووخاند و چاوی خەڵکی کوردستانی کردەوە.19 هەروەها کاریگەریی لەسەر کێشەی کورد لە تورکیا هەبوو، چونکە PKK بە ئامادەکاریی و ڕێکخستن و ئیرادەوە بڕیاری جەنگی چەکداریی ڕاگەیاند، چونکە ئەو ڕووداوە تەنیا دووراییەکی چەکداریی و سەربازیی نەبوو، هێندەی سیاسیی و ئایدۆلۆژیی و ڕێکخستنیش بوو.20 بۆیە لەو دیرۆکە بە دواوە تورکیا لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیی حساباتی وردتری بۆ پرسی کورد بە گشتیی و PKK بەتایبەت دەکرد. سەرەڕای ئەوەی کاریگەریی لەسەر لایەنی سەربازیی تورکیا هەبوو، چونکە (کەنعان ئێڤرن) کاتێک سەردانی شەمدینانی کرد، لەوێ وتارێکی پێشکەشکرد و سوپای حەوتەم، کە لە ویلایەتی ئامەد لە کاتی جاڕدانی ئەحکامی عورفییەوە ساڵی 1983 جێگیر کرا بوون، دەستی بەپڕۆسەی کێوماڵکردنی فراوان بە دوای چەکدارانی PKK لەنێوچە شاخاوییەکانی سێگۆشەی (هەکاری، سیرت، ماردین)دا کرد.21 لەسەر ئاستی پەیوەندیی هەرێمیی و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا کاریگەریی گەورەی هەبوو، چونکە لێرەوە زیاتر تورکیای هاندا، کە پەیوەندییە سیاسیی و سەربازیی و دۆستانەییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی نێوچەکە بە گشتیی و ئێراق و ئێران و سووریا بەتایبەت لە چوارچێوەی پەیوەندییە هەرێمییەکاندا پتەوتر بکات بۆ ڕووبەڕوووبوونەوەی مەترسیی چەکدارییPKK. لەلایەکی ترەوە لەو دیرۆکەوە قۆناغێکی نوێ لە خەباتی سیاسیی و چەکداریی دەستی پێ کرد، چونکە پەکەکە دواتر هێزی ڕزگاریی کوردستان (HRK ی ڕاگەیاند و لە نەورۆزی 1985 یشدا بەرەی نیشتمانیی ڕزگاریی کوردستان (ERNK)ی دامەزراند.22 ئەگەرچی وەک بەرەیەکی میللیی و مەدەنیی و ئامرازێکی پڕوپاگەندەیی ناسرا، بە ئامانجی یەکخستن و کۆکردنەوەی هەموو ئەو کەسانەی بنەما و هزری سیاسی PKK یان قبووڵ بوو، بەڵام هاوکاریی چالاکییە چەکدارییەکانی دەکرد.23 هەروەها مەعسوم قورقماز (عەگید)یش یەکەم فەرماندەی ئەو بەرەیە بوو. لە ڕووی ئابوورییەوە ساڵانە زیانی نزیکەی (8) ملیار دۆلاری لە تورکیا دەدا، کە ئەو وڵاتە ئەو بڕە پارەیەی بە سەر گوندپارێزان و پۆلیس و سیخوڕەکانی لە باشووری کوردستان دابەش دەکرد، جگە لە قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی تر، کە لەنێوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا بوون.24 سەرەڕای خەرجی سوپا و جەنگەکانی دژی PKK.25
بەڵام سەرباری ئەو بایەخ و گرنگییانەی خەباتی چەکداریی PKK هەیبوو، هاوکات لە کەموکووڕیش بەدەر نەبووو، لەوانە: مەبەستی سەرەکی PKK لە سەرەتای ڕاگەیاندن و ئەنجامدانی خەباتی چەکدارییەوە لە (15ی ئابی 1984) زیاتر ناردنی پەیامێکی ئاڵنگاریی بوو بۆ دەسەڵاتی سەربازیی تورکیا دوای کودەتای (12ی ئەیلوولی 1980)، بەهۆی ئەو سیاسەتە توندوتیژەی دەرهەق بە کورد بەگشتیی و بەرانبەر ئەندام و سەرکردە و کادرانی ئەو پارتە گرتبوویانە بەر لە باکووری کوردستان لە گرتن و ڕاوەدونانەوە تا دەگاتە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و لەسێدارەدان، چونکە جەمیل بایک (هەڤاڵ جومعە) باس لەوە دەکات، بە ڕاگەیاندنی (15ی ئاب)، خەڵکی نێوچەی بۆتان دەرکەوتن و ئامادەبوون بەشداری لەو خەباتە چەکدارییەدا بکەن، بەڵام بەهۆی نەبووونی بەرنامەی PKK بۆ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئەو ڕەوش و دەرئەنجامە، دواجار وەڵام نەدانەوەی خەڵک و گێڕانەوەیان بۆ ماڵەکانی خۆیان، وای کرد زیانێکی گەورە لە خەباتی سیاسیی و چەکداریی PKK لەو قۆناغەدا بکەوێت، چونکە کاتێک PKK دەستبەرداری ئەو خەڵکە بوو، بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانە تورکیا سوودی لێبینین و هەر ڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی سیستێمی گوندپارێزاندا ڕێکیخستن، کە ئەرکی سەرەکیشیان ڕووبەڕوووبوونەوەی چەکدارانی PKK بوو. لەمبارەوە نموونەی گوندی (ئۆسیان) دێنێتەوە، کە پێشتر شوێنی حەوانەوەی کادرەکانیان بووە، بەڵام دوای ئەوە زۆربەی خەڵکەکەی بوونەتە گوندپارێز.26 هەروەها کاتێک کۆبووونەوە کراوە بۆ قسەکردن و تاوتوێکردنی ڕاگەیاندنی خەباتی چەکداریی لە (15ی ئابی 1984) تەنیا قسە لەسەر ئەو قۆناغە کراوە، نەک قۆناغی دوای ڕاگەیاندن و دەرئەنجامەکانی، چونکە پێیان وابووو لەو دیرۆکەدا دەستپێشخەری سیاسیی و چەکداریی لە دەستیاندا بووە و توانای ئەوەیان هەبوو شەڕ و دەرئەنجامەکانی بە قازانجی خەباتی سیاسیی خۆیان و پرسی کورد بەکاربهێنن و دەرفەتەکان بقۆزنەوە.27 هەروەها پشتبەستنی یەکە چەکدارییەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتیی و پێچەوانەی بنەماکانی خەباتی چەکداریی و مانەوەی زۆر لە گوندەکان و جێگیر نەبوون لە دەوروبەریان، بەتایبەت لە کاتی شەودا لەسەر شێوەی یەکەی بچووکی چەکداریی پێکهاتوو لە (3-5 چەکدار).28 هەروەها جوڵان و جموجوڵی گرووپە بچووکە چەکدارییەکان بە شێوەی ئاشکرا و کەوتنە نێو نەخشەی سەربازیی تورکیاوە. جگە لەوەی هەڵنەسەنگاندنی باری جوگرافیای نێوچە کوردنشینەکان و ئەو شوێنانەی چالاکی چەکداریی تێدا ئەنجام دەدرا و جوڵە نەکردن بە گوێرەی ڕێساکانی خەباتی چەکداریی بەشێوەیەکی باشتر و هەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ خەڵکی گوندەکاندا، بە جۆرێک پێڕەویکردنی لە بنەمای (یان نانمان دەدەنێ، یان ڕووبەڕوووتان دەبینەوە).29 سەرەڕای ئەوەی زیان گەیاندن بە هێزی گەریلایی PKK بەهۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری گەریلا و سەرکردە و فەرماندە گەریلاییەکانیان لە جەنگەکاندا، لە ڕاگەیاندنی خەباتی چەکدارییەوە، سەرەڕای کوژرانی هەزاران هاووڵاتیی کورد و تورک و جەندرمە و سەربازانی سوپای تورکیا، کە کاریگەریی هەبوو لەسەر هێزی مرۆیی لە هەردوولا.30
پەراوێز و سەرچاوەکان
1. د.عماد الجواهری: النزام السياسي الترکی، ماخوذ من کتاب د.ابراهيم خليل احمد واخرون: ترکيا المعاصرة، مرکز الدراسات الترکية، ص (103-104)، د.ابراهيم د.خليل احمد ود.خليل علی مراد: ايران وترکيا، دراسة فی التاريخ الحديث والمعاصر، دار الکتب للطباعة والنشر، الموصل، 1992، ص (292-293).
2. د.صلاح سعدالله: المسالة الکردية فی ترکيا، ط1، مطبعة (شفيق)، بغداد، 1991، ص15، و د.عماد احمد الجواهری: البنية الاجتماعية فی ترکيا، ماخوذ من کتاب ترکيا المعاصرة، ص155.
3. د.احمد نوری النعيمی: زاهرة التعدد الحزبی فی ترکيا (1945-1980)، دار الحرية للطباعة، بغداد، ص202، و ڕ.يورک اوغلو: ترکيا حلقة ضعيفة فی السلسة الامبريالية، ترجمة (فاضل لقمان) دار ابن ڕشد للطباعة والنشر، بيروت، 1979، ص (32، 47).
4. کودەتا سەربازیەکان 50 ساڵ تورکیایان بەرەو دواوە برد، ئا: باران کایا، گۆڤاری (دۆسێی تورکیا)، ژ (2) مایسی 2005، ل (120-121).
5. د.ابراهيم خليل احمد: الاحزاب السياسية فی ترکيا، ماخوذ من کتاب د.ابراهيم خليل احمد واخرون: ترکيا المعاصرة، ص (178-179).
6. د.حنا عزو بهنان: قضية حزب العمال الکردستاني وانعکاساتها علی العلاقات العراقية – الترکية 1984-2007، مجلة (دراسات اقليمية)، عدد (5)، النسخة الالکترونية.
7. ماجد خەلیل: ڕێکخستنە سیاسییەکانی باکووری کوردستان، 1960-1980، ل (4-45).
8. نبیل الملحم: سەرۆک و گەل، حەوت ڕۆژ لەگەڵ ئاپۆ، تشرینی دوەمی 1999، ل49، حەسەن جودی: مێژوویەک لەئاگر، ل (76-77).
9. د.ابراهيم الداقوقی: اکراد ترکيا، ط2ا، دار ئاراس للطباعة والنشر، اربيل، ص183، ئۆجەلان: عەشقی کورد، و. (ئەستێرە عەبدولجەبار)، چ1، 2009، ل (185، 189).
10. حەسەن جودی: سەرچاوەی پێشوو.
11. ئۆجەلان، هەڵبژاردە، ل (66، 68).
12. جەنگی پارتیزانی یان گەریلایی بە شێوازێکی پێشکەوتووی شەڕ دادەنرێت، بە جۆرێک لەنێوان دوو هێزی ناهاوسەنگ ڕوودەدات، کە لایەنێکیان بەهێزێکی بچووک و توانایەکی زۆر کەمەوە، ڕووبەڕوووی هێزێک دەبێتەوە، کە لە ڕووی چەکداریی و تەکنەلۆژییەوە خاوەن توانایەکی زۆرە، بڕوانە ڕێبوار: بۆچی PKK جەنگی پارتیزانی هەڵبژارد؟ ڕ (وڵات)، ژ (92)، دووشەممە (18/9/1995).
13. درر الکلام، ص38.
14.PKK PROGRAMI VE TÜZÜĞÜ, PKK Olağanüstü 7. Kongresı. 17 October 2000, p16.
15. هەڤاڵ جومعە: مێژووی پارتی کرێکارانی کوردستان، ل475، و د.حامد محمود عیسی: القچیە، ص282.
16. کرستینا کۆیڤونەن: جەنگی شاراوە، ل206، و د.ابراهیم الداقوقی: اکراد ترکیا، ص198، و حەسەن جودی: مێژوویێک، ل352.
17. انطلاقة 15ی اب دشنت التاريخ المعاصر وصفق ضمانة النصر، جريدة (وڵات)، ع (27)، السنة الثانية، الاثنين (18/8/1994).
18. هەڤاڵ جومعە: مێژووی، ل (478-479).
19. هەنگاوی (15ی ئاب) لە بۆچوونە جیاوازەکاندا، ڕ (وڵات)، ژ (29)، دووشەممە (29/8/1994)، و 15ی تەباخ.
20. حەسەن جودی: مێژوویێک، ل (354-355).
21. د.ابراهيم الداقوقی: اکراد، ص199.
22. ميخائيل م.جونتر: الاکراد، ص (56-57)، وهةزالَ جومعة: ميَذووي، ل477.
23. سعد ناجی جواد: دراسات، ص35.
24. د.حامد محمد طه السويدانی: قضية حزب العمال الکردستانی واثرها علی العلاقات الترکية- الروسية (1984-1999)، مج (دراسات اقليمية)، ع (29)، مرکز الدراسات الاقليمية، جامعة الموصل، 2013، ص226.
25. CINK SARACOGLU: KURDS OF MODERN TURKEY, Migration,Neoliberalism and Exclusion in Turkish Socity, I.B.T AURIS Publishers, LONDON. NEW YORK, TURAIS ACACEMIC, p92.
26. هەڤاڵ جومعە: مێژووی، ل478.
27.ه.س، ل479.
28. درر الکلام، ص38.
29. ن.م، ص39.
30. بۆ زانینی وردەکاریی ژمارەی قوربانیانی جەنگی نێوان PKK و دەوڵەتی تورکیا بڕوانە خشتەی ژ (1)، لە پاشکۆی هێڵکاریی و خشتەکان.
تێبینی: درێژەی ئەم بابەتە و زۆر وردەکاری تر دەتوانن لەتێزی دکتۆراکەمان بخوێننەوە، کە ساڵی 2015 چاپکراوە.[1]