$بەکێشەکردنی کۆچی گەنجانی هەرێم$
نووسینی: د. عەلی زەڵمی
کۆچی گەنجان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا نەک هەر لە حاڵەت و دیاردە دەرچووە بگرە بۆتە کێشەیەکی گەورەی بەرچاو و چیدی ناکرێ چاوی لێ داخەی. ئەوەندی من ئاگاداربم دەزگا پەیوەندیدارەکانی کۆچ و کۆچبەری لە هەرێم بەتەنیا گرنگی بە کۆچی هاتوو دەدەن واتە ئەو ئاوارە و کەسانەی ڕوودەکەنە هەرێم، لەمەش خراپتر ئەو دەزگای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونانەی لەمبارەوە کار دەکەن ئەمانیش بەهەمان شێوە هەر گرنگی بە کۆچی هاتوو دەدەن. دیارە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی لەپشتە کە ئەویش بەهۆی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک یووئێن و دەزگا خێرخوازییەکان و هەروەها هەندێ زانکۆ و سەنتەری لێکۆڵینەوەی بیانی کە پارە سەرف دەکەن لەمڕوەوە بۆ لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەسەر ئاوارەکانی هەرێم لە ئۆردگا و کەمپەکاندا وەک ئاوارەکانی سووریا و ئێران و باشوور و ناوەڕاستی ئێڕاق. ئەوەی کە زۆر گرنگە و نیمانە؛ گرنگیدان بە کۆچی ڕۆیشتوو ئیتر ئەمە چ وەک حوکومەت و چ وەک بواری لێکۆڵینەوە، تا ئێستا هەرێم سیاسەتی لاموبالاتی و بەهەندوەرنەگرتنی گرتوەتە بەر وەک ئەوەی ئەمە کێشە نەبێ. بەڵام ئەوەی کە ڕوونە دیاردەی کۆچی گەنجانی هەرێم بۆ دەرەوە لە چەندین ڕووەوە کێشەی گەورەی درووست کردووە و دەبێ ئەم مەسەلەیە ئینگلیز واتەنی پرۆبلمەتایز بکرێ. من لێرەدا زۆر بەکورتی ئاماژە دەکەم بە چەند لایەنێکی ئەو کێشەیە:
1-کێشەیە لەرووی لەدەستدانی سەرمایەکی گەورەی وڵات، گەنجانی 18 بۆ 30 ساڵ کە زۆرینەی ئەوانەن سەفەر دەکەن و سەری خۆیان هەڵدەگرن بریتین لە دەستی کار و داینەمۆی ئابووری، چۆڵکردنی وڵات لەمانە واتە تۆ بەدەستی خۆت گۆڕ بۆ خۆت هەڵدەکەنی. کێشەیە لە ڕووی دیمۆگرافی و هاوسەنگی دانیشتوان ڕاگرتن، واتە کە گەنجانی نێر سەفەر بکەن و گەنجانی مێ بمێننەوە گرفتی هاوسەرگیری و قەیرەیی و لادانی سێکسی و چەندین کێشەی تر درووست دەبن.
2-کێشەیە لەرووی لە دەستدانی وزە و توانای زانستی و داهێنان، تۆ لانی کەم 16 ساڵ کەسێک پەروەردە دەکەی و فێری دەکەی بەخۆڕایی و بەبێ بەرانبەر دەیبەخشیتە وڵاتێکی دیکە و لەوێ بەهرە و تواناکانی سودی لێ وەردەگیرێ. ئەمەش دۆڕاوترین بازرگانییە بە سەرمایەی مرۆڤەوە بکرێ و حکومەتێک بە ڕۆڵەکانی خۆیەوە بیکات.
3-کێشەیە چونکە دیدی نوێ و نەوەی نوێ مەیدانی سیاسەت چۆڵ دەکەن و نەوەی کۆن و ئیکسپایەر هەر لەسەر حوکمڕانی دەمێنێتەوە و بەمەش گەورەترین گورزی کوشندە لە پڕۆسەی گۆڕان و چاکسازی دەدرێت، بەمەش ڕێگا خۆش دەبێ ئەوەندەی دیکە بۆ قۆرخکاری سیاسی و ئابووری و مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لەدەستی کەمینەیەکدا کە لە خێزان و بنەماڵەیەک تێپەڕناکات.
4-کێشەیە لە ڕووی ناهاوسەنگی هاوکێشەی کۆچ و کۆچبەری، چونکە تۆ بەبەردەوام گەنج و کوڕانی میللەتەکەت لێ دەڕوا و لە بەرانبەردا خێزان و تاکی وڵاتانی دراوسێ ڕووت تێدەکەن و بە زۆرییش ئەمانە بەشدارنین لە پڕۆسەی بوژانەوەی ئابووری چونکە یان ئاوارەن و بێکارن یان خێزاندارن لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پێویستیان بە چاودێریی و بەخێوکردن هەیە.
5-کێشەیە چونکە ئەو ڕێگایە زۆر پڕ ناڕەحەتی و گیروگرفتە و هەندێجاریش مەترسیە بۆسەر ژیانی کەسی کۆچبەر، لەمیانی 25 ساڵی ڕابردوو ئەوانەی لەو ڕێگایە تیاچوون و خنکاون ژمارەیەکی ئێجگار بەرچاو زۆرن. لەبەرئەوەی دەستمان ناگات بە ئاماری باوەڕ پێکراو و فەڕمی لەمڕوەوە بۆیە ڕێژەکە زۆرجار یان پەردەپۆش دەکرێ یان بەدواداچوونی بۆ ناکرێ ئەگینا زۆر مەترسیدارە.
دواجار، کێشەیە چونکە ئەو گەنجە بێشومارەی ڕوودەکەنە ئەوروپا بێ پلانە و بێ بەرنامەیە، لێرەش لە وڵاتانی ئەوروپا نە نوێنەری حکومەت هیچ بەرنامەیەکی هەیە بۆیان نە دایەسپۆرا و کوردانی تاراوگە کە بەباشی ڕێکنەخراوە لەم وڵاتانەدا. بۆیە زۆر بەئاسانی توشی لادان دەبن و دەخزێنە نێو کاری دەرمانفرۆشتن و کاری نایاساییەوە، بەتایبەتی کە ئێستە داواکاری پەنابەریی لە ئەوروپا زۆر زەحمەت بووە. بە لیکۆڵینەوە سەلمێندراوە کە ئەوانەی بێ جوابن (بە قەولی بازاڕی) ئاسانتر لەلایەن گروپە قاچاخچی و مافیاکانەوە لە خشتە دەبرێن. لەمڕوەوە بەداخەوە تۆماری تاوانەکان ورێژەی زیندانی لەناو کوردانی باشوور لە هەندەران زۆر خراپە و جێگای مەترسییە. [1]
Kurdipedia is niet verantwoordelijk voor de inhoud van deze opname en de eigenaar is daarvoor verantwoordelijk. Kurdipedia nam het op voor archiefdoeleinden.
Dit item werd in het (کوردیی ناوەڕاست) geschreven, klik op het pictogram

om het item te openen in de originele taal!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dit item is 789 keer bekeken
Schrijf uw commentaar over dit item!