ئوتێلەکانى #هەولێر#ى جاران
نووسینی: #شێرزاد شیخانی#
هەولێر وەک هەر شارەکى زیندى ئەو دونیایە، هەمیشە تیجارەت بەشەک بووە لە ژیانى دانیشتووانەکەى. بەحوکمى ئەوەى کۆمەڵگەى کۆنى سەردەمەکانى پێش شۆڕشى پێیشەسازى هەموویان کۆمەڵگەى زراعى بوونە، لۆیە بارزگانى لەنێوان شار و دێهاتەکان بەردەوام هەبووە. هەموو دەم بەروبوومى کشتوکاڵى لەگوندەوە گواستراوەتە شار. کاتى خۆى زۆربەى ئەو گواستنەوانە بە قافڵەى کەر و بارە هێستر کراون. زۆرجاریش قافڵە هەبووە لە گوند و شارە دوورەکانەوە بەناو هەولێردا تێپەڕینە لۆ شارەکانى تر، بەوەش هەولێر وەکى هەر شارەکى دونیا وێستگەیەک بووە لۆ ئیسراحەتى قافڵەکان و ئاژەڵەکانیان. لێرەوە هەولێر چەندین خانى تێدا بووە لۆ خزمەتى ئەو قافڵانە، کە عادەتەن وەکى ئوتێلى ئێستا بوونە.
بەپێى زانیاریەکان خانەکانى ئەو سەردەمە دوو قات بوونە، قاتى خوارەوە شوێنى تایبەتى داندرایە لۆ ڕاگرتنى ئاژەڵەکان، قاتى سەرەوەش لۆ نووستنى میوانان.
لەدواى ئەوەى ترومبێل بووە واستەى گواستنەوەى پیادە و ئەشیا، لە زۆربەى شارەکانى دونیا ژمارەى ئۆتێلى سەردەمیش زیادى کرد، لە هەولێریش لەدواى سارى 1924 کە یەکەم سەیارە پەیدا بوو، ئیدى وردەوردە لەعێراقیش سەفەریاتى شارەکان دەستى پێکرد.
بە قسەى کاکم سەید عیسا لەدواى سارى سییەکان کە سەیارە لە عێراق زۆر بوو، خەرکى بەغدا و ناوەڕاست بەتایبەتیش دەورەمەندەکان ڕوویان لە هاوینە هەوارەکانى کوردستان دەکرد و #شەقڵاوە# بووە هاوینەهەوارى زۆربەى ئەم خەرکانەى لە بەغداوە ڕوویان لە هەولێر دەکرد. بەوەش ئیدى خەرکى هەولێر بیریان لەکردنەوەى ئوتێلى سەردەمى کردەوە لۆ ئەوەى ئەو خەرکە غەریبە لەخۆیان بگرن.
بە مەزەندەى من ئوتێل کردنەوە لە هەولێر لەسارانى چلەکانەوە دەستى پێکردیە، چونکى ئەگەر لێى بکۆڵینەوە کۆنترین ئوتێلى هەولێر (فندق فەرەح) بووە کە دەکەوتە سەر چایخانەى مەچکۆى ئێستا، ئەگەر تەمەنى ئەو چایخانەیەش لەبەرچاو بگرین کە لەسارى 1940 ڕەحمەتى مام مەجید دایمەزراندیە، کەواتە دەتانین برێین ئوتێل فەرەح لەدواى کردنەوەى ئەو چایخانەیە درووستکرایە، چونکى ناکرێ تەمەنى ئوتێلەکە لە چایخانەکە کۆنتر بى.
ئوتێل فەڕەح هەتا سارانى حەفتایەکانیش هەر مابوو، مەنزەرى ئەو ئوتێلە ئەوەندە دڵگیر و جوان بوو بەتایبەتى لە هاویناندا کە لە دوورەوە دەتدیت قەرەوێڵەکانیان بەچەرچەفى سپییەوە دەدرەوشانەوە، چونکە ئوتێلەکە سیاجى نەبوو هەر لە دوورەوە حەوشەکەیت دەدیت بەسەر چایخانەکەوە. ئێستا شوێنەکەى بوویتە کافیتریاى نێرگەلەکێشانى نەگبەتى.
لەسارى شێستەکان ئوتێل (سندباد) دامەزرا کە دەکەوتە ڕێزە دوکانەکانى تەنیشت مزگەفتى حاجى لەقلەق. ئەوەندە مەشهوور بوو ببوە عینوانەکى ناسراو، دەیانگۆت جادەى فندق سندباد. لەبەرامبەر دوکانى ساڵح سیفۆنیش لەسەر دوکانەکەى خەلیل دیشچى لەوێش فندقەک هەبوو بەناوى (شەهرەزاد).
هەر لەو سارانەشدا بەبیرم دێ لە تەنیشت چایخانەى حاجى مستیلى دوو سێ دوکان هەبوون یەکیان قۆندرە فرۆشەک بوو بەناوى (ئەهرام) ، ئەوجا لە تەنیشت ئەو ڕێزە دوکانە کۆرانەکى تەسک هەبوو لۆ ناو قەیسەرى، لەو کۆرانەدا چایخانەکى لێبوو فندقەکى بەسەرەوە بوو ناوى (فندق لوبنان) بوو. پێم وایە تاریخى ئەو فندقە دەگەڕێتەوە لۆ سارانى پەنجاکان، چونکى ئەمن کە لەسارانى شێستەکان ئەو فندقەم دیت زۆر کۆن ببوو.
هەر لەو سەردەمەشدا بوو ئوتێلەک هەبوو لە محەتەى قیتارى ئەو سەردەمە پێیان دەگۆت (ڕێست هاوس) ئەویش تایبەت بوو بە میوانە ئەجنەبیەکان و پیاوە گەورەکانى دەوڵەت کە دەهاتنە هەولێر لەوێ دەمانەوە، بەپێی مەعلوماتم ئەو ئوتێلە زۆر پێشکەوتوو بوو بەتایبەتى خواردنەکانى ئەجنەبى بوون، فندقەکى سیاحى دەرەجە یەک بوو.
دوایى وردەوردە ئوتێل لە هەولێر زیادى کرد و لەجادەى مزەفەرییە ئوتێل (أربیل) کرایەوە کە هى ئاغاى دزەییەکان بوو، زۆرتر قومارى تێدا دەکرا. فندق (سەفین) لەبەرامبەر ئۆرۆزدى، فندق (سمیر أمیس) لەجادەى باتا، دوایى (فندق هەورەمان) لەبەرامبەر بەلەدییەى ئێستا کرایەوە. لە گەڕەگى شۆڕشیش (فندق دیار) کە مەسبەحیشى هەبوو، دواتر فندق (قصر الشمال) لە فولکەى ئیسکان، ئەوجا فندق (زەیتونە) لە ساحەى نافوورەى کۆن کە دەکاتە شیراتۆنى ئێستا. فندق (فەرید) لە فولکەى سێتاقان، ئیدى لەحەفتا و هەشتایەکان دەیان فندقى تازە کرانەوە وەکوو (مێرگەسۆر و #سلێمانی# و#قەڵادزێ# ) و دەیانیتر. ئێستا لە هەولێر لەبەینى فندقەک و فندقەک، فندقەکى دى هەیە!.
ئەوەى زۆر سەیر بوو جاران نەیاندەهێشت خەرکى هەولێر شەوان بچن لەفندقەکانى هەولێر بنوون، چونکى خاوەن ئوتێلەکان قبووڵیان نەدەکرد، بەتایبەتیش کاتەکى دەچوویە هەر فندقەکى دەبایە دەفتەر نفوس یان هەویەى ئەحوال مەدەنیت پێبى. ئێستاش نەمزانى سڕەکەى چى بوو کە نووستنى خەرکى هەولێر لە ئوتێلى خۆیان جێگاى گومان بوو. بەڵام ئەوەش لەسارانى دوایى نەما و خەرکى هەولێریش بەتایبەتى بووک و زاوا دەچوون چەند ڕۆژەکى شەهر عەسەلەکەیان لە فندقە تازەکانى هەولێر بەسەر دەبرد.
لەبەر زۆرى میوانانى عارەب و خەرکى جنووب زۆربەى ماڵەکانى مەسایفەکانمان بەتایبەتیش لە مەسیف و شەقڵاوە هەتا ئەو سارانەى دواییەش بەشەک لەخانییەکانیان بەکرێ دەدایە خێزانە عارەبەکان وەکى فندق تێیدا بمێننەوە.
هەر لەسەرەتاى سارانى حەفتاکانەوە حکومەتیش دەستیکرد بە درووستکردنى هەندەک فندق و کابینەى سیاحى لەمەسایفەکانى هەولێر، لەوانەش کابینەکانى مەسیف و سەرى ڕەش کە خانووى زۆر جوان و لەسەر تازەترین مواسەفاتى سیاحى درووستکران، ئێستا ئەوانیش وەکى هەر شتەکى جوانى ئەو شارەى هەولێر کەتنە بن گۆمێ.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!