بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
راگەیەنراوێک بۆ ڕای گشتی
ئەمڕۆ گەلەکەمان لە باشوری کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی جدیدایە، کە دور نیە ببێتە مایەی لەدەستدانی دەستکەوتەکانمان و بەفیڕۆدانی خوێن و فرمێسکی هەزاران تێکۆشەر و قوربانیانی خەڵکی کوردستان، هەموو ئەو مەترسیانەش لە ئەنجامی بڕیاری سیاسی نادروست و بەهەندنەگرتنی مەترسییەکان و گەڕانە بەدوای بەرژەوەندی کەسی و حیزبی دا، یەکێک لەو بڕیارە هەڵەو مەترسیدارانەش ڕەتکردنەوەی داواو دەستپێشخەری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەوڵە ناوخۆییەکان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بو لەم هەلومەرجەدا بەبێ زەمینەسازی.
بڕیاردان لەلایەن سەرکردایەتی چەند حیزبێکی کوردستان، کە هەر ڕۆژەی لەژێر ناوێکی داتاشراوەوە دەردەکەون، بەبێ گوێدانە یەکڕیزیی نیشتمانی و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، هەنگاوێکی مەترسیدارە لەسەر دواڕۆژی گەلەکەمان، ئەم هەنگاوەیان بوەتە مایەی پەراوێز خستنی ڕۆڵی دامەزراوە شەرعیەکانی کوردستان. کاراکردنەوەی پەرلەمان لەدوای دو ساڵ پەکخستنی بەو شێوازەی ئێستا و هەوڵەکانیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی گشتی و بەکارهێنانی پەرلەمان بۆ شەرعیەتدان بە بڕیارە کەسی و حیزبیەکانیان و پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسی و مافی هاوڵاتیان، گورزێکی کوشندەی دیکەیە لە خەون و ئامانجەکانی گەلەکەمان. بۆیە ئێمە هەموو ئەو هەوڵ و هەنگاوانە بە تەواوی ڕەتدەکەینەوە.
ئێمە لە #کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان# و #بزوتنەوەی گۆڕان#، کە سێ یەکی پەرلەمانی کوردستانی عێراق پێکدەهێنین و، نوێنەرایەتی ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان دەکەین، ڕایدەگەیەنین کە سەرکردایەتی ئەو حیزبانە بەرپرسیارن لە هەر مەترسی و هەڕەشەیەک کە لە ئەنجامی بڕیاری هەڵەی ئەوانەوە ڕوبەڕوی خەڵکی کوردستان دەبێتەوە. لەسەر حکومەتی فیدراڵی عێراقیش پێویستە هیچ هەنگاوێک نەنێت کە ببێتە مایەی تێکدانی ئارامی و خوێنڕژانی هاوڵاتیان، بەڵکو گفتوگۆو دانوستان تاکە ڕێگای چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵیە.
بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان
12-10-2017
Este artículo ha sido escrito en (کوردیی ناوەڕاست) Lenguaje, haga clic en el icono de
para abrir el artículo en el idioma original!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Este artículo ha sido visitado veces 5,461
Escriba su comentario sobre este artículo!