لەم چەند مانگەی کۆتاییدا هەر کە ئیمێڵەکەم دەکەمەوە، چەند بەیاننامە یان ڕاگەیەندراوێکی تێدایە. هەڵبەت من هیچیان ناسڕمەوە و لای خۆم دەیانپارێزم.. کەمینەیەکی زۆر کەمیشیان دەخوێنمەوە.
کە ڕۆژانە بۆ چەند جارێکیش سەیری ماڵپەڕ و سەرچاوە هەڵبژاردەکانی خۆشم دەکەم، بۆ زانینی ئەوەی ئایا ئەمڕۆ چ هەیە و چ باسە! ئەوانیش پەیتا پەیتا بەیانێکی ئەم حیزب و ڕاگەیەندراوێکی ئەو لایەن بڵاودەکەنەوە.. هەندێکیان بەشێوەیەکی واهی مانشێتئامێزی دەکەن کە وا هەستدەکەیت لە چەند چرکەساتێکی داهاتوودا هەرچی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئێمەیە چارەسەردەبن و دەوڵەتەکەشمان دادەمەزرێت!
ئامارێکی سەرپێیی ئیمێڵەکەی خۆمم کرد و لە سەرەتای ئەمسالەوە (2016) زۆرتر لە چوارسەد بەیان و ڕاگەیەندراوی حیزب و لایەنەکانی کوردستان – بەتایبەتی باشوورم پێگەییشتووە!
لەوە گەڕێ ئایا ئەم بەیان و ڕاگەیەندراوانە بارودۆخەکەی تا چەندێک هێورکردووەتەوە یان زۆرتر ئاگری پێوەناوە، یان هەندێکیان چەند بە زمانێکی زبر، نارێک لەباری زمان ڕێنووسەوە نووسراون! بەڵام دەمەوێت کەمێک لەسەر لایەنە ئابووری و تێچوونەکانی هەڵوەستەیەک بکەم!
دیارە ئەو زۆرتر لە 400 بەیاننامەیە هەموو ئەوانە نین کە لە باشووری کوردستان ئافرێندراون! بەڵکو لەوانەیە سەدانی تریش هەبن و بە من نەگەییشتوون یان من خۆشبەختانە نەمبینیوون.
400 بەیاننامە زۆرتر لە 1000 کاژێری ویستووە بۆ نووسینی، لە نووسینی بەیاننامە هەمیشە دوو کەس و زۆرتری ویستووە، هەندێکیان زۆرێک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی لایەنێکیشی بۆ چەندین کاژێر بەخۆوە خەریک کردووە! واتە تەنها ئەو 400 بەیاننامەیە زۆرتر لە هەزار کەس پێوەی خەریک بووە!
باسی ئەوە ناکەم کە ئەو زۆرتر لە هەزار کەسە لەو زۆرتر لە هەزار کاژێرە لەوانە بوو کارێکی زۆر بەرهەمهێنتریان بۆ وڵات بکردایە! بەڵام زۆر گرنگە باسی تێچوونەکانی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکان بکرێت کە ئایا چەندیان تێدەچێت و دەکرا بەو بڕە پارەیە چی بکرایە!
بەیاننامە، دەبێت لەلایەن چەند کەسێکەوە بنووسرێت، لەوانەیە چەند کەسێکی تریش پیاچوونەوەی تێدابکات، هەندێکیان بۆ زمانەکانی تریش وەردەگێڕدرێن. دەبێت تایپ بکرێت، لە ڕۆژنامە، گۆڤار، ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، ماڵپەڕ و پەیجە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بڵاوبکرێتەوە! هەموو ئەمانە تێچوونی گەورەیان دەوێت. هەندێکیان کۆڕ و مێزگردی تەلەڤزیۆنیی لەسەر دەگیرێت. هەندێکیشیان وەک چۆن قسە قسە دێنێت! ئەوا بەیاننامەش بەیاننامە دێنێت! واتە دیسان تێچوونی تر!
بەکورتی خەڵکانێکی زۆر و ماشێنێکی گەورەی لە کەسان و تەکنەلۆجیا بەخۆوە خەریککردووە و دیارە هەمووشی سەرمایەی دەوێت و خەرجیی دەوێت.
دروست نازانم و ناتوانم تەخمینی ئەوە بکەم کە تێچوونی بەیاننامەیەک چەندە، بەڵام دڵنیام بە (تێکڕایی) زۆرتر لە هەزار دۆلاری تێدەچێت..
بەو پێودانگە سەرپێییەی من بێت، ئەوا لەم ساڵدا و لە باشووری کوردستان بەلایەنی زۆر زۆر کەمەوە نیو ملیۆن دۆلار بۆ بەیان و ڕاگەیاننامە و دژە ڕاگەیاننامە خەرجکراوە! ئەگەرچی دڵنیام ژمارەی بەیاننامەکان و خەرجییەکانی زۆر لەوە زۆرترە.
ئەمە بەدڵنیاییەوە بەهەدەردانێکی تری سەرمایەی وڵاتە بۆ کارێک کە من پێموایە هیچ جێیەکی ئەوتۆ ناگرێت و لە دژی پرنسیپەکانی (باشترین بەهایە بۆ دراو) کە زۆرێک لە وڵاتان و ڕێکخراوە سەردەمییەکان پەیڕەویی دەکەن! ئەویش هەرکاتێک سەرمایەیەک خەرجکرا پێویستە شوێنەکەی دیار بێت، ئایا شوێنی خەرجکردنی ئەو سەرمایەیە بۆ ئەو بەیاننامانە لەکوێدایە؟
#هاوڕێ باخەوان#