خەڵکی کەڵەکچییە، لە 22-05-2014 بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە لەلایەن مێردەکەیەوە لە تەمەنی 15 ساڵیدا کوژرا، نێوبراو پێش کوژرانی هەردوو مەمکی بڕدرابووەوە و سووکایەتی بە تەرمەکەی کرابوو.
لەدایکبوی ساڵی 1999 ڕۆژی 24-05-2014 تەرمەکەی لە نزیک چیای مەقلوبە -باشوری ناحیەی کەلەکچی- لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دۆزرایەوە، پۆلیسی دهۆک دەڵێت (لەلایەن مێردە تەمەن 45 ساڵەکەیەوە کوژراوەو، دنیا ژنی دوەمیەتی).
دنیا لەموسڵ لەدایک بوە، سێ براو سێ خوشکی هەیە، خێزانێکی هەژارن هەر به و هۆیەشەوە تا پۆلی چوارەمی سەرەتایی خوێندویەتی، ئەمەش بەپێی لێدوانی تایبەتی سیهام حسێن (46 ساڵ)، دایکی دنیا
باوکی دنیا (59 ساڵ) خەڵکی کوردستانی باکوره و لەعەشیرەتی (گویی)یە، کاری دارتاشی دەکات.
ساڵی 2012 ئەوکاتەی کە دنیا تەمەنی تەنها 11 ساڵ دەبێت دەدرێت بەژن بۆ براکەی خۆی، بەڵام بەر لەوەی بگوازرێتەوه و هەر لەماوەی دەستگیرانداریدا کێشە لەنێوان ئه و دوو خێزانەدا دروستدەبێت لەسەر بڕی شیربایی و مارەیی و ئه و ئاڵتونەی کە دەبێت بۆ دنیا بکرێت.
دواتر لەڕێگەی دادگاوە ئەو کێشەیە یەکلایی دەکرێتەوه و دنیا نادرێت به و ماڵە، بەڵام براکەی کچی ئه و ماڵە دێنێ و هاوسەرگیریەکەی کێشەی بۆ دروستنابێت.
ساڵێک دواتر لە هاوینی 2013 دا دنیا کەسێکی دیکە دێتە داوای بەناوی سلێمان تەمەن 45 ساڵان، وەک سیهام باسی لێوە دەکات ئەوان ڕازی نەبون دنیای بدەنێ، بەڵام لەسەر پێداگری کچەکەیان بۆ ئه و هاوسەرگیریە ڕازی دەبن.
ئەم کچە لەبری پارە دراوە بەکاکی زاوا، سیهامی دایکی دەڵێت (لەبری پێدانی 35 وەرەقە کچەکەمان داوەتە ئه و کابرایە، سلێمان زێڕیشی بۆ دنیا کرد وەکو ڕستکێک و (ملوانکە) چوار بازنگ و کوستیلکێک و جوتێک گوارەی زێڕی بۆ دروستکردوە(.
ماوەی هاوسەرگیرییەکەی دنیا هەروا بێ کێشە تێناپەڕێت، دایکی باس ئەوە دەگێڕێتەوە چەندینجار کچەکەی هاتۆتەوە بۆ ماڵەوه و دەستی داخ کراوه و ئاسەواری لێدانی پێوە بووه و دایکی دەڵێت "تەنانەت منداڵەکانی ژنی یەکەمی پیاوەکە لێیانداوە.
رۆژی پێنجشەممە 22/5 سیهام لەماڵەوە لەمەعەسکەر دۆمیز لە دهۆک بووە ئەوکاتەی دنیا تەلەفۆنی بۆ دەکات و پێیدەڵێت مێردەکەی زۆری لێداوە، هەربۆیە ئەمیش خۆی حازر دەکات بچێت بۆ ماڵی کچەکەی لە کەڵەکچی، بەڵام سلێمانی مێردی کچەکەی تەلەفۆنیان بۆ دەکات کە خۆی دنیا دەهێنێتەوه و پێویست ناکات ئەوان بڕۆن.
شه و دادێ و سلێمان دنیای نەبردۆتەوە، هەربۆیە سیهام و مێردەکەی دەچنە ماڵی باوکی سلێمان. دنیا لەگەڵ هەوێکەیداو منداڵەکانی مێردەکەی هەر لەیەک ماڵدا ژیاون کەماڵی باوکی سلێمانە، بەڵام دنیا لەوێ نابێت.
دواتر سلێمان تەلەفۆن بۆ سیهام دەکات و پێیدەڵێت کە ئەوە کچەکەیەتی و ساغ و سەلامەتە، ئەمەش قسەکانی دنیا بووە لەگەڵ دایکی " دایکە چۆنی، کوا باوکم، بەباوکم بڵی ئەمە ئاخر جارە گوێی لەدەنگم بێت و ئێوە من نابیننەوە".
سیهام دەڵێت: ئیتر تەلەفۆنەکە دادەخرێت، داخرانی تەلەفۆنەکە گومان لەلای سیهام دروستدەکات، دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە هەتا بزانێت دنیا نەهاتووە، بەڵام لەوێ نابێت ئیتر دەگەڕێنەوە شێخان و سکاڵا تۆمار دەکەن، دەڵێت: وتمان دنیا تائێستا دیار نیه و تەلەفۆنەکانیان داخراوە.
دەشڵێت: تا کاتژمێر دووی شه و ئێمە نەنوستوین، بەڵام لەکاتژمێر پێنجی بەیانی ئێمە ئاگادارکراینەوە لەلایەن پۆلیسەوە کە تەرمی کچەکەمان لەلای پزیشکی دادە لە دهۆک منیش وەکو شێتم لێهات.
دنیا کوژراو کەسیش دەستگیر نەکرا، بەپێی بوعدە یاساییەکان هەموو ئەوانەی پەیوەندیدران بەدۆسیەی چیرۆکی دونیاوە دەستگیر بکرانایە، بەڵام تائێستاشی لەسەر بێت بکوژی سەرەکیش دەستگیر نەکراوە چ جای ئەوانەی تر.
دایکی ئەوە ناشارێتەوە کە کچەکەی چەند جارێک باسی وەزعی خۆی بۆ کچە خاڵەکانی کردووه و پێیوتوون کەمێردەکەی توندوتیژە لەگەڵی و بەزۆرو بەڕێگای ناشەرعی سێکسی لەگەڵدەکات.
دواجار هاوسەرگیری دنیا بەمەرگی خۆی کۆتای دێت و بەناشرینترین شێوە دەکوژرێت، پرسیارەکە ئەوەیە ئەمە جاری یەکەم نیە ڕووداوی توندوتیژ و نامۆی وا لەو ناوچەیەدا ڕوودەدات، دوعاش لەناوچەی بەعشیقەی نزیکی شێخان بەخراپرترین شێوە کوژرا.
لەدوا وێنەشدا دنیا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوبۆتەوە کە ئاسەواری بڕین لەسەر سنگیەوە هەیه و دەموچاویشی ئاوساوه و چاوێکیشی شین بۆتەوە.
دایکی دنیا دەڵێت: ئێمە گوناهێکی زۆر مەزنمان کردووە دەرهەق بەکچەکەمان کردو نەمانتوانیوە تەنانەت سەیری تەرمەکەشی بکەین.
- 27-05-2014