ئەرکی سەرەکی بەرپرسیارێتییە
ناشوکوری نەبێ، میللەت هەمووی بووە بە نووسەر و شاعیر و واعیز و ڕەخنەگر ، ئەوەندە لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە ئامۆژگاری یەکترمان کردووە، خودپەروەریمان بیرچووەتەوە و بڕستمان لێ بڕاوە.
ئیتر ئەوەی زمان بزانێ یان نەزانێ..
بیری ڕۆشن بێ یان تاریک..
حەق بێ یان ناحەق..
دڵسۆز بێ یان موزایەدەچی..
نووسینی خۆی بێ یان کۆپی و گزی لە خەڵکی تر و بەبێ ناوهێنانی نووسەر و سەرچاوەکەی..
بەڕاستی جێمان بە مەولانا و شەمس و ئۆشۆ و سارتەر و کانت و هەنتگتۆن و..ئەو هەموو هزرمەندەی دنیا تەنگ کردووە، بێ ئەوەی بتوانین بە کردار لە خۆماندا، ڕستەیەکیشی جێبەجێ بکەین.
هەر ئەمەش وایکردووە گرنگترین و سەرەکی ترین کێشەکانی گوزەران و سیستەم و حوکمڕانی و قۆرخکاری و زەوتکاری و ئاساییشی (خۆراک و نەتەوە و نیشتمان) مان زۆر بە ئاسایی بیر بچێتەوە و توانای ڕووبەڕوو بوونەوە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیمان نەبێت!
ئەوەی دەیکەین و دەیڵێن و دەینووسین، بابەتی لاوەکین و تەنیا خۆ بەتاڵ کردنەوەیە، ئەگینا هیچ لە بارگرانی دۆخەکە ناگۆڕێ و ناتوانین چاکسازی لەو هەموو کەلێن و ماڵ وێرانییەدا بکەین کە بەرۆکی تاک بە تاکمانی گرتووە..
خوایە ئەم دۆخە وا پێچ پێ بکەیتەوە، لە نووسین و شین و شەپۆڕمان بخەیت.
[1]
شیلان محەمەدشیلان محەمەد