چەند سەرنجێک لە پەرتووکی (#ئاراسنامە#)
پەرتووکی (ئاراسنامە-ب1)شیکردنەوەی 1500 ئیدیۆمی کوردییە... لە نووسین و ئامادەکردنی کاک (#ئاراس ئیلنجاغی#)یە.. ئەم پەرتووکە لە چاپخانەی چوارچرا لە #سلێمانی# چاپکراوە، ئەمەی خوارەوە چەند وردە سەرنجێکە لە پەرتووکی ناوبراو، بە هیوای سوودی هەمووانی تێدا بێت.
1-لا 138 خاڵی 344 (تڕتەقیلە: بۆ پیاوێکی کورتەباڵای خۆبەزلزان دەوترێت، تەقیلە واتە قاپی بچوک، واتە تڕی وەک تەقیلەی بچوکە کەچی پێناکرێت...).
ڕاستییەکەی: ئەوەی من بیزانم (تڕتەقیلە)بە پارچە قوماشی زۆر تەنک دەوترێت.
2-ل285 خ777 (کە زۆر هات، قەواڵە بەتاڵە: قەواڵە، شاخێکە هەڵدێر و ڕەق و سەختە لە ناوچەی (تاوە گۆزی)....
ڕاستییەکەی: لەوەیە شاخێک هەبێت بەم ناوە، بەڵام مەبەست لەم ئیدۆمە جودایە، چونکە (قەواڵە)بەواتای قۆچان، قەباڵە، پەیماننامە، تاپۆ، بەڵگەنامە، سەنەد، گرێبەست، عەقد-ع.)دێت کە نووسراوێکی مۆرکراوە لە کڕین و فرۆشتندا دەدرێت بە یەکتری...
لە هەندێک کاتدا یاسا و ڕێسا نامینێت، بۆیە کاتێک بەزۆر کارێکیان پێ کردی چار نامینێت دەبێت ملی بدەیت و بیکەیت. بۆیە وتراوە (کە زۆر هات، قەواڵە بەتاڵە).
3- ل382خ 1048 (#کەسکوونە#: لە شێوەزاری هەولێریان و کۆییان دەوترێت: (کو)لە جیاتی (چۆن)ئەگەر بڵێن (چۆنی؟)دەڵێن (کوی)، کەسیش هەر (کەس)ە. بۆ نموونە دەوترێت کەسایەتی ئەو مرۆڤە چۆن؟...
ڕاستییەکەی ( کەسکون: بە خواردەمەنی تووندوتیژ دەوترێت وەک سرکە و بیبسی جاران.)
4-ئەم ئیدیۆمانەش دووبارە بوونەتەوە: خ (1030 و 1075)+ (1000 و 1089)+ (523و 539)+ (1450 و 1492).
5-ل433خ 1182 (گەزگەز باڵا دەکات:...یەک گەز نزیکەی 90 سانتیمەترە. )
ڕاستییەکەی: (لە کوردستان پێش ئەوەی مەتر بکرێتە سیستەمێکی فەرمی درێژی بە گەز دەپێورا. گەزێک، درێژی لە نوکی پەنجەی دەستەوە تا شان بوو واتە نزیکی 72سم بوو.).دەڵێن ئەو تیرەی ڕۆستەم بۆ ئەسفەندیاری ڕاوەشاند بوو، کە بەر چاوی کەوتبوو لە لقی دار گەز درووستکرابوو.
ئەوەی کاک (ئاراس)دەیڵێت: کە گەزێک90سم بێت، لەوەیە مەبەستی یارد بێت، چونکە یارد کە پێوانەیەکی بەریتانییە و 92 سانتیمەترە.
6- ل548 خ 1484: (هێلکە پینە کەرە:... بۆکەسێکی ڕەزیل دەوترێت). کاک ئاراس دەڵێت: پینە لە هێلکە نادرێت...
ڕاستییەکەی: پینە لە هێلکە دەدرێت. بە منداڵی ئەمەم بیستبوو، بۆ ڕاستی ئەم کارە، ئەوێ ڕۆژێ لە پیرێژنێک پرسیاری ئەم پینەیەم کرد، ئایە ڕاستە جاران هەبووە؟. لە وەڵامدا وتی: ڕۆڵە ئەو ڕۆژە هێلکەیەکم درزی بردبوو، بۆ ئەوەی خەراپ نەبێت هێندێک هەویراوم لێدا و پینەم کرد...
عەدنان ئیبراهیم زەردکی
م-07510445864
#15-08-2024#
[1]