گەلی خۆراگری کوردستان!
پێشمەرگە قارەمانەکان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان!
پاش نیوەرۆی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 13-03-2017 بەسەرپەرەشتی هەڤاڵ کۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرێوەچوو.
لە کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دواڕەشنوسی نەخشە ڕێگای یەکێتی بۆ ساڵی 2017 کرا، بەوردی و بەگیانی بەرپرسیارانەوە ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی تەواوی مادە و خاڵەکانی نەخشە ڕێگاکەیان تاوتوێ کرد، پاش وەرگرتنی بۆچوون و پێشنیاز و تێبینی هەڤاڵان، بەکۆی دەنگی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، نەخشە ڕێگاکە پەسەند کرا.
جەماوەری خۆراگر!
بەلەبەرچاوگرتنی هەستیاریی قۆناغی ئەمرۆی کوردستان و پێویستی بەگەیشتن بەچارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان و بۆ هەنگاونان بەره و کاراکردنەوەی پرۆسەی سیاسی و دەزگا شەرعیەکان و دەستەبەرکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و کاری هەمەلایەنە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و یەکخستنی وزه و توانای هەموو لایەنەکان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، نەخشەی ڕێگاکەی پەسەندکرد بۆ:
- پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان کوردستان، پەیوەندی یەکێتی- پارتی، یەکێتی-گۆڕان و تەواوی لایەنە سیاسیەکانی تری کوردستان.
- چارەسەرکردنی کۆی کێشەکانی نێوان هەرێم – بەغدا.
- چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراسیانەی بەشەکانی تری کوردستان.
- ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم.
- قۆناغی دوای داعش و ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرەکان.
- چارەسەرکردنی کێشەی سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم.
- چارەسەرکردن و ڕێکخستنەوەی ئابوری هەرێم
- پێداچوونەوه و بەشەفافکردنی مەسەلەی نەوت و گاز
- چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و باشترکردنی بژێوی هاوڵاتیانی کوردستان
- پاکسازی و چاکسازی لەدامودەزگاکانی حکومەت لەگەندەلی، مشەخۆری، بیرۆکراسی.
- ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، کە مافێکی ڕەوا و یاسایی و دیموکراسیانەی گەلی کوردستانه و گەل خۆی بڕیار لەچارەنوسی خۆی ئەدات و یەکێتی خەباتی بێووچانی لەمێژینەی درێژەپێ دەدات بۆ بەدیهێنانی.
- جێ بەجێ کردنی مادەی 140، کە مادەیەکی هەمیشەیی دەستوری عیراقی فیدرالە.
هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتی!
لەتەوەرێکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا، بەگرنگیەوە باش لە ئەنجامدانی گۆڕانگاری لە ئۆرگانەکانی حزب و دامودەزگاکانی حکومەتی کرا و جەخت لەوەکرایەوە، بەپێی پسپۆری و شارەزایی، پۆستە بەتاڵەکانی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم و ناوەند پڕبکرێتەوه و گۆڕانکاریەکانیش ئەنجام دەدرێن.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی،
دوای پشووەکانی ڕاپەرین و نەورۆز، ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەکانی درێژەپێدەدات، بۆ تاوتوێ کردن و بڕیاروەرگرتن لەسەر پرسە گرنگەگان.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
13-03-2017