دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان:
پاش بڵاوبوونەوەی چەند زانیارییەکی نادروست و چەواشەکاری لە لایەن هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە وەک هەواڵ بڵاویانکردووەتەوە، گوایە #هەولێر# دەستی بەسەر ئەو بەشە سووتەمەنیەدا گرتووە، کە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بۆ پارێزگای #سلێمانی# تەرخان کراوە و بە قاچاخ ڕەوانەی تورکیا و ئەوروپای دەکات.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە توندی ئەم هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە، کە دوورە لە ڕاستییەوە و کارێکی چەواشەکارانەیە و مەبەست لێی تێکدانی ڕەوشی ناوخۆی کوردستان و بە لاڕێدابردنی ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان و عێراقە.
جێی داخ و نیگەرانییە، کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان کە هەندێکیان ئۆرگانی فەرمی پارتە سیاسییەکانی بەشداری حکومەتیشن، دەبووایە لەم کاتەدا کە کوردستان بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، بەرپرسانە ڕەفتار بکەن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و تێکدەرانە بپارێزن، بە تایبەت کە ئەو لایەنە بەشدارانە زانیاری تەواویان لە سەر بابەتی سووتەمەنی هەیە.
بۆیە بە مەبەستی دەرخستنی ڕاستییەکان، وەزارەتمان بە پێویستی زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە لە سەر بابەتی سووتەمەنی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکاتەوە:
دابینکردنی سووتەمەنی لە لایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵ، بریتییە لە دوو پێکهاتەی نەوتی، کە ئەوانیش نەوتی سپی و بەنزینە. هەر چەندە لە مامەڵەکردن لەگەل ئەم بابەتە، دەبووایە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، وەکو هاووڵاتیانی بەشەکانی دیکەی عێراق هەژمار بکرێن، بەڵام بە داخەوە ئەمە نەکراوە.
1- بەنزین:
بە پێی ڕێککەوتنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئابی 2021، وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدرال ڕۆژانە بڕی 1080 مەتر سێجا بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات، بە نرخی بازرگانی 750 دینار بۆ هەر لێترێک.
ئەمە لە کاتێکدا کە نرخی هەر لیترێک بەنزین بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە 450 دینار دیاریکراوە. هەروەها کرێی عەمبارکردن و گواستنەوەی بەنزینەکە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە دەدرێت، کە لە ئەنجامدا نرخی هەر لیترێک بەنزین لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 690 دینار ڕادەوەستێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بە هەمان نرخ بە هاوولاتیانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی دەفرۆشێتەوە.
لە دابەشکردنی بڕی بەنزین، کە حکومەتی عێراقی فیدرال تەرخانی کردووە، وەزیری سامانە سروشتییەکان، ڕاستەوخو و لە ڕێگەی لیژنەیەکی پسپۆر و تایبەت، کە پێکهاتووە لە بەڕێوەبەری گشتی و چەند شارەزایەک، چاودێری ئەم بابەتە دەکات.
جێی ئاماژەیە، ئەم لێژنەیە چاودێری دابەشکردنی بڕی بەنزین بۆ هەر پارێزگایەک دەکەن، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەر پارێزگایەک و بە هەماهەنگی لە گەڵ پارێزگاکانی خویان ئەنجام دەدرێت و هەموو بەڵگەکانی پەیوەست بە بڕی وەر گیراو و دابەشکراوه لە لایان پارێزراوە.
وەزارەتی نەوتی عێراقی، دەبوو بڕی 246 ملیون لیتر بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام هەتا ئێستا تەنيا 120 ملیون لیتر ڕادەستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کراوە، لە نێوانیشیاندا پارێزگاکانی سلێمانی و #هەڵەبجە#، کە بڕی 50، 404، 376 لیتریان وەرگرتووە، هەروەها بڕی 67، 570، 154 لیتر بە سەر پارێزگاکانی هەولێر و #دهۆک# دابەشکراوە.
هۆکاری نەگەیشتنی نیوەی دیکەی بڕی دیاریکراو، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی عێراق هەرکات تووشی کورتهێنان ببێت، لە پێداویستی ناوخۆیی خۆی، بەشی هەرێمی کوردستان نانێرێت.
بۆیە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان سووتەمەنی بەشی پێداویستی خوی بەشی نەکات، ئیتر چۆن سووتەمەنی هەناردەی دەرەوە دەکات؟!
2- نەوتی سپی:
بە هەمان شێوە و بە پێی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدرال لە ڕێکەوتی 20\11\2021 دەبووایە، بڕی 50 ملیون لیتر نەوتی سپی وەک وەجبەی یەکەم ڕادەستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ئەمە نەکراوە.
بڕی گشتی نەوتی سپی کە لە ڕێکەوتی 20\11ەوە هەتا ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان نێردرابێت، تەنيا 12 ملیون لیتر بووە و لە سەرەتای مانگی شوباتی 2022ەوە و لە کاتێکدا کە کەشوهەوای کوردستان زور ساردە، هیچ بڕێک لە لایەن حکومەتی عێراقی فیدرالەوە دابین نەکراوە.
هەروەها نرخی دیاریکراو بۆ هەر لیترێک لە نەوتی سپی، بە نرخی بازرگانی 400 دینار لە پاڵاوتگەی بێجی هەژمارکراوە. لە سەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش بە نرخی 90.000 دینار (بۆ یەک بەرمیلی 200 لیتری) دەکەوێت، لە کاتێکدا هەمان نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عیراق بە 150 دینار بۆ هەر لیترێک لە لایەن حکومەتی عێراقەوە پێیان دەدرێت. هەرچەندە ئێستا بڕە پارەی نەوتی سپی ڕادەستی حکومەتی عێراق کراوە، بەڵام بڕی زۆری نەوتی سپی وەرنەگیراوە.
جێگای ئاماژەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای قەیرانی ئابووری، بەڵام لە بودجەی خوی بڕی بەرمیلێکی (200 لیتر) بە نرخی 55.000 دینار بۆ ناوچەکانی شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دابین کردووە.
ئێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتییانی هەرێم و عێراق. پێشوازیش لە هەر پێشنیازێک دەکەین، کە ببێتە هۆی باشتربوونی گوزەرانی هاووڵاتییانی عێراق بە بێ جیاوازی.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان
16ی نیسانی 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!