=KTML_Bold=دەقی نامەکە=KTML_End=
برای بەڕێز
کاک سامی هادی
ئەم کاتەتان باش. دەربارەی قسەکردن لەسەر (کورسی) من گەیشتمە ئەو قەناعەتەی، کە هەر (مێزگرد) باشە. بۆ ئەمەیش من ئەم پێشنیارانە دەخەمە پێش چاوتان:
=KTML_Bold=یەک:=KTML_End= لە ماوەی سێ-چوار ڕۆژی تر مێزگردەکە ساز بکرێت هەر لای خۆتانەوە. خۆت سەرپەرەشتیی بەڕێوەبردن و ئامادەکردنی پرسیارەکان بگریتە ئەستۆ. وەختی کۆبوونەوەکە بکەوێتە سەعات دەی سەرلەبەیانی و چەند سەعاتێ بخایەنێ.
=KTML_Bold=دوو:=KTML_End= پێم باشە ئەم بەڕێزانە ئامادەی مێزگردەکە ببن (ئەگەر خۆشتان کەسانی تر پێشنیار دەکەن، ئەوەش هەر دەبێ): 1/شێرزاد حەسەن، 2/عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی، 3/شاهۆ سەعید، 4/نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، 5/دانا ئەحمەد. من لەوە دڵنیام کە سێ-چوارێکیان بە چاکی (کورسی)یان خوێندووەتەوە و نووسینیشیان هەبووە لەسەری.
=KTML_Bold=سێ:=KTML_End= لەم هەفتەیەوە تکایە ئاگاداری (بۆ فایلەکە) بڵاو مەکەنەوە.
=KTML_Bold=چوار:=KTML_End= خۆت ئەتوانی چەند تەوەرێ بۆ قسەکردن دەستنیشان بکەیت بەو ڕایانەیشەوە کە (کورسی)یان پەسەند نەکردووە، واتا بیانکەیتە پرسیار. بە ڕای من پرسیاری وەک ئایا ئەم دەقە چییە و تازەییەکەی لە چیدایە؟! ڕۆڵی سروشت لەم دەقەدا؟ سەرد و شیعر؟! مەسەلەی ئەو تەحولانەی بەسەر کورسیدا دێ؟! یادەوەریی کورسی و شار؟! هتد…
=KTML_Bold=پێنج:=KTML_End= هەوڵ بدرێ قسەکان دووبارە نەبنەوە. یان هەر یەکێک لە ڕوانگەیەکەوە لە دەقەکە بدوێ.
=KTML_Bold=شەش:=KTML_End= دوای (تەفریغ)کردن و نووسینەوە، بە دوو جار یان سێ جار لە (ڕەخنەی چاودێر)دا بڵاو بکرێتەوە.
حەوت: خۆتان دوو ڕۆژ دەستنیشان بکەن بۆ مێزگردەکە، با لەو دوو ڕۆژەدا خۆیان سەرلەبەیانیی ڕۆژێک دەستنیشان بکەن و بە تەلەفۆن پەیوەندییان پێوە بکرێ. ئەگەر خۆیشیان حەز ئەکەن کەسانی دی بەشداری بکەن ئاساییە. هەر بژی.[1]
برات
#شێرکۆ بێکەس#
#08-06-2006#