دوایین نامە
دوایین نامەم
پەڵە هەورێکی دڵتەنگە
بە ئاخی دڵ ئاخنراوە!
وشەکانی
دڵۆپ دڵۆپ
بە خوێن، بە ئەسرین، نووسراوە!
کاتێ نامە هەورینەکەم دەکەیتەوە
ئاگات لێ بێ
سینگ و بەرۆکت تەڕ نەبێ
هەندێ وشەم
تینوون، تامەزرون، بەدفەڕن!
چمکی داوێنەکەت هەڵکە
نەکا وشەی خوێن سووری کا
ئاخر پۆلیس، ماوەیەکە
بۆ قاتڵی من دەگەڕێن!
سەرچاوە: #زڕەی زنجیری وشە دیلەکان# [1]
هۆزانەوان: #جەلال مەلەکشا#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [2]