=KTML_Bold=ناونیشانی بابەت: ئۆجەلان لە ڕێگەی شاندی پەڕڵەمانی تورکیاوە داوا لە #یەپەگە# دەکات چەک دابنێت؟=KTML_End=
نووسینی: #کارزان گلی#
شاندی پەرلەمانی تورکیا، بەکۆی دەنگ بڕیاریاندا بچنە ئیمیڕاڵی و چاویان بە #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#، سەرۆکی زیندانیکراوی #پەکەکە# بکەوێت و دیدارەکەش ئەنجامدرا، یەکێک لە بابەتە هەرە سەرەکییەکانیش بابەتی یەپەگەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە ئەو شاندە بۆچوونی ئۆجەلانی لەبارەوە وەردەگرن.
ڕاستە چوونی شاندێکی پەرلەمانی تورکیا بۆ لای ئۆجەلان، باسکردنە لەبارەی پرسی چارەسەری کورد و هەروەها هەنگاوەکانی چەکدانانی پەکەکە، بەڵام ئەوەی باس نەکراوە و گرنگە و قسەی جیدی لەسەر دەکرێت، بابەتی یەپەگەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، پەرلەمانی تورکیا دەیانەوێت لەسەر زاری ئۆجەلان خۆی بزانن بۆچوونی لەوباریەوە چییە؟
پێشتر لە 27ی 2ی2025، ئۆجەلان لە پەیامێکی مێژووییدا داوای لە پەکەکە کرد، چەک دابنێت و خۆیان هەڵوەشێننەوە، پەکەکەش بەگوێی ڕێبەرەکەی خۆی کرد و سەرەتا کۆبوونەوەی بەست و خۆیان هەڵوەشاندەوە، پاشان بەشێوەیەکی سومبولی 30 چەکداریان چەکەکانی خۆیان سووتاند.
تورکیا و بەتایبەت ئاکەپە و مەهەپە، داوایان لە یەپەگەش کرد چەک دابنێت، چونکە ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا گوتویەتی پەکەکە و هەموو ئەو گروپانەی سەر بە پەکەکەن چەک دابنێن، بەڵام یەپەگە ڕەتی کردەوە چەک دابنێت و مەزڵووم کۆبانێ، سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی یەپەگە گوتی ”یەپامی ئۆجەلان بۆ یەپەگە نییە و تەنیا بۆ پەکەکەیە.“ ئەمە تورکیای نیگەران کردووە و بەردەوام فشار دەخەنە سەر یەپەگە بۆ خۆهەڵوەشانەوە، یان بچنە ناو سوپای سووریای ڕاگوزەر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی (ئۆکسجین)ی تورکی، حکوومەت زۆر هەوڵیداوە ئۆجەلان پەیامێکی تایبەت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بنێرێت و داوا لە یەپەگە بکات چەک دابنێت، یان بەبێ هیچ مەرجێک بچنە ناو وەزارەتی بەرگری سووریای ڕاگوزەر، بەڵام ئۆجەلان ئەو پەیامەی بڵاونەکردەوە، ئەمەش دەریدەخات، ئۆجەلان لەگەڵ ئەوە نییە یەپەگە هەڵوەشێتەوە.
ئایە باخچەلی فێڵ لە ئۆجەلان دەکات؟
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، بەوتارێک دەرگای ئیمیڕاڵی بۆ شاندی پەرلەمانی تورکیا کردەوە، کاتێک گوتی ”ئەگەر ڕێگە نادەن شاندی پەرلەمان بچێتە ئیمیڕاڵی، بۆ خۆم و سێ هاوڕێم دەچم، کەس هەیە ڕێگەم لێ بگرێت؟“ دوای ئەو وتارە پەرلەمان کۆبووەتەوە و بەکۆی دەنگی کۆمیسیۆنی (پاڵپشتی نیشتیمانی و برایەتی و دیموکراتی)، بڕیاردرا شاندێک بچێتە ئیمیڕاڵی و بۆچوونی ئۆجەلان لەبارەی پرسی چارەسەریی و ئەو کۆبوونەوانەی ئەنجامیان داوە وەربگرن.
بۆچوونێک هەیە، باخچەلی فێڵ لە ئۆجەلان بکات، ئەویش لە ڕێگەی ئەو شاندەوە داوای لێ بکات پەیامێکی تایبەت بۆ یەپەگە بنێرێت و داوایان لێبکات خۆیان هەڵوەشێننەوە.
باخچەلی خۆی زۆر لە ئۆجەلان نزیک کردووەتەوە، ئەویش بە وتار و گوتەکانی لەناو پەرلەمانی تورکیا، بۆ نموونە سەرەتا داوای کرد ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی تورکیا و وتارێک پێشکەش بکات و پاشان مافی ئومێد بیگرێتەوە. هەروەها ناوی ئۆجەلانی وەکوو سەرۆکی پەکەکە هێنا، لە کاتێکدا پێشتر دەیگوت سەری گەورەی تیرۆرست، بۆیە ڕەنگە ئەم هەنگاوانەی بۆ ئەوە بێت ئۆجەلان لە خۆی نزیک بکاتەوە و نەرمی بکات تا پەیامێک بۆ ڕۆژئاوا و بەتایبەت یەپەگە بنێرێت.
باخچەلی، چەندین جار داوای لە یەپەگە کردووە چەک دابنێت، وەکوو تیرۆرست ناویان دەهێنێت و دەڵێت بەگوێی ئۆجەلان بکەن، چونکە داوای کردووە چەک دابنێن، بەڵام لەڕاستیدا ئۆجەلان بەیەک وشەش باسی لە یەپەگە نەکردووە بۆ چەک دانان.
ئەگەر بێت و فشار بکرێتە سەر ئۆجەلان بۆ ئەوەی داوا لە یەپەگە بکات چەک دابنێت، ئایە یەپەگە بەگوێی دەکات؟ وەڵامی ئەو پرسیارە نەخێرە، چونکە یەپەگە بەڕوونی گوتوویەتی ئێمە سەر بە پەکەکە نین و پارتێکی جیاوازین، هەروەها دوای ئەو دوو کۆمەڵکووژییەی سوپای شەرع دژی عەلەوییەکانی لازقییە و دوورزییەکان ئەنجامیدا، مانەوەی یەپەگە وەکوو سوپایەکی چەکدار بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و پاراستنیان لە غەزەبی شەرع گرنگە.
ڕەنگە ئۆجەلان داوا بکات، یەپەگە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، بەو مەرجەی ڕۆژئاوای کورستان هەر یەپەگە بەڕێوەی ببات، بەڵام دەکرێت ناویان بگۆڕن و بەناوێکی تر پارێزگاری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، ئەمەش ئەو پرسیارە دەورووژێنێت، ئایە باخچەلی و حکوومەتی تورکیا ڕازی دەبن بەوەی یەپەگە لەژێر ناوێکی تر ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزێت؟ یان ئاخۆ پشت لە ئۆجەلان دەکەن و پرسی چارەسەری جارێکی تر دەخەنە ناو سەلاجە و دەیکەنە قوربانی ڕۆژئاوای کوردستان؟
وەڵامی ئەو پرسیارانە ئەوکات دەدرێتەوە، بۆچوونی ئۆجەلان لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان و یەپەگە بەفەرمی بڵاوبکرێتەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=