خاتوو #نادیە موراد#، سێمبولی خۆڕاگریی مرۆڤایەتییە بەرامبەر تیرۆر و ئازار و جینۆساید.
نادییە موراد، تەوارێکی بەرزە فڕی کوردستانه، کە بە درێژایی شەڕی دژ بە تیرۆر و، شان بە شانی خوشک و براکانی لەناو هێزەکانی دژە تیرۆر و پێشمەرگە و ئاسایش و یەکینەکانی بەرخۆداندا لەبەرکانی جەنگ، لەگەڵ هەموو ئازادیخوازانی جیهان دژ بە تیرۆر و توندڕەوی، خەباتی کرد وکۆڵی نەدا، سڵی نەکردەوە لە سەختی ڕێگە و، هەوڵیدا بە هەڵدانەوەی ئازاری خۆی و، گێڕانەوەی تراژیدیاکانی، دنیا ڕابچڵەکێنێت و ڕێگە بگرێت لەوەی جارێکی تر گەلەکەی و هاوجۆرەکانی، ڕوبەڕووی ئازار و چەوساندنەوە و جینۆساید بکرێنەوە.
ئەم خاتوونە سەربڵندە، سەرباریی کەمیی تەمەنی، وەکو سەرکردەیەکی بە ئەزموون، ڕێگرییەکانی ناوخۆی ڕاماڵی و، بەهۆی ڕاستگۆیی ناخی و، ڕەوایەتیی ئامانجەکەی، بە خێرایی ناسرا و پەیامەکەی، ئاشتی و ئارامی و ژیانێکی ئاسودە بۆ کۆمەڵگەی ئێزدییان و کوردستان و مرۆڤایەتی، بە دنیادا بڵاو بۆوە و کردی بە سێمبولێکی جیهانیی.
بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەم کیژەی کوردستان، نەک تەنها دەبێتە سەربەرزی بۆ ئێمە و خۆی و خانەوادە و گەلەکەی و مرۆڤایەتی، بەڵکو دەبێتە هۆی سەرکەوتنی بەرەی شەڕی دژ بە تیرۆر بەرامبەر تیرۆر و توندڕەوی و، بەهایەکی زیاتریش بە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەبەخشێت.
وێڕای پیرۆزبایی گەرممان لەم جەنگاوەرەی ڕێی ئاشتی، دڵنیاین بۆ لەمەولاش نادییە موراد، بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی، پارێزەر و پشتیوان دەبێت بۆ هەموو قوربانیانی جەنگ، و دەنگێکی پیرۆز دەبێت دژ بە کۆیلایەتی و، لە پێناو ئاشتیی و ئارامیی لە سەرتاسەری جیهاندا، خەبات دەکات.
#لاهور شێخ جەنگی#
#05-10-2018#
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 4,907 times
Write your comment about this item!