جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!
خەباتکاران و ئازادیخوازان!
ناوەند و کۆروکۆمەڵەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ!
بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی بەدەست ئێمە گەیشتوون بەرەبەیانی ئەمرۆ سێ شەممە 7ی جۆزەردان لە سنووری “سێ #چۆمان#”ی ناوچەی #پیرانشار# ژمارەیەک کاسبکار و #کۆڵبەر# لە لەیەن هێزەچەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دراونەتە بەر دەسترێژی گوڵلە کە بەداخەوە لە ئاکامی ئەم کردەوە جینایەتکارانەیەی هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا چوار کەس لەو کاسبکارانە کە خەڵکی ناوچەی #سەردەشت# و مهاباد بوون گیانیان لەدەست داوە و دوو کەسی تر بریندار بوون
هەروەک دەزانن ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بە قۆناغێکی زۆر دژوار و ئەستەمدا تێدەپەرێ.لە ئاکامی سیاسەتی چەوتی کاربەدستانی دەوڵەتی و دزی و تاڵان و برۆی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە لە لایەک و، مەیل و سەرکێشی شێتانە و شەرەنگێزانەی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی و، داڵدەدان و پاڵپشتیکردن و پرچەککردنی تاقم و گرووپە تیرۆریستیەکان لە ناوچەکە لە لایەکیتروە، ئابووری ئێران بە تەواوی دارماوە و، وەرشکەستەیی و داخرانی ناوەندەکانی کارکردن و چوونەسەری سەرسوورهێنەری ئاستی هەڵئاوسان و ڕێژەی بێکاری تەنگی بە ژیانی دانیشتوانی وڵات هەڵچنیوە.بەڵام لە کوردستان لە ئاکامی سیاسەتی بە ئەنقەستی هەڵاواردنی ئابووری و فەرهەنگی و، ڕوانینی ئەمنییەتی کاربەدەستانی ئەم ڕژیمە بەرامبەر کوردستان و خەڵکەکەی، نەبوونی ناوەندی گەورەی پیشەسازی و نەبوونی هەلی کار و بەم پێیەش لەسەروە بوونی ئاماری بێکاری و، بەرێوەبردنی سیاسەتی سیستماتیکی ئاسمیلاسیۆنی گەلی کورد لەلایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە، باری گرانی ئەم دۆخە نالەبارە لەسەر شانی زۆربەی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت چینی هەژار و کەمداهات و زەحمەتکێش بە چەند قات زیادیکردووە.بە داخەوە لە ئاکامی ئەو بارودۆخە نالەبارەی کە لەسەرەوە باسکرا، لە کوردستان ڕۆژانە بە دەیان هەزار کەس بۆ دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان و ئیدارەکردنی ژیانێکی مەمرەومەژی، لە ناوچە سنوورییەکان خەریکی پیشەی تاقەت پروکێنی کرێکۆڵی و کۆڵبەرین کە زۆر بەداخەوە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامی ئەم ڕەنج و ئازارەشیان پێ ڕەوا نابینن و، شەوانە ڕۆژی لە ڕێگای تاقمەچەکدارەکان و هێزە سەرکوتگەرەکانیانەوە لە شیو و دۆڵ وهەڵدێرەکان ڕاستەوخۆ و بە شێوەکی هەرەمەکی و ڕەشکووژیانە تەقەیان لێدەکەن وگیانیان لێدەستێنن و ماڵ و سامانی هەژارانەیان بەتاڵان دەبەن.
ئێمە وێرای دەربرینی غەم و پەژارەی قووڵی خۆمان لەگەڵ کەس و کار و بنەماڵەی قوربانیانی کارەساتە دڵتەزێنەکەی سنووری” سێ چۆمان”ی پیرانشار و هەموو ئەو بنەماڵانەی کە کاسبکار و ئازیزانیان لەو ڕێگایەدا لەدست داوە، پربەدڵ سەرەخۆشیان لێدەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم وپەژارەیان دەزانین.هەروەها لەگەڵ ئەوەیکە بە تووندی جینایەتی ڕۆژانەی تەقەکردن و کوشتنی خەڵکی کاسبکار لە سەر سنوورەکان مەحکووم وریسوا دەکەین، داواکارین لە کۆر وکۆمەڵ و ناوەندەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ لە هەموو جیهان، لە ڕێگای گوشار خستنەسەر تاقم و مافیاکانی دەسەڵاتدار لە ئێران، پێش بە سیاسەتی سرینەوە و ڕەشەکووژی ئەم ڕژیمە لەحاندی کەمایەتیە نەتەوەی و… بگرن.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
7ی جۆزەردانی 1398ی هەتاوی
#28-05-2019#
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 4,004 times
Write your comment about this item!