محەمەد موکری نووسەر و ئەدیب و ڕووناکبیرێکی گەورەی کوردستانە و نزیکەی نیو سەدە لە خزمەتی ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردیدا بووە.
موکری ساڵی 1945 لە گەڕەکی قەڵای شاری #کەرکووک# لەدایک بووە.
هەر لە سەرەتای ژیانی گەنجیەوە خولیای جیهانی ئەدەب و نووسین بووە و خاوەنی چەندین چیرۆک و ڕۆمانی ناوازەیە کە لە دیارترینیان ئەمانەن ( سەگوەڕ، تۆڵە، هەرەس، ئەژدیها، نێچیر) .
موکری بایەخیشی بە شانۆ داوە و چەند شانۆگەریەکی نووسیوە لەوانە شانۆگەری (هاروونە ڕەشید، دادگا) .لە بواری وەرگێڕانیشدا شوێن دەستی دیارە و 10 شاکاری شانۆیی گەورە شانۆنووسانی جیهانی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە.
محەمەد موکری وەک نووسەرێکی بەهەڵویست چووەتە ڕیزی شۆڕشی نوێ و بەچەک و قەڵەم بەرگری لە گەلەکەی کردووە.
هەر لەشاخ موکری بایەخیشی بەکاری ڕۆژنامەنووسی داوە و لەرۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی شۆڕشدا بەرهەمەکانی بڵاو کردووەتەوە و گۆڤاری کولتووری لە شاخ و پەیڤینی لە شار دەرکردووە کە دوو گۆڤاری سەنگین بوون.
هەر لەشاخ چەند چیرۆک و ڕۆمانێکی نووسی و بڵاوکردەوە. لەناو ئەوانەدا ڕۆمانی (سەگوەڕ) کە بەشێوازێکی ڕەخنەیی لەسەرشۆڕش نووسرا بوو گفتوگۆ و مشتومڕی زۆری لەسەر کرا و کاردنەوەی توندی لێکەوتەوە.
لە دوای ڕاپەڕینیش موکری لە خزمەتکردنی ئەدەبی و ڕووناکبیری و ڕۆژنامەنووسی بەردەوام بوو و چەندین بەرهەمی نوێی خستە سەر خەرمانی بەرهەمەکانی دیکەی.
ئەم نووسەرەی کورد لە ڕێکەوتی #06-05-2012# بە نەخۆشی ماڵاوایی یەکجاری کرد و لە شاری #سلێمانی# بەخاک سپێردرا. [1]