ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان
ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان، دامەزراوەیەکی یاسایی و دادوەرییە، بەهۆی ئەوەی کاری دادبینی لە ڕێگای دادگای کارگێڕی و دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەنجامدەدات. کاتێکیش داڕشتن و وردبینی بۆ پڕۆژە یاساکان دەکات یاخود ڕاوێژو ڕای یاسایی لەسەر ئەو بابەتانەی کە لەلایەن دەزگاکانی حکومەت، ئاراستەی دەکرێت، دەردەبڕێت، ئەوا خۆی لە ئاوێزەی ئەنجامدانی کاری یاسایی دەبینێتەوە. ئەم ئەنجومەنە ئەرک و کارو ئامانج و پێکهاتەکانی بەپێی یاسای ژمارە (14) ساڵی 2008، یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێم، ڕێکخراوە و ڕاییدەکات.
دامەزراندنی ئەنجومەنی شورا لە هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆی ئەوەی سیستمی دادوەریی لە هەرێم، ببێتە سیستمی دوولایەنە، کە خۆی لە دادوەریی ئاسایی و دادوەریی کارگێڕیی دەبینێتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی بەرجەستەکردنی ئەو پرنسیپە یاساییەی کە دەڵێت (مبدء خضوع الادارە للقانون). بەوپێیەش پێویستە لە سەر دەزگاکانی هەرێم کارەکانیان دادپەروەرانەو بەپێی یاسا ئەنجامبدەن، ئەگینا لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن داوایان لەسەر تۆمار بکەن لە دادگای کارگێڕی یاخود لە دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەران – هەر یەکەیان بەپێی تایبەتکاریەکەی-
پێکهاتەی ئەنجومەنی شورا
ئەنجومەنی شورا لە چەند دەستە و بەڕێوەبەرایەتیەک پێکدێت بەم شێوەیە:
1. دەستەی سەرۆکایەتی
ئەم دەستەیە پێکهاتووە لە سەرۆکی ئەنجومەنی شورا و جێگری سەرۆک و ڕاوێژکاری پێشکەوتوو. ئەرکەکانی بریتیە لە دانانی پلان و سیستمی کارکردن و کاندیدکردنی کەسانی بە توانا بۆ پۆستی ڕاوێژکاری یاریدەدەرو دیاریکردنی ئەندامانی –ڕاوێژکار- دەستەی بەرزەفتکردن و تاووتوێکردنی ئەو بابەت و کێشانەی کە گرنگ و کاریگەرن و کۆبوونەوەکانیشی بەپێی پێویست ئەنجامدەدات.
2. دەستەی گشتی
دەستەی گشتی گەورەترین و گرنگترین دەستەیە لە ئەنجومەنی شورای هەرێم، پێکهاتووە لە سەرۆکی ئەنجومەن، جێگری سەرۆک، ڕاوێژکاران، ڕاوێژکارانی یاریدەدەر.
ئەم دەستەیە سێ ئەرکی گرنگی لە ئەستۆدایە کە ئەمانەن:
• ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادگای کارگێڕی یاخود دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەران دەردەچێت و یەکێک لە لایەنەکانی داواکە یاخود ئەندامی داواکاری گشتی، ئەو بڕیارە بە یاسایی و دادپەروەر نازانێت، ئەوا دەتوانێت لەلای دەستەی گشتی تانەی لێبدات، ئەو کات دەستەی گشتی وەکو دادگای پێداچوونەوە کاری پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکە دەکات و لە ڕاست و دروستی دەکۆڵێتەوەو پاشان بڕیاری پێویستی لە بارەوە دەردەکات.
• ئەنجامدانی کاری داڕشتن و وردبینی بۆ پڕۆژە یاساکان، کە لەلایەن دەزگاکانی حکومەتی هەرێم ئاراستەی دەکرێت.
• دەربڕینی ڕاوێژو ڕای یاسایی لە سەر ئەو بابەتانەی کە لەلایەن وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەکان بە وەزارەت ئاڕاستەی دەکرێت.
کۆبوونەوەکانی خۆی هەموو هەفتەیەک و بەپێی پێویست، بە ئامادەبوونی هەموو ئەندامان یاخود سێ لە سەر چواری ئەندامان ئەنجامدەدات.
3. دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی هەرێم
دەستەی بەرزەفتکردن پێکدێت لە جێگری سەرۆک و دوو ڕاوێژکار، کە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی دیاریدەکرێن. سەیری ئەو داواو کێشانە دەکات کە لەئەنجامی پیادەکردنی یاسای ڕاژەی شارستانی و ڕێنماییەکانی تایبەت بەم بوارەو یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (14) ساڵی 1991، سەرهەڵدەدەن. ئەمەش مانای وایە ئەم دەستەیە تایبەتە بەوکێشانەی کەلەنێوان فەرمانبەران و فەرمانگەکانیان سەرهەڵدەدەن.
بەپێی یاسای ئەنجومەنی شورا، لە هەرێمی کوردستان تەنیا یەک دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەران هەیەو بارەگاکەشی لە شاری هەولێرە، بۆیە بەپێی یاسا ناتوانرێت دەستەی تر لە شارەکانی تری هەرێم بکرێتەوە.
4. دادگای کارگێڕی
بەپێی یاسای ئەنجومەنی شورا، ئەم دادگایە دادەمەزرێ بە سەرۆکایەتی دادوەرێک لە پۆلی یەکەم و ئەندامیەتی دوو دادوەر لە پۆلی دووەم یان سێیەم یاخود ئەندامیەتی دادوەرێک و ڕاوێژکارێک.
لە ئێستادا تەنیا یەک دادگای کارگێڕی لە شاری هەولێر کراوەتەوەو کاری دادبینی ئەنجامدەدات. بەڵام بەپێی یاسای ئەنجومەنی شورا، لە دەسەڵاتی وەزیری داد دایە بەپێی پێویستی و بەرژەوەندی گشتی، لە سەنتەری پارێزگاکانی هەرێم، دادگای کارگێڕی بکاتەوە و لە پلانیشدایە لە ماوەیەکی نزیک دادگای کارگێڕی تر بکرێتەوە.
ئەم دادگایە سەیری ئەو کێشەو داوایانە دەکات، کە لە ماددە (13)ی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمدا هاتووە کە ئەمانەن:
• سەیرکردنی دروستی ئەو فەرمان و بڕیارە کارگێڕیانەی کە لە فەرمانبەران و دەستەکان لە فەرمانگەکانی هەرێم دەردەچن لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، کە لایەنێک دەست نیشان نەکراوە بۆ تانووت لێدانی لە سەر تانووت لێدانێکی خاوەن ئەگەری بەرژەوەندی، تەنیا ئەوەندە بەسە کە ترسی ئەوە لە گۆڕێدا هەبێت کە زیان بە لایەنی بەرژەوەندیدار بکەوێ.
• یەکلاکردنەوەی تانووتە تایبەتیەکان بە هەڵبژاردنی دەستە خۆجێیەکان.
• یەکلاکردنەوەی ئەو داوایانەی کە دەستەکان و کەسەکان پێشکەشی دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە کارگێڕییە کۆتاییەکان.
• داواکانی ڕەگەزنامە.
• داواکانی قەرەبووکردنەوە لەو زیانانەی کە لە ئەنجامی بڕیارە کارگێڕییەکانی بە نایاسایی دەرچوون.
• تانووتدان لە بڕیارە کۆتاییەکانی کە لە لایەنە کارگێڕییەکانەوە دەرچوون لەبارەی کێشەکانی باج و ڕەسم بەپێی ئەو یاسایەی کە چۆنیەتی سەیرکردنی ئەو ناکۆکییانە ڕێکدەخات.
• تانووتدان لە ڕەتکردنەوە یان کارنەکردنی فەرمانبەر یان دەستەی فەرمانگەکان و دەزگاکانی هەرێم لەبارەی دەرکردنی بڕیارێک یان فەرمانێک کە پێویست بوو لە سەری لە ڕووی یاساییەوە بیکات.
هەروەها لە ئەنجومەنی شورادا چەند پێکهاتەیەکی کارگێڕی لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتی هەیەو کاری پاڵپشتی ئەنجامدەدەن بۆ ئەو پێکهاتانەی تایبەتکارن بە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی ئەنجومەنی شورا، کە ئەمانەن:
• بەڕێوەبەرایەتی کارگێڕی دیوانی ئەنجومەن.
• بەڕێوەبەرایەتی خۆیەتی.
• بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری.
• بەڕێوەبەرایەتی کارگێڕی دادگای کارگێڕی.
بێگومان بەگوێرەی تایبەتکاری پێکهاتەکانی ئەنجومەن کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوەو بەپێی یاسای ئەنجومەن، کارە سەرەکیەکانی ئەنجومەن بریتین لە:
• داڕشتن و وردبینی پڕۆژە یاساکان.
• ڕادەربڕینی یاسایی.
• سەیری ئەو داوایانە دەکات کە لەماددەی(13) یاسای ئەنجومەندا هاتووە (کاری دادگای کارگێڕیە).
• سەیری ئەو داواو کێشانە دەکات، کە لە ئەنجامی پیادەکردنی یاسای ڕاژەی شارستانی سەرهەڵدەدەن.(دەستەی بەرزەفتکردن).
کارڕایی پڕۆژە یاساکان
کاتێک پڕۆژە یاسایەک ئاراستەی ئەنجومەنی شورا دەکرێت، بەڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەن، وێنەیەکی کۆپی دەکرێت و بەسەر ئەندامانی لێژنەی پێداچوونەوەو لێوردبوونەوە لە پڕۆژە یاساکان لە دەستەی گشتی دابەشدەکرێت، ئەوانیش لێوردبوونەوەیەکی ورد بۆ پڕۆژە یاساکە دەکەن لە هەموو ڕوویەکەوە، پاشان لە کۆبوونەوەی دەستەی گشتی بیروڕاکان تاووتوێدەکرێن لە سەر پڕۆژە یاساکەو بە یاداشتنامەیەکی ڕوونکردنەوە، تێبینیەکان لەسەر پڕۆژەکە دیاریدەکرێن و هاوپێچی پڕۆژە یاساکە دەکرێت و بۆ لایەنی پەیوەندار ڕەوانە دەکرێتەوە.
[1]