چەند ساڵ لەمەوبەر کە بابەگوڕگوڕ
ئەچوونە سەری بە نیازی کوڕ
لە کورد و عەرەب تا لوڕ و کەڵوڕ
سەریان ئەبڕی بەرانی دووگ خڕ
هەر قەومێ ئەچوون بۆ لای دەستوبرد
زۆر بە ئیخلاسی تەوافیان ئەکرد
سوجدەیان لە بەر خاکەکەی ئەبرد
لە تورک و عەرەب ئێران تا بە کورد
چیلکەیان ئەدا لە زەوی و خاکی
لێی پەیدا ئەبوو شوعلەی ڕووناکی
بێ دەنگیان ئەکرد لەبەر دڵپاکی
عەلامەتێکە نیشانەی چاکی
خولاسە دایم سەروەت بنە کلوور
بۆیان ئەهێنان لە نزیک و دوور
بە بەزم و شادی بە عەیش و سروور
وایان ئەزانی زاتێکە لە نوور
ئەیانلستەوە خاکی بە زبان
ئەپاڕانەوە وەک برسی بۆ نان
دوعایان بۆ بکا لە قاپی ڕەحمان
کوڕیان بداتێ هەر وەک قارەمان
قەومی ئەوروپا وەختێ پێی زانی
بە عیلم و حیکمەت جەرگی دەرهانی
ئێمە پێی ئەڵێین عیلمی شەیتانی
کردیان بە بەحرێ نەوەکوو کانی
ئێمە لەبەرچی بە زەحمەت ئەژین
مردووپەرەستین هەم زیندووکوژین
بە ناهەق خوێنی یەکتر ئەمژین
یەکیەتی بۆ باخ ناکەین بە پەرژین
تا هەروا لەسەر ئەم ئەحواڵە بین
پاڵتاو فەرەنجی پۆتین کاڵە بین
هەر خەریداری زرکە تاڵە بین
----- -----
یا خەو ئەبینین یا خەڵوە کێشین
یا بەعزێ سۆفی و بەعزێ دەروێشین
یا بەبێ عەرەق بەعزێ سەرخۆشین
بێ بەنگ و تریاک و ڕوو بێهۆشین
موفتی بەڕاستی ئەگەر ئینسانی
لەم نەوعە فیکرە هەرچی ئەزانی
بڵێ، مەترسە هەتا ئەتوانی
بیخەرە بازاڕ گەنجی نیهانی [1]
#موفتی پێنجوێنی#
#دیوانی موفتی پێنجوێنی 2#