ڕۆژنیوز - بەرهەم لەتیف
بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ توندوتیژی دژی ژنان لە سنوری پارێزگای #سلێمانی# بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سلێمانی ئەوەناشارێتەوە کە ڕەوشی ژنان لەچاو ساڵانی ڕابردوو زۆر خراپترە. ڕائید (هیوا کەریم جوامێر) وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سلێمانی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ توندوتیژی دژی ئافرەتان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاندی کردووە، ژنان لە ڕەوشێکی زۆر خراپدا دەژین. ناوبراو ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بۆ ڕۆژنیوز ئاشکراکرد کە بەم شێوەیەیە: شەش مانگی یەکەمی 2015 بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی 2014 ئەمساڵ خۆکوشتن 11 حاڵەت، شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار 3 حاڵەت. شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ کوشتن 6 حاڵەت شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار دوو حاڵەت. شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ خۆسوتاندن 15 حاڵەت شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار 10 حاڵەت. شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ سوتان 26 حاڵەت، شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار 22 حاڵەت. هەروەها دیاردەی خۆخنکاند بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ تۆمار نەکراوە، لەکاتێکدا شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار 2 حاڵەت تۆمار کرابوو. کۆی گشتیی توندوتیژی دژی ئافرەتان بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 58 حاڵەت تۆمارکراوە، لەکاتێکدا شەش مانگی یەکەمی ساڵی پار 39 حاڵەت تۆمارکراوە. ڕائید هیوا بۆ هۆکاری زۆربوونی توندووتیژییەکان دەڵێت: دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێستای هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ زۆربوونی توندوتیژییەکان دژی ئافرەتان، بەتایبەت قەیرانی ئابووری چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێو خێزانەکاندا دروستکردووە. ڕائید هیوا چەند خالێک بۆ کەمکردنەوەی هۆکارەکانی توندوتیژی دەخاتە ڕوو لەوانەش: 1- ڕاگرتنی ئەو زنجیرە دراما و پڕۆگرامانەی کە ژنان دەخاتە بیری کۆتای هێنان بە ژیانی خۆی. 2- پێویستە بەرێوەبەرایەتییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان زیاتر هەوڵ بدەن و کاربکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان. 3- هەوڵبدرێت ژنان بکرێنە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیان،بۆ ئەوەی ناچارنەبن هەموو جارێک داوای پارە لە هاوسەرکانیان بکەن.