ناونیشانی بابەت: ئارەق کردنەوەی زۆر لە کاتی وەرزش
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
ئارەق کردنەوە میکانزمێکی لەشە بۆ ڕێخستنی پلەی گەرمی جەستە، لە ڕێگەی ئارەق ڕژێنەکانی پێستەوە ئاو و خوێ دەڕێژرێتە دەرەوەی لەشەوە بۆ فێنک کردنەوەی. ئارەق کردنەوەی زۆر لە کاتی وەرزش مانای ئەوە نییە کە بڕێکی زیاتر لە چەوریە زیادەی لەش دەسووتێت؛ چونکە هەموو جۆرە وەرزشێک ئەبێتە هۆی زیادکردنی چالاکی ماسوولکەکان و چالاکی دڵ و بڕی خوێنی لەش بۆ پێست و بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی لەش؛ ئەمەش دەبێتە هۆی ئارەق کردنەوە.
بەڵام وەرزش کردن لە شوێنی گەرم یان بە جلی تەسک یان ئەستوور یان بە داپۆشینی لەش بە نایلۆنەوە دەبێتە هۆی ئارەق کردنەوەی زیاتر بێ ئەوەی بڕی زیاتر لە چەوری بسوتێت.
بەڵام مەلەکردن لە ناو ئاوی سارد یان لە هەر وەرزشێک کەشوهەوای سارد دەەبێتە هۆی سووتانی بڕێکی باش لە چەوری بێ ئەوەی ئەو کەسە ئارەق زۆر بکاتەوە ۰
هەرچەندە دوای ئارەق کردنەوەی زۆر لە کاتی وەرزش ڕەنگە کێشی مرۆڤ کەم بکات بەڵام بەشی زۆری تەنیا بەهۆی لە دەست دانی ئاوی ناو لەش و پاش خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو؛ دەردەکەوێت کە کێشی ئەو کەسە زۆر دانەبەزیووە.
بەڵام وەرزش کردن بە بەردەوامی و بۆ ماوەیەکی زۆر ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە توانەوەی چەوری زیادەی لەش و دابەزینی کێش و زیادکردنی قەپارە و بارستایی ماسوولکەکانی لەش لەگەڵ ڕێجیم و بەرنامەی خۆراکی لەش.
لە بیرمان نەچێت ئارەق کردنەوەی زۆر لە هەندێک کەس هۆکاری تری هەیە کە لە کاتی ئاساییش دا هەر ئارەق زۆر دەکەنەوە. [1]