دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت "لە بەرامبەر فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارەی گەرمیان، حکومەتی هەرێم مانگانە نزیکەی 6 ملیار و 940 ملیۆن دینار دەداتە کۆمپانیاکان".
عەبدولحەمید مەجید، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "رۆژانە لە هەولێر 2 هەزار و 400 تەن، لە سلێمانی هەزار و 200 تەن و لە پارێزگای دهۆکیش نزیکەی 1000 تەن زبڵ و خاشاک فڕێدەدرێت، لەبەرامبەر فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارەی گەرمیان، حکومەت مانگانە لەسەرووی 6 ملیار و 940 ملیۆن دینار دەداتە کۆمپانیاکان".
عەبدولحەمید مەجید،ئەوەشی خستەڕوو "وەزارەتی شارەوانی پێشنیاری کردوە لەبەرامبەر فڕێدانی زبڵ و خاشاک بڕێک پارە لە ماڵان وەر بگرێت، بەڵام ئەو پێشنیارە تائێستا نەبوەتە بڕیار و جێبەجێ نەکراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد "لە پارێزگای دهۆک لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی بۆ لێکجیاکردنەوەی خاشاک گرێبەستێکیان بۆ ماوەی 10 ساڵ واژۆ کردوە، ئەم کۆمپانیایە ڕۆژانە لە شاری دهۆک و قەزای ئاکرێ نزیکەی 630 تەن خاشاک لە ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانی وەردەگرن و دوای جیاکردنەوەی پێکهاتەی زبڵ و خاشاکەکان، نایلۆن و کارتۆنەکان هەناردەی تورکیا دەکات".
بەرپرسەکەی وەزارەتی شارەوانی، وتیشی "بەپێی گرێبەستەکە، دوای تەواوبوونی ماوەی کارکردنی کۆمپانیاکە سەرجەم ئامێرەکانی کۆمپانیاکە دەبنە موڵکی شارەوانی دهۆک".
- 02-11-2016