25ی 7، ڕۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵکە
هاونیشتمانیانی کوردستان ..
گۆڕانخوازان ..
لە (25)ی تەموزی (2009)دا، بزوتنەوەی گۆڕان بە ڕابەرایەتی ڕەوانشاد
نەوشیروان مستەفانەوشیروان مستەفا ئەمین، وەک هێزێکی مەدەنی نوێ، بەشداری هەڵبژاردنی خولی سێهەمی پەرلەمانی کوردستانی کرد، پشتگیری بەرفراوانی دەنگدەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بوەهۆی سەرکەوتنی لیستەکەی و، وەرچەرخانێکی سیاسیی لە خەباتی پەرلەمانی و ململانێی مەدەنی و دیموکراتی لە هەرێمی کوردستاندا دروستبو.
مۆدیلی خەباتی ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان؛ ڕەچەشکێن بو لە شێوازی کاری حیزبایەتی، بەتایبەت وەک بزوتنەوەیەکی مەدەنی بێ چەک، کە ململانێی سیاسی لە تەرازوی هێز و چەک و باڵادەستی حیزبەوە بۆ تەرازوی دەنگ و باڵادەستی هاونیشتمانیان و فراوانکردنی بازنەی هۆشیاری گشتی گۆڕی، بەشێوەیەک بەهای دەنگی هاوڵاتیان زیادی کرد و داخوازییەکانی خەڵک؛ بونە پێشمەرجی خەبات و کاری سیاسی.
لەم هەلومەرجەدا، کە یادی پانزە ساڵەی سەرکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیردەهێنینەوە؛ هەرێمی کوردستان و پرۆسەی سیاسی و بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم چەندین ئاڵنگاری ڕژد و بونیادین، کە هەمو ئەو دۆخە ناهەموارە و، قەیرانی سیاسیی و ئابوری و دارایی و دامەزراوەیی و نیگەرانی هاوڵاتیان لە شێوازی حوکمڕانی و ئاستی خزمەتگوزارییەکان؛ پێویستی بە خۆداچونەوە و گۆڕانکاری و خۆئامادەکردنە بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسی.
لەلایەکی دیکە، بەرەو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە (20ی ئۆکتۆبەری 2024) دەڕۆین، سەرەڕای ئامادەکاریمان بۆ ئەم هەڵبژاردنە گرنگە، داواکارین هاوڵاتیان بەشدارییەکی کاریگەر لە هەڵبژاردندا بکەن، جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بدەین، ڕێژەی کەمی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنی ڕابردودا؛ بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لە نیگەرانی خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتداران و شێوازی حوکمڕانی و ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەرۆکی هاوڵاتیانی گرتوە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی چارەنوسسازە لەبەردەم هاوڵاتیان بۆ گۆڕانکاری و دروستکردنی واقعێکی باشتر، ئەمەش بە هاتنەکایەی بەرەیەکی بەرهەڵستکاری سیاسیی، کە گۆڕان و چەند لایەن و کەسایەتیەکی هاوئامانج لە یەکدا کۆبکاتەوە و لە ئاست چاوەڕوانی قۆناغەکە و داواکاری شەقامی کوردستان بێت.
هاونیشتمانیان ..
هاوڕێیانی گۆڕان ..
ئەرکی لایەنە سیاسیەکانە، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی و میدیا، کارەکتەرە کاریگەرەکان و خەمخۆرانی نیشتمان، هەموان بەیەکەوە ڕوبەڕووی سەختیەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی هەرێم ببینەوە، هەموان بەیەکەوە کار بکەین بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، لەبری سەقاڵکردنی هاوڵاتیان بە کێشەی حیزبی و ململانێی نابەرپرسیاریانە؛ بە گیانی بەرپرسیارانە و زمانی گفتوگۆ و ڕوحیەتی پێکەوەکردن فەزای گشتی بەرەو چارەسەری کێشە بنەڕەتیەکان ئاراستە بکەین.
لە کۆتایدا، بە ڕێزەوە لە ڕۆڵ و کاریگەریی هەمو ئەو کەسایەتی و خەڵکە دڵسۆزە دەڕوانین، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان خەباتیان کردوە، یاخود هەر هاوڵاتیەک ئەگەر بۆ جارێکیش بێت دەنگیان بە کاندیدەکانی گۆڕان دابێت، هاوتەریب گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەمان لەگەڵ چەند لایەن و ژمارەیەک کەسایەتی بۆ کاری پێکەوەیی لەناو گۆڕان و خۆئامادەکردن و خۆڕێکخستنەوە بەردەوامە. لەم ڕوانگەیەوە، بزووتنەوەی گۆڕان ماڵی هەموانە و وەک کاک نەوشیروان دەیوت «پەلکەزێڕینەی جیاوازیەکانە»، بە مانایەکی دیکە، پڕۆژەیەکە بۆ کاری پێکەوەیی و بەهێزکردنەوەی سەنگەری بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک. ئومێدەوارین هەموان بەیەکەوە پڕۆژەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بەهێزبکەینەوە، داخوازییەکانی خەڵکیش بکەینە چەقی بڕیاری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان.
[1]
بزووتنەوەی گۆڕانبزووتنەوەی گۆڕان
24ی تەموزی 2024
تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!