سیروان عەباس
شانۆکار و ئەکتەر جومعە خەلیل ئیبراهیم کە بە باوکی تەیار ناسراوە، لە #بەنداوی تشرین# بریندار بوو.
ئێوارەی شەممە (#18-1-2025# ) فڕۆکەکانی تورکیا ئەو هاووڵاتییانەیان بۆردوومان کرد کە بۆ خۆپیشاندان چووبوونە بەنداوی تشرین. بەپێی ڕاگەیێندراوێکی هەسەدە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا 4 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15 کەسیش بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو، یەکێک لە برینداران شانۆکار و ئەکتەر (باوکی تەیار)ە. زانراوە کە باوکی تەیار و برینداراکانی دیکە بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
هەسەدە دوێنێ شەو ڕایگەیاند، بۆ سێیەمین ڕۆژی لە سەریەک، فڕۆکە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەردەوامن لە بەئامانجکردنی خۆپێشاندەرانی مەدەنی لە بەنداوی تشرین، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، لە کاتێکدا ئەمبیوڵانسەکان خەریکی گواستنەوەی بریندارەکان بوون، یەکێک لە ئەمبیوڵانسەکانی مانگی سووری کوردی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا کرایە ئامانج، کە بووە هۆی تێکشکانی ئەمبیوڵانسەکە و شەهیدبوونی ئەوانەی لەنێویدا بوون.
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕاگەیێندراوێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا بە چڕی و لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە، چەندین ناوچە لە گوندەکانی باشووری کۆبانێ بۆردوومان دەکات. چەند هێرشێکیشی کردە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین.
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و 80 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورە.
بەنداوەکە بە ناوچەیەکی ستراتیژی دادەندرێت و لە ساڵی 1999وە کارەبای ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دابین دەکات، بەتایبەت سنوورەکانی شاری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەریان.[1]