ناونیشانی پەرتووک: پهلویان پەرتووکێک پڕ لە چەواشەکاریی مێژوویی
ناوی نووسەر: #بێوار ڕەسوول# (#سووداد ڕەسوڵ# )
دەزگای پەخش: #ڕێکخراوی کوردیپێدیا#
ساڵی چاپ: 2025
لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە دوای دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەکانی ئێران و ئێراق و تورکیا و سووریا، لە هەر بەشێکی کوردستان لەم دەوڵەتانە، لەلایەن نەتەوە سەردەستەکانەوە بە شێوازی جیاواز مێژووی کورد و جوگرافیای کوردستان چەواشە کراوە و دەکرێ؛ لە هەر وڵاتێک بە پلان و ستراتیج هەوڵ دەدرێ هەرچی حەقیقەتی ناسنامە و فەرهەنگی کوردە بشێوێنرێت و بوونی کورد لە وڵاتەکانیان بسڕنەوە و جوگرافیاکەشی بچووک بکەنەوە. یەکێک لەو شێوازانە کە بەردەوام کاری بۆ دەکەن، گومان خستنە سەر ڕەسەنایەتیی زمانی کوردییە، بۆ ئەمەش هەوڵ دەدرێ ڕیشەیەکی غەیری کوردی بۆ چەند زارێکی کوردی بدۆزنەوە، یانیش هەوڵ دەدەن جیاوازیی نێوان زارە کوردییەکان وەک زمانی جیاواز نیشان بدەن، بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە ئەمانە زار نین، کۆمەڵە زمانێکن و لە یەک دوورن و یەک ڕیشەی زمانییشیان نییە، بۆیە زمانێک نییە پێی بگوترێ زمانی کوردی، هەر لەسەر ئەم بنەڕەتەش، بانگەشەی ئەوە دەکەن کورد یەک نەتەوە نییە، چەند گرووپێکی ئەتنیکی و نەتەوەیی جیاوازن و هەر یەک لەم گرووپانە سەربە جوگرافیایەکی جیاوازن، کەواتە وڵاتێکیش نییە بە ناوی کوردستان. بۆ جێبەجیکردنی ئەم بەرنامە دژ بە کوردە، داگیرکەرانی کوردستان، ویژدان و قەڵەمی کۆمەڵێک نووسەر دەکڕن و داوایان لێ دەکەن مێژووی کورد و زمانەکەی بە جۆرێک بنووسنەوە، خزمەت بە ئەجێندای سیاسی نەتەوەی سەردەست بکات، لە هەمان کاتدا، یەکێتیی زمان و نەتەوەی کوردیش پەرتەوازە بکەن.
دوو ساڵێک پێش ئێستا، پەرتووکێک بە فارسی لە نووسینی تەیب تاهیری بە ناوی پهلویان: گوران، هورامی، لک، کلهر، فیلی، دیملی بڵاو کرایەوە. (1) ئەم پەرتووکە نزیک بە 560 لاپەڕە دەبێت، بابەتەکانی ناو پەرتووکەکە بۆ مێژووی خوارووی کوردستان تەرخان کراون، وەک فەرهەنگ، ئایین، زمان، ئەدەبیات، جوگرافیا، ئەو ناوچەیە کە دانیشتووانەکەی بە چەند زارێکی کوردی وەک کەڵهوڕی، لەکی، لوڕی، گۆران – هەورامی قسە دەکەن. نووسەری ئەم پەرتووکە بۆ شێواندنی ناسنامەی کوردی و کوردستانی ئەم ناوچەیە، دانیشتووانەکەی بە پەهلەوی ناو دەبات و ناوچەکەشیان بە ناوچەی پەهلەوی. وەک دیارە، ئەم پەرتووکە بە هەمان ئامانجی سیاسی و ئایدیۆلۆجی نووسراوە کە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەرنامەی بۆ دانراوە، بوونی کورد لە ئێران بکات بە بوونێکی ئێرانی و پاشکۆی نەتەوەی فارس و داماڵینی لە هەموو مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی، هەروەها جوگرافیای خوارووی کوردستانیش بکات بە بەشێک لە جوگرافیای ئێرانی مەزن. ئەم پەرتووکە، لە ڕووی میتۆدی لێکۆڵینەوە پڕیەتی لە هەڵە و چەواشەکاری، هیچ بنەمایەکی ئەکادیمی تێدا ڕەچاو نەکراوە، چونکە بە ئامانجێکی ئایدیۆلۆجی و سیاسی نووسراوە، هەوڵ دەدات بە هەر نرخێک بێت، مێژووێکی ساختە بۆ ئەم ناوچەیەی خوارووی کوردستان بنووسێتەوە، ئەم بەشە لە خاکی کوردستان بە دانیشتووان و جوگرافیا لە کوردستان دابڕێت و بیکات بە وڵاتی پەهلەوی. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە سوود لە ئایینی یارسان وەردەگرێت و مێژووی دانیشتووانی هەموو هەرێمەکە بە یارسانی دەکات، ڕیشەی هەموو زارە کوردییەکانی ئەم ناوچەیش دەباتەوە سەر زاری کوردیی گۆران و گۆرانیش بە زمانی پەهلەوییەوە گرێ دەدات.
نووسەری ئەم پەرتووکە، تەیب تاهیری خۆی وەک توێژەرێکی مێژوو و ئایینی یارسان دەناسێنێ، لەم بارەیەوەش چەند پەرتووکێکی بە کوردی و فارسی نووسیوە؛ پەرتووکە کوردییەکانی لە باشووری کوردستان لە دەزگای موکریانی و ئینستیتوی کەلەپووری کوردی چاپ کراون، چەندین جاریش لە باشوور بۆ کۆنفرانس و سێمینار داوەت کراوە لەسەر مێژووی یارسان قسە بکات، وەک نووسەرێکی یارسان (کاکەیی) و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێزی لێ گیراوە و خەڵات کراوە. ناوبراو لە ساڵی 2020 لە ئێرانەوە خۆی گەیاندە وڵاتی سوید، لە ستۆکهۆڵم، ئینستیتوتێک بە ناوی ئینستیتوی فەرهەنگیی یارسان دادەمەزرێنێت، هاوکات دوو گۆڤاریش بڵاو دەکاتەوە بە ناوەکانی شنروێ و چریکە، (2) لەگەڵ تەلەڤزیۆنێکی یوتیوبی بە ناوی لیسک تی ڤی؛ هەردوو گۆڤارەکە و تی ڤییەکە وتارەکەیان بۆ دانیشتووانی خوارووی کوردستانە بەتایبەت کرماشان و ئیلام، وتارەکانی ناو هەردوو گۆڤار بۆ هەمان ئامانجی سیاسی و فەرهەنگی نووسراون بۆ ئەوەی ناسنامەیەکی پەهلەوی بۆ خەڵکەکە و ناوچەکە ساز بکات. دوابەرهەمی نووسەر، ئەم پەرتووکەیە کە بە ناوی پهلویان بڵاوی کردووەتەوە، ئەم پەرتووکەش هەر بە هەمان ئامانجی سیاسی و فەرهەنگی نووسراوە، کە لەم وتارەدا پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ دەکەین و بە میتۆدێکی زانستی هەڵسەندگاندنی بۆ دەکەین.
لەم توێژینەوەیەدا، لە چەند ڕووێکەوە ناوەرۆکی پەرتووکەکە دەیخەینە بەر باس و ڕەخنە و لێکۆڵینەوە. لە سەرەتادا ئاماژە بە کێشەی میتۆدی لێکۆڵینەوەی پەرتووکەکە دەدەین کە لە ڕووی میتۆدۆلۆجییەوە کەموکووڕی زۆرە، دواتر باسی ئەو چەمکانە دەکەین کە نووسەر دایهێناوە وەک چەمکی پەهلەوی و پەهلەنشین و ناوچەی پەهلەوی و میرنشینی پەهلەوی، ئەوجا باسی مێژووی ئەدەبیاتی کوردی لەم ناوچەیە دەکەین کە ئەدەبیاتی کوردیی گۆرانە و نووسەر بە ئەدەبیاتی پەهلەوی ناوی دەبات، هەروەها باسێک لە ئایینی یارسان و پەیڕەوانی ئەم ئایینە دەکەین کە لە باکووری ئەم ناوچەیە نیشتەجێن و نووسەر هەوڵ دەدات ئەم ئایینە لەم ناوچەیە بە سێنتەر بکات و مێژووێکی دێرین و جوگرافیایەکی وەهمی بۆ درووست بکات؛ لە دوابەش، باسی ڕوانگەی نووسەر بۆ کوردی سۆران و کرمانج دەکەین، کە ڕوانگەیەکی دوژمنکارانەی هەیە و پێی وایە بەدرێژایی مێژوو، کوردی سۆرانی لەگەڵ دانیشتووانی خوارووی کوردستان بە تایبەت یارسانەکان لە کێشەدا بوون و ستەمیان کردووە و لە ناوچەکەی خۆیان ئاوارە و ئەسمیلەیان کردوون. هەوڵ دەدەین لەم توێژینەوەیەدا، ئەم بۆچوونانەی نووسەر تاوتوێ بکەین و ڕاستی و ناڕاستیدان بخەینە ڕوو. [1]