دکتۆر (ڕەشاد میران) زانایێکى لێهاتووى داهێنەرى بوارى مرۆڤناسیی کوردە. بە دەیان کتێب و لێکۆڵینەوە و وتارى لەبارەى ئەنترۆپوڵۆجیاوە بڵاوکردووەتەوە. هەروا وەک مامۆستایێکى زانکۆ لەبەشى کۆمەڵناسى ولە ڕێى جموجۆڵە ئەکادیمییە هەمەچەشنەکانییەوە، بوارى ڕۆشنبیریى کوردیى بەم لقە گرنگەى زانست ئاشناکردووە ، کێبخانەى کوردیی دەوڵەمەند کردووە. لە کورد و کۆمەڵکاى ئێستا و کۆنى کوردیى کۆڵیوەتەوە و تیشکى خستۆتە سەر لایەنەکانى یەکێتیى ئێتنیکیى کورد و شوێنى مرۆڤى کوردى لە ئەنترۆپۆلۆگیاى سروشتیدا دەستنیشان کردووە. لە گەڵێ بابەتى ترى گرنگى ئەم بوارە کۆڵیوەتەوە.
دوا بەرهەمى پڕۆفیسۆر ڕەشاد کتێبێکە بە ناونیشانى (مرۆڤناسى) لە بڵاوکردنەوەى ناوەندى چاپ وبڵاوکردنەوەى ڕۆژهەڵات. #هەولێر# 2021. ئەم کتێبە ڕابەڕێکە بۆ مرۆڤناسى ، ئەنتڕۆپۆڵۆگیا پێدەناسێنێ ، گرنگێتى و لایەنى تیۆرى و بوار و ڕێبازەکانى دەخاتە ڕوو.
بەشێکى کتێبەکە بۆ بابەتەکانى ئیتنوگڕافیا (نەتەوەناسى) تەرخان کراوە ، مەرج و مۆرک و سیماکانى پێکهاتنى نەتەوە دەخاتە ڕوو کە ئەمانەن : (ناوى نەتەوەیى زمانى هاوبەش خاکى هاوبەش مێژووى هاوبەش کولتوورى هاوبەش سایکۆلۆژیاى هاوبەش) ، دەریدەخات کە هەموو ئەم مەرجانە لە میللەتى کورددا وەک نەتەوەیێک هەن.
ئەم کتێبە کرنگێتیى تایبەتیى خۆى هەیە ، پێویستە ڕۆشنبیرى کورد بایەخى پێ بدات و بکرێ بە سەرچاوەیێک بۆ بابەتى (کوردۆڵۆجى) ، لە هەموو بەشەکانى زانکۆدا بخوێندرێ.
$ژیانى د. ڕەشاد میران$
(1952) لە #شەقڵاوە# لەدا لەدایک بووە.
(1975) بڕوانامەى بەکالۆريوسى لە زانکۆى بەغدا، کۆلێژى ئەدەبيات، بەشى کوردى بەدەستهيناوە.
(1980 1988) بڕوانامەى ماستەر و دکتۆراى لە پسپۆڕيى ئێتنۆگرافيا لە لينينگراد يەکێتيى سۆڤيەت بەدەستهيناوە.
(1988 1993) وەک پەنابەر لە سويد لە شارى (ئيسکلستوونە) ژياوە
(1993 2021) مامۆستا بووە، لە بەشى کۆمەڵناسى لە کۆلێژى ئەدەبياتى زانکۆى سەڵاحەدين.
ئەندامى دامەزرێنەرى کۆمەڵەى کۆمەڵناسانى کوردستانە.
ئەندامى يەکێتيى نووسەرانى سويدە.
( 2021) بوو بە ئەندامى ئەنجوومەنى ئەکاديمياى کوردى.
(2021) بوو بە جيگرى سەرۆکى ئەکاديمياى کوردى و ئەندامى دەستەى سەرۆکايەتيى ئەکاديمياى کوردى.
زياتر لە 30 کتێب و توێژينەوەى زانستى و وەرگێڕانى بڵاوبووەتەوە.
سەرپەرشتیى چەندين نامەى ماستەر و دکتۆراى کردووە.
کۆمەڵێک وتار، چاوپێکەوتن ، کۆڕ ، سيمينارى پێشکەش کردووە.
$لە بەرهەمەکانی:$
1 - ڕەوشى ئايينى و نەتەوەيى لە کوردستان 1993 (تێزى دکتۆرا)، سويد.
2 - کورد و هەکارى و#کەرکووک#. گۆڤارى.سەنتەرى برایەتى ژ 20 ساڵى 2001.
3 – مەعریفە و تاک وکۆمەڵ لە ڕوانگەى سۆسیۆلۆگیاى مەعریفییەوە. دەزگاى ئاراس 2012. هەولێر.
4 - سیماکانى گۆڕانکاری لە کۆمەڵگاى کوردیدا. گۆڤارى (زانکۆ) ى سەلاحەدین بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان..ژمارە 3 ساڵى 1998.
5 کورد و قەیران. گۆڤارى گوڵان ، ژ 1032 ساڵى 2015.
6 - چەند بابەتێکى ئێتنۆ کۆمەڵايەتى، بەرگى یەکەم 2010 بەرگى دووەم 2016. دەزگاى موکریانى .هەولێر
7 - ئیتنۆگڕافیا و یەکێتیى ئیتنیکیى کورد. دەزگاى ئاراس ، 2009
8 - مەرج و میکانیزیمەکانى گۆڕانى کۆمەڵایەتى. گۆڤارى (ناو کۆمەڵایەتى) ژ28 ساڵى 2009.
9 - توخمى نوێ لەکولتوورى کوردیدا. گۆڤارى ڕامان ژ 141 ساڵى 2009.
10 - مەعریفەى ڕۆژگارى ئێستا و دەرهاویشتەکانى لەکۆمەڵگاى کوردیدا. گۆڤارى (زانکۆ) ى سەلاحەدین بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان. .ژمارە 53 ساڵى 2012.
11 - کورد لە ئەنترۆپۆلۆگیاى سروشتیدا. گۆڤارى ئەکادیمیا ، ژمارە 44 ساڵى 2020.
12 - سۆسيۆلۆگياى مەعريفە هەولێر 2017.
13 - سۆسيۆلۆگياى ڕاگەياندن هەولێر 2016.
14 - مرۆڤناسى – ناوەندى چاپ وبڵاوکردنەوەى ڕۆژهەڵات. هەولێر 2021.
$لە وەرگێڕانەکانى$
1 - نەژادى کورد لە ڕووسييەوە، 1993 سويد.
2 - کوردستانى خوارووى ڕۆژهەڵات، لە ڕووسييەوە 1997 هەولێر.
3 - دابەشبوونى سياسيى کوردستان، لە ڕووسييەوە 2017 هەولێر.
وریا عومەر ئەمین. [1]