لەماوەی دو ساڵدا بڕی 4 ترلیۆن و 422 ملیار دینار کە دەکاتە 3 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار (370 هەزار دەفتەر دۆلار) و پارەی زیاتر لە 3 هەزار پڕۆژە بووە و لەبودجەی گشتیدا تەرخانکراوی هەبوه و پەرلەمان پەسەندی کردوە، ئەم پارەیە خەرجنەکراوه و نەگەڕاوەتەوە بۆ ساڵەکانی دواتر و دیارنییە بۆ چ مەبەستێکی دیکە بەکارهاتوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە.
تایبەت بەئاوێنە: بەپێی چەند بەڵگەنامەیەک کە دەست ئاوێنە کەوتون لەساڵی 2012دا، بڕی 205 ملیار دینار و 724 ملیۆن دیناری پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێم خەرجنەکراوە و دیار نییە، ڕێژەی خەرجی تەرخانکراو لەهەولێر 69% بوه و لەسلێمانی 71% و لەدهۆک 57%.
هەروەها لەساڵی 2013دا، لەپارێزگای سلێمانی ڕێژەی خەرجکردنی پارەی پەرەپێدانی پارێزگاکان 52%، واتە 48%ی پارەی تەرخانکراو خەرجنەکراوە، ئەمە جگە لەوەی کە 54 ملیار و 822 ملیۆن دینار لەتەمویلکراو ماوەتەوه و خەرجنەکراوە، لەکاتێکدا زیادەڕۆیی لەخەرجکردنی پارەی پەرەپێدانی پارێزگای دهۆک و هەولێردا کراوە بەڕێژەی 102%و 106%.
عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری سەر بەفراکسیۆنی گۆڕان لەیاداشتێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی دەستەی نەزاهەی کردووە، داوای گرتنەبەری ڕێگای یاسایی دەکات لەکابینەی حەوتەمی هەرێم لەبارەی خەرجنەکردنی ئەم پارانه و نەگەڕانەوەی بۆ ساڵەکانی دواتر، بەمەرجێک حکومەتی هەرێم بودجەی لەبەغداوە بۆ هاتوه و کورتهێنانی دارایی نەبوە.
ناوبراو جەخت لەوە دەکات کە "پێویستە ئەوە ڕونبکرێتەوە بۆچی لەپارێزگای هەولێرو دهۆک ڕێژەی خەرجی زیاترە لەرێژەی تەرخانکراو و ئەم پارە زیادە لەکوێوە هاتووە؟ ئایا هی پارێزگای سلێمانیە؟".
عەلی حەمە ساڵح لەلێدوانێکدا بەئاوێنەی ڕاگەیاند کە دوای پێشکەش کردنی ئه و سکاڵایانە بەسەرۆکی دەستەی نەزاهە، هەموو ڕێگایەکی یاسایی دەگرینەبەر بۆ ئاشکرا کردنی دیارنەمانی ئه و بڕە پارە زۆرە.
راپۆرتێک له و بارەیەوە لەنوێترین ژمارەی ئاوێنە بڵاوبوەتەوە کە ئێستا لەکۆگاکانی کتێب فرۆش و بازاڕەکان دەستدەکەوێت.
- 13-01-2015