دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی گشی خانەنشینانی هەرێم، ئاشکرایدەکات، 687 کەس بە پلەی وەزیر و بڕیکاری وەزیر و ئەندام پەرلەمان خانەنشینکراون و موچەکەشیان مانگانە لە نێوان 4 بۆ 6 ملیۆن دیناری عێراقیدایە.
حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە ماوەی تەمەنی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە 322 ئەندامی پەرلەمان و 115 وەزیر و 250 کەس بە پلەی بریکاری وەزیر خانەنشینکراون و کۆی گشتی دەکاتە 687 کەس کە موچەی هەریەکەیان لە نێوان 4 بۆ 6 ملیۆن دیناری عێراقییە، بەڵام بەهۆی سیستمی پاشەکەوتکردن موچەکەیان بۆ خوار 3 ملیۆن دینار کەمبۆتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینان ئاشکراشیکرد، زیاتر لە 250 هەزار خانەنشینی ئاسایی و پلەی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە له و ڕێژەیەش زیاتر لە 100 هەزاریان بە پلەی سەربازی جیا جیا خانەنشینکراون.
حازم ئیسماعیل، ڕوونیشیکردەوە، لە چوارچێوەی خانەنشینی پلەی تایبەت بە دەیان کەسیش بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی لەسەرجەم پارێزگاکان خانەنشینکراون، جگە لە خانەنشینکردنی ژمارەیەک کەس بە پلەی سەربازی بەرز.
ناوبراو، وتیشی تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم لە مەسەلەی خانەنشینکردن بە پێی یاسای کۆنی خانەنشین دەڕوات، بۆیە پێویستە موچەی خانەشینانی پلەی تایبەت و مەدەنی دووبارە پێداچوونەوەی تیادا ئەنجامبدرێت لە ڕێگای یاسایەکی نوێی پەرلەمان.
25-04-2017