نووسینی: هاوکار عەبدوڵڵا شێخ وەسانی
هەولێر 2017
نەبوونی سەرچاوەیەکی گشتگیر کە هەموو لایەنەکانی ژیانی مەلای گەورە دەربخات وای لە نووسەر کردووە لە بارەی زانا و ڕێبەر و گەورەی کورد (مەلا محەمەدی جەلیزادە -مەلای گەورە) کارێکی جیاواز بکات.
نووسەر لەم پەرتووکەدا هەوڵیداوە کارێکی تەواو جیاواز بکات لە سەرجەمی ئەو نووسینانەی کە تا ئێستا لەسەر ئەم کەڵە زانایە کراون، بە جۆرێک قسەی کردووە لەسەر کۆی ئەو کار و هەڵوێستانەی کە لە ژیانی مەلای گەورە پنتێکیان داگیر کردووە و ئەسپی خۆی تیادا تاوداوە، بۆ ئەم مەبەستە سوودی وەرگرتووە لە بەرهەم و نووسینەکانی مەلای گەورە و بۆچوونی نزیکانی مەلای گەورە و ئەو پەرتووکانەی کە لایەنێکی ژیانی ئەم زانایەیان دەرخستووە.
نووسەر لە پێشەکی پەرتووکەکەدا دەنووسێت: “مەلای گەورە بەهۆی ئەوەی کە هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵگەی کوردی بووە، زۆر بەباشی تێگەیشتووە لە واقیعی ئەم کۆمەڵگەیە و بە گوێرەی پێویستی سەردەم بەردەوام لەگەڵ کۆمەڵگەکەی ژیاوە، وێنەیەکی زۆر جوانی ئیسلامی پیشانی گەلەکەی داوە و ویستوویەتی هەم ئیسلامییەتێکی پاک و هەمیش کوردایەتییەکی بێگەرد لە دڵی تاکەکان بڕوێنێت”.
نووسەر لە بەشێکی ئەم پەرتووکەدا پشتی بەستووە بە نووسینەکانی مەلای گەورە کە لە چەند شوێنێکی تەفسیرەکەیدا مەلای گەورە باسی ژیان و ئەزموونی خۆی نووسیوەتەوە، هەروەها سوودی وەرگرتوو لە بۆچوونی هەریەک لە دوو کوڕەکەی مەلای گەورە (مامۆستا مەسعوود محەمەد و مامۆستا فاروق و کچەکەی نەجیبەخانی جەلیزادە و …هتد).
سەرەتای پەرتووکەکە بە (کوورتە باسێک لە بارەی بنەماڵەی جەلیزادە و سەرە قەڵەمێک لە ژیانی مەلای گەورە و ژیانی مەلای گەورە و حاجی مەلا عەبدوڵڵای باوکی بە قەڵەمی مەلای گەورە و ئەزموون و ژیانی مەلای گەورە و باوکی لە تەفسیرەکەیدا) دەست پێدەکات.
لە بەشێکی تری پەرتووکەکە تیشک خراوتە سەر (دید و بۆچوونی زانایانی هاوچەرخ لەسەر مەلای گەورە و بۆچوونی بەشێک لە زانایان لەسەر تەفسیری مەلای گەورە و وتاری هەینی مەلای گەورە، لە یاداشتەکانی مەلا محەمەدی چروستانی و وتارە مێژووییەکەی مەلای گەورە لەسەر نەورۆز و گفتوگۆیەکی بەهێزی مەلای گەورە لەگەڵ گێلەپیاوێک و مەلای گەورە لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیدا و نموونەیەک لە ئیجازەنامەکانی مەلای گەورە کە بە فەقێکانی داوە و مەلای گەوەر کاری دادەورەی لە دادگای کۆیە و مەلای گەورە و هۆنراوە و شیکرنەوەی هۆنراوەەکانی مەلای گەورە و بەشێک لە هۆنراوەەکانی مەلای گەورە و کۆمەڵێک وێنەی مەلای گەورە و خانەوادەکەی و کۆمەڵێک دەستنووسی مەلای گەورە).
هاوکات بەشی یەکەمی پەرتووکەکە دین و جیهانبینی مەلای گەورە سەرجەمی نووسینەکانی ناوی هەڵێنجراوی نێو تەفسیری مەلای گەورەن، کە پێکهاتووە لە زیاتر لە (35) باس (بحث)م کوورت و درێژ.[1]