تاڵەبانی گەورە،
گوندێکە سەربە شارۆچکەی (تەقتەق) ی شاری هەولێر.[1]
گوندى تاڵەبانى گەورە
تاڵەبان لەچییەوە هاتووە؟
هەڵکەوتەى گوندى تاڵەبانى گەورە دێمەکارەو ئاوى ناوچەکە تاڵەو نەوتاوییە، زۆربەى سنوورەکەشى باناویە، بۆیە وتراوەبانى تاڵیاخود (تاڵەبان)، هەرچەندە بیروبۆچونێکیتر هەیە دەڵێت بنە ڕووەکى تاڵیشک لەو بانوە زۆر بووە، ناوەکەى لەوەوە هاتووە (تاڵیشکەبان) و دواتر بووە بە (تاڵەبان). (8)
سنوورى گوندى تاڵەبانى گەورە
بەدوورى (4)کیلۆمەتر لە باکوورى خۆراواى تەقتەق هەڵکەوتووە، هاوسنوورە لەگەڵ گوندەکانى (#تاڵەبانی گچکە# لە باکوورى خۆرهەڵات و#گەرمکی تەقتەق# لە باشوور و چەقى تەقتەق لە باشوورى خۆرهەڵات و#ئیلنجاغی گەورە# و #ئیلنجاغی گچکە# لە باکوورى خۆراواو #ئۆمەرگومبەت#یش لەخۆراوا.
کەرتێکى کشتوکاڵى بەژمارە (3)ى هۆبەى کشتوکاڵى تەقتەقە، تێکراى ڕووبەرەکەى (7499)دۆنمەو (1902)دۆنمى شیاوى چاندنە و (5096)دۆنمى پاوان ولەوەڕگایە، (500)دۆنمى بەراوەو (28)دۆنمیش حەرەمى گوندەکەیە، کەوتووەتە نێو هێڵى درێژى (44، 34-44، 57)ى خۆرهەڵات ونێو هێڵى پانى (35,55-35,95)ى نیوە گۆى باکوورى زەوییە، (451)مەتریش لەئاستى ڕووى دەریاوە بەرزە.
بانى تاڵەبانى گەورە بەدووەم بان دادەنرێت لەڕووى فراوانى ڕوبەرەکەیەوە لەدواى بانى ئیلنجاغى گەورە لەسنوورى شارەدێى تەقتەق، کەزەوییەکانى پشتاوە و پشت بەئاوى باران دەبەستێت و لە دیارترین پارچە زەوییە پشتاوەکانى (پشت ڕێ، سۆفى سمایل، ناوڕیان، تارین، قەبرى چاوشین، چاراو، مانگە پێشکە، حەگوس، سولاوک، عەلیەڕەش، لیمۆیین، بانى ئەسحابە، گۆرقەرەج، بەراوان، گوڵەباغە، زێڵواوان، شیوەبازى، پانکى سماق، گردى باوەمەرە، کاولەخانیان، قەراتەسۆران، پەرۆشەدارین)، هەروەها کەمێکیش زەوى بەراوى هەبووە وەک (دۆڵى سولاوک، کەندى گوڵەباغە، بەراوان)وە گردى قەراتەسۆرانیش بەرزترین گردى سنوورى گوندى تاڵەبانى گەورەیە.
لەسنوورى تاڵەبانى گەورە چەندین پارچە زەوی هەن کە بەوە دەچێت شوێنى شوێنەوارى بن وەک (خرابەى حاجى شێمحەمەد، خرابەى حاجى عەزیز، کاولان)، جگە لە گۆڕستانى حەگوس کەمردوى لێ دەنێژن چەند گۆڕستانێکیتر لەتاڵەبانى گەورە هەیە وەک گۆڕستانەکانى (کاولەخانیان، ئەسحابە، سولاوک)، هەروەها سێ چاکیش لەو گوندە بوونیان هەیە وەک چاکى کاولەخانیان، کە خەڵکى بۆ نەخۆشى بادارى سەردانیانکردووە، ئەسحابەش بەردێک دەبرا بۆکانى پشت ئەسحابە بۆ ئەوەى باران ببارێت، قەبرى چاوشینیش کە ئێستا شوێنەکەى بووە بە بەنزینخانەى برایان ومزگەوتى حاجى عوسمان یەکێک لەچاکەکانى ئەو گوندە بووە لە ڕابردوو.
پێکهاتەى دانیشتووانى گوندى تاڵەبانى گەورە
تاڵەبانى گەورە لەنەوەى پێنج تیرەى سەرەکى پێکهاتوون ئەوانیش (پاڵانى، سیان، خۆشناو، بەرزنجى و باجەلان)ن، مێژوى هاتنى پاڵانییەکان بۆ تاڵەبانى گەورە زانراو نییە، بەڵام بە یەکێک لەکۆنترین گوندەکانى ئەم ناوچەیە دادەنرێت کەژیانى تێدابووە، لەئاقارى (خانیان)یان (کاولە خانیان)، بەرانبەر ئاقارى (بیان)ى ئیلنجاغى گەورە، کە ئەو کاتیش (بیان)یش گوند بووە و پاڵانییەکانى ئیلنجاغى گەورە خاوەنى بوون، زۆربەى زەوى وزارەکانى تاڵەبانى گەورە موڵکى پاڵانییەکان بووە، ئەمەش بەڵگەیە کە کۆنترین وپێشینەترین خەڵکى تاڵەبانن، بەتایبەت زۆربەى زەوییەکانى بەناوى (ئەحمەد عەبدولقادر)ەوە بووە، هەتا ئەم دواییانەش تاپۆکەى لەلاى کچەکەى بوو بەناوى (مهرى)، ئەو ئەحمەدەش بە (ئەحمەد سەلک) ناسراوبوو، پێدەچێت خوشک وبراکانى بەهۆى گرانى وکارەساتەوە لەدەست دابێت، بەڵام کەس وکارى لە پاڵانییەکانی تر وەچەیان لەو گوندە ماوە.
دواى ئەمانە بەرەى فەتاح دێن کە هەندێک پێیان وایە لەسەر سنوورى ئێرانەوە هاتوون، هەندێکیش پێیان وایە لەتیرەى سیانن، سۆفیەمەریشیان پێدەوترێت کە لەسۆفى عومەرەوە هاتووە، دیارترینى ئەو خانەوادەیە (کێخوا شەریفى کورى فەتاح)ە، کە نەوەى کچێکى مام ئەبابەکرى خۆشناوان بووە بەناوى (خانم).
خۆشناوەکان، دواى بەرەى فەتاح دێن وزۆرینەى دانیشتووانى گوندەکە پێکدێنن نەوەک لەبەر ئەوەى پێشینەن، بەڵکوو بەهۆى کەوتنەوەى وەچەى زۆرەوەیە، ئەم خۆشناوانە لەبنەچە خۆیان بۆ (ئاغاکان)ى ئەسپیندارەى شەقڵاوە دەگەڕێننەوە، دەڵێن خزمى بنەماڵەکانى (حەمید ئاغا وجەبار ئاغاوشێمحەمەد ئاغا)ى ئەسپیندارەن، و دەشڵێن خزمایەتیشیان لەگەڵ خانەوادەکانى (مام عەلائەدین وعەبدولحەمید وحاجى فایەق)هەیە لە شارى کۆیە.
خۆشناوەکان لە هەرسێ کوڕى (سڵێمان ئاغاى بایزى کوڕى مستەفاى خۆشناوان)ن، بەناوەکانى (ئەبابەکر وحەمادى ومامۆک)، هەرچەندە بیروبۆچونێکیش بۆ کورى سێیەم (مامۆک)هەیە کە شوانکارەیان بوبێت، بەڵام وەک برایان ئەژماریانکردووە، لە دیارترین هەڵکەوتوانى بەرەى خۆشناوان لە گوندى تاڵەبانى گەورە (ئەبابەکرى سڵێمان ئاغا وسمایل شەنگەى ئەحمەد عەوڵڵاى حەمادى وباوەکر ڕەشید ئەحمەد ئەبابەکر وعەبدوڵڵا تەیب ئەحمەد ئەبابەکر (حاجى عەوڵا).
دواى پاڵانى وسیان وخۆشناوەکان تیرەى سەیدانى بەرزنجە هاتوون کە دکتۆر جەمال باجەلان پێى وایە لەموسڵەوە هاتوون و هەندێکیش دەڵێن لەسەیدەکانى بەرزنجەى سلێمانین، باپیرەیان (سەید محەمەد) هاتووە، کەسێ کوڕى بەناوەکانى (نەجمەدین وعەلى وشێخ جەلال) هەبووە، ئەو سەید محەمەدە پیاوێکى ناوداروخواناس بووە گۆرەکەشى بووە بەنەزرگە.
باجەلانییەکان، لەکۆتایى سەدەى نۆزدەیەمەوە لە گوندى قامیشەى دۆڵى خەلەکانەوە هاتوون، باپیرەیان ناوى (مەلا حەمەدەمینى مەلا پیرۆت)بووە، بووە بەمەلاى تاڵەبانى گەورە، سێ کوڕى بەناوەکانى (حەمەد وحەمەشەریف و فەقێ ڕەسوڵ)، مەلا حەمەدەمین دواى خۆى پەرتووکخانەیەکى باشى بەجێهێشتوە، دکتۆرجەمالى محەمەدى فەقێ ڕەسوڵ دەڵێت ماڵى مەلا ئەفەندى هەولێر هاتوون پەرتووکخانەکەیان کڕیووە، دواى مەلا حەمەدەمین، مەلا محەمەدى فەقێ ڕەسوڵى نەوەى مەلایەکى دیارى گوندى تاڵەبانى گەورە بووە.
لە ساڵى 2013ژمارەى خێزانەکانى گوندى تاڵەبانى گەورە (8)خێزان و (35)سەرخێزان بووە، لەخوێندنى ساڵى 1973-1974 قوتابخانەى لێکراوەتەوە ویەکەم بەڕێوەبەرى قوتابخانەکەش ناوى (ئازاد عومەر مەحمود کۆیى)بووە، و لە دیارترین کێخواکانیان (کێخوا شەریف کوڕى فەتاح-سۆفیەمەر-، ئیسماعیل ئەحمەد شەنگەى کوڕى عەوڵاى حەمادى، مام باوەکرى ئەبابەکر، حاجى عەوڵاى تەیبى ئەبابەکر)، و لەکەسایەتییە کوردەوارى وجوتیارییەکانیان (حاجى ساڵحى ئۆمەرى ئەبابەکر و حەمەد برایم بایز مامۆک وسەید محەمەد سەید عەبدولڕەحمان بەرزنجى وئەحمەد مەلا حەمەدەمینى پیرۆت وعەلى سمایل میکائیل پاڵانى وحەمەزیادى سمایلەکەڕى پاڵانى).
لەگرنگترین کارە خزمەتگوزارییەکانى گوندى تاڵەبانى گەورە (قوتابخانە وپڕۆژەى ئاوى خواردنەوە و ڕێگاى تێکەڵە ڕێژ)ە.
ڕووخان وکاولکارییەکانى تاڵەبانى گەورە
بەحوکمى ئەوەى ئەو گوندە لە ڕێگاى تەقتەق-کۆیە نزیک بووە بۆیە بەدرێژایى مێژوو چەندین جار حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانى ئێراق پەلامارى ئەو گوندەیان داوە و دووچارى زیانى گیانى و مادى هاتۆتەوە وەک:
یەکەم: لەنێوان ساڵانى 1963-1965چەندین خەڵکى ئاوایى تاڵەبانى گەورە ئاوارەى گوندەکانى دەوروبەریان بوون بۆ گوندەکانى (ئیلنجاغى گەورە، ئۆمەرگومبەت، شیوەجانى، تەکەڵتوو، شیواشۆک)، جگە لەسووتان وتاڵانکردن وڕووخانى خانووەکانیان، لە8/4/1965دا شەهیدیشیان داوە بەناوى (ئەبوبەکر ساڵح ئۆمەر) ناسراو بە (کاکەحەمە).
دووەم: لە10/2/1977 لەدۆڵى خەلەکان بەهۆى کەوتنە نێو شەڕى هێزى پێشمەرگە و جاش وجەیشەوە، 3لە خزمانى تاڵەبانى گەورە بەناوەکانى ( عەزیز حەمەد شەریف و ئامینە شەریف فەتاح ومەولود ئەسعەد نەبى) شەهید دەکرێن، دواتر هەر لەبەدواداچونى ئەو شەهیدانە لەشیوى لولەى تاڵەبانى گەورە (کاکەشین حسێن عەزیز)شەهید دەکرێت، و هەریەک لە (ئۆمەر ساڵح حەمەد وحەمەد ئەسعەد نەبى و حاجى عوسمان باوەکر) دەگیرێن و دەبرێنە سەربازگەى قەڵاتەى تەقتەق دواى ئازار وئەشکەنجەیەکى زۆر ئازاد دەکرێن، بەڵام ئەو ئازار وئەشکەنجەیە بووە مایەى نەخۆش کەوتنى (حەمەد ئەسعەد نەبى) تا لەکۆتایشدا ئەو لێدانە کاریگەرى لەسەرى هەرمابوو.
سێیەم: لەگەڵ دەستپێکردنى جەنگى ئێراق-ئێران لە ساڵى 1980، بەبیانوى نەوتى تەقتەقەوە 9گوندى باکوورى خۆراواى تەقتەق دووچارى ڕاگواستن کران وتاڵەبانى گەورە یەکێک بوو لەو گوندانە.
چوارەم: ئەنفالى 1988وەک سەراپاى گوندەکانى هەرێمى کوردستان دۆڵ بەدۆڵى سوتێنراو وتەختکرا.
(8) بۆ کۆکردنەوەى زانیارى لەسەر گوندى تاڵەبانى گەورە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەم بەڕێزانەى خوارەوە کراوە:
1-فاتح حەمەشین خورشید (بێلانى شاعیر)، لەدایکبوى 1968ى تاڵەبانى گەورە، لە1-2-2013، ڕۆژنامەنووس وشاعیر.
2-نەجمەدین محێدین حەمەدەمین، لەدایکبوى 1961ى تاڵەبانى گەورە، لە15-3-2013، ئەنجوومەنى گوند.
3-د.جەمال محەمەد فەقێ ڕەسوڵ، لەدایکبوى 1953ى تاڵەبانى گەورە، لە27-3-2014. ئەکادیمى و زاناى ئایینى.
4-مەلا عەبدولمەجید محەمەد تەیب، لەدایکبوى 1951ى تاڵەبانى گەورە، لە9-5-2014.
5-حاجى عەبدولحەمید محەمەد تەیب، لەدایکبوى 1940ى تاڵەبانى گەورە، لە9-5-2014.
6-ئەبوبەکر عوسمان حەمەساڵح، لەدایکبوى 1956ى تاڵەبانى گەورە، لە9-5-2014.
7-جەواد حاجى سمایل میکائیل، لەدایکبوى 1965ى تاڵەبانى گەورە، لە 9-5-2014.[2]