ئامادەکردنی: #زریان سەرچناری#
سلێمانی 2018
ناری (1874-1944)
لە فیتنەی نازی غەمزەی چاوی فەتتانی خوا چی بکەم؟
لە ئێشی عەقرەبی زولفی پەرێشانی خوا چی بکەم؟
لە سەفحەی ڕوومەتم یەک جێ نەما بێ زەخمی پەیکانی
لە حەملەی فەوجی ڕووسی تیری موژگانی خوا چی بکەم؟
بە زولفی، سوبحی ڕووی پۆشی کە قیبلەی ئەهلی ئیمانە
لە جەمعی سوبح و شام و کوفر و ئیمانی خوا چی بکەم؟
وەکوو بارامی گۆڕە، تورکی چاوی بۆ نیشانەی دڵ
لە خۆش لێدان و پڕپێکانی پەیکانی خوا چی بکەم؟
لە شەودا ماهی ڕووی دەرکەوت و زوو هەڵهات و نەمزانی
لە بێ میهری ڕوخی وەک ماهی تابانی خوا چی بکەم؟
ئەگەر چی شێوەیی شیرینی جەزبی دڵ دەکا هەردەم
لە حەرفی تاڵی لێوی شەککەرئەفشانی خوا چی بکەم؟
هەتاکوو هەڵنەکات بۆ ڕەفعی زوڵمەت شەوچرای کوڵمی
لە ڕەمزی خاڵی شین و لەعلی خەندانی خوا چی بکەم؟
لەسەر سینەی بە ئاهی من شکا چینی سەری زولفی
لە پەرژینی شکاوی باغی سێوانی خوا چی بکەم؟
لە دووکانی خەیاڵمدا نەما جنسی غەزەل ئەمڕۆ
لە بۆ فەرشی سەریری تەختی ئەیوانی خوا چی بکەم؟
نەخۆشم بێ نەباتی لێوی، من موشکیل نەجاتم بێ
لە بۆ ماچی وەکوو دەرمانی لوقمانی خوا چی بکەم؟
لە شۆڕ دایە مورغی دڵ، بە ئوممێدی نەسیمی گوڵ
لە بۆ عەتری غوباری چاکی دامانی خوا چی بکەم؟
دەمێ بۆ من نەبوو سەیری کەناری گوڵشەنی وەسڵی
لە بێ ڕەحمی ڕەقیب و جەوری دەربانی خوا چی بکەم؟
ویساڵی بۆ ڕەقیب و دەردی هیجرانی بە (ناری)دا
لە ڕەسمی بێ وەفایی و عەهد و پەیمانی خوا چی بکەم؟
........
لە گۆشەی خەڵوەتی پڕمیحەنەتی دارولفەنا چی بکەم؟
لەبەر زاد و زەخیرەی مەنزڵی دارولبەقا چی بکەم؟
لیباسی تاعەت و مەقبووڵ و پاکم قەت نەپۆشی من
لە ڕۆژی مەحشەرا عوریان و بێ بەرگ و نەوا چی بکەم؟
نەبوو لێو و دەمم یەکەدەم بە زیکری چاکە مائیل بێ
لە تەحریکی زوبانی لاڵی بێ حەمد و سەنا چی بکەم؟
خەیاڵ و ئارەزووی گوڵزاری جەننەت قەت بە دڵ نادەم
لە سەوداکردنی فەرش و مەتاعی بێ بەها چی بکەم؟
لە نەفسی خۆمە ئەمرۆ موددەعی بۆ من لە دنیادا
لە بەدخواهی ڕەفیقی شووم و یاری بێ وەفا چی بکەم؟
زەهیرم چاکە بوو چوو، مەلجەئم تاعەت لە دەس دەرچوو
لە هەنگامی حیسابا بێکەس و پشت و پەنا چی بکەم؟
بە دەردی مەعسیەت ئالوودەیە ئەمرۆ وجوودی من
لە ڕەنجی زەحمەت و ئازاری سەختی بێ دەوا چی بکەم؟
لە سەر عەزەمی سەفەر ئامادە و ناشارەزا ماوم
خودایا گەر نەبێ تەوفیق، منی بێ ڕەهنوما چی بکەم؟
کە نەم بێ دەفتەری حوسنی عەمەل بۆ چارەسازی من
بەغەیرەز گرتنی داوێنی (ما تَحْتَ العبا) چی بکەم؟
مدیری پیری دنیام و ڕەقیبی پیر و دەروێشم
کە وابێ من وەکوو سۆفی لە تەسبیح و عەسا چی بکەم؟
بڵێ (ناری) بە قانوونی سەداقەت، کەعەبە کەچ نابێ
لە عیلمی بێ نەتیجە و بێ عەمەل ئاخر مەلا چی بکەم؟
.........
لە دارولحوزنی دووری، ئیختیاری غەم نەکەم چی بکەم؟
بەبێ مەعشوقی شادی، دەس لە مل ماتەم نەکەم چی بکەم؟
ڕەئیسی تاقمی بەدبەختی سەختی کێشی ئەییامم
وەکوو وەحشی لە زومرەی ئەهلی عوشرەت ڕەم نەکەم چی بکەم؟
کە ئاهی سینە وەک جۆشی سەماوەر بێ لە جونبوشدا
لە جێگەی چا لە دڵما خوێنی چەرگم دەم نەکەم چی بکەم؟
نەبوو بۆ من دەمێ غونچەی سرووری گوڵشەنی وەسڵت
لە خارستانی هیجرت خاری میحنەت جەم نەکەم چی بکەم؟
بیابانی فیراقت وادییەکی گەرم و بێ ئاوە
قەناعەت گەر بە ئەشکی ئاتەشی گریەم نەکەم چی بکەم؟
موشەووەش بوو بە مەشرووتەی ئەلەم ئەوقاتی ئێرانم
بە سالاری خەیاڵت فیکری دەفعی غەم نەکەم چی بکەم؟
لە شوعلەی ئافتابی تەڵعەتت یەک مانگە مەحرومم
لەژێر باری غەما پشتم هیلالی خەم نەکەم چی بکەم؟
دڵم وەک ئاش و دەردم ئاشەوانە بۆ مزەی میحنەت
سروشکی دەم دەمی چاوم، بەسەیلی چەم نەکەم چی بکەم؟
لە بۆ میعراجی وەسڵت بێ بوڕاقی پڕتەوی لوتفت
لە کولبەی میحنەتی عەزمی حزوورت کەم نەکەم چی بکەم؟
عرووسی فیکری (ناری) زێوەری تەحسینی مەحموودە
بەبێ زێوەر دەسا بووکی تەبیعەت زەم مەکەم نەکەم چی بکەم؟
..................
(تاک)
ئەگەر ئەو شۆخە بێتە سەر فرۆشی ماچی کوڵمی خۆی
لە بازاڕی مەحەببەتدا بە ڕۆح سەودا نەکەم چی بکەم؟
[1]