عەونی شاعیر
عوسمانی عەونی حەبیب، یەکێکە لە شاعیرە نیشتمان پەروەرەکانی کورد لە ساڵی 1914ز. لە شاری #کۆیە# لەدایک بووە، بەهۆی نووسینی هۆنراوەی نیشتمانپەروەریەوە ماوەی چەند ساڵێک زیندانی کراوە، بۆ یەکەم جار هۆنراوەی بۆ ماڵباتی بەدرخانییەکان نووسیوە، ئەم کەڵە شاعیرە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندان هەبوو، زۆر هۆنراوەی عەونی لەلایەن هونەرمەندی گەورەی کورد تاهیر تۆفیق کراوە بە گۆرانی.
نووسەر و ڕۆژنامەنووس فەرهاد عەونی کوڕی شاعیری کۆچکردوو، لەبارەی عەونیی باوک و شاعیرەوە وتی: عوسمان عەونی لە ساڵی 1914ز. لە گەڕەکی بەفری قەندی شاری کۆیە لەدایک بووە، لە تەمەنی 13 ساڵی چووەتە بەر خوێندن و دوای ماوەیەک وازی لێ هێناوە، زمانی عەرەبی و فارسیی بەباشی زانیوە و کەمێکیش زمانی ئینگلیزیی زانیوە، هاوکات یەکێکیش بووە لە خۆشنووسەکانی شاری کۆیە، لە سەرەتادا بە هۆنراوەی نیشتمانپەروەری هاتۆتە نێو دونیای هونەر و ئەدەب، لە تەمەنی 21 بۆ 22 ساڵی هۆنراوەی نیشتمانپەروەریی بۆ ماڵباتی بەدرخانییەکان نووسیوە و بڵاوی کردووەتەوە، ئەو کات بەدرخانییەکان سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردیان دەکرد لە ڕووی سیاسی و ڕۆشنبیرییەوە، لە ساڵی 1933ز. هۆنراوەیەکی 110 دێڕی بۆ گۆڤاری هاوار ناردوو و بڵاویان کردووەتەوە کە ئەو کات لە شام دەردەچوو.
عەونی سەرقاڵی کارکردن بووە، بەتایبەتیی لە دوای کۆچی دوایی باوکی، چونکە تەواوی ئەرکی بژێویی ماڵەوە دەکەوێتە ئەستۆی، بەڵام بەردەوام لە بیری هۆنراوە و ئەدەبدا لە هەوڵی نوێگەری و شێوازی ڕێبازی ڕاستەقینەی کوردپەروەری بووە و هەرگیز هۆنراوەی فەرامۆش نەکردووە، زۆر جاریش بەهۆی نووسینی هۆنراوە و هەڵوێستی سیاسییەوە تووشی زیندانی و ئەشکەنجە بووەتەوە، لەبەر ئەوەی لەناو کۆمەڵەی برایەتی و ڕزگاری و هیوا و #پارتی دیموکراتی کوردستان# کاری کردووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بوو بۆ زیندانیکردنی بۆ ماوەی 6 ساڵ لە شارەکانی کۆیە و #هەولێر# و بەغدا و نوگرە سەلمان.
فەرهاد عەونی، لەبارەی هۆنراوەکانی عەونییەوە وتی: باوکم هۆنراوەی غەزەلی و هۆنراوەی نیشتمانپەروەریی تێکەڵی هۆنراوەی سۆزداری کردووە، بۆ نموونە دەڵێت:
نەسرین ئەمڕۆ نەورۆزە
لێت بێ جەژنە پیرۆزە
لە کوردستانی گەورە
جەژنی گشت تیر و هۆزە
ئەگەر سەیر بکەین نەسرینی کردووەتە سمبول، چونکە دەڵێت لە هەموو کوردستان نەورۆزەو لە سەرتاسەری ئاهەنگ دەگێڕن.
یاخود دەڵێت:
جیهانم پشکنیوە نازدار
من گۆران و تۆ کرمانج
هەردووکمان بۆ یەک ئامانج
هەر دەڵێین و تێناگەین
هەر ئەڕۆین و پێناگەین
شێوەی ئەم گفتوگۆیە
داخەکەم ڕەنجەڕۆیە
نە لەیەک دەگەین
نە بەیەک دەگەین
ئەم هۆنراوەش هۆنراوەیەکی غەزەلی ناوئاخنی نیشتمانپەروەریییە، ئەگەر سەیر بکەی وشەی کورد و کوردستانی لە بەشێکی زۆری هۆنراوەکانیدا بەدی دەکرێ.
فەرهاد عەونی لە کۆتایی قسەکانیدا ڕەخنەی لەلایەنە پەیوەنیدارەکان بەتایبەتیی مەڵبەندە ئەدەبی و ڕووناکبیری و ڕێکخراوەکان گرت، بەهۆی یادنەکردنەوەی ئەم کەڵە شاعیرە کە خاوەنی چەندین قەسیدەی نایاب و جوانە، هاوکات دەست خۆشیی لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەریی کۆیە و بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ لقی کۆیە کرد، بە بۆنەی یادکردنەوەی عەونی لە دوای 21 ساڵ لە کۆچکردنەکەی.
لای خۆیەوە ساسا عەونیش کە کوڕی ئەم شاعیر ناسراوە و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، وێڕای سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ئەو دوو دەزگایەی یادی عەونیی شاعیریان کردەوە، بە (باس) ی ڕاگەیاند: عەونی تەمن و قەڵەم و فکر و هەڵوێستەکانی خۆی بۆ کورد و کوردستان تەرخان کرد، ئێمە هەموو لە پەروەردەی ئەو و هۆنراوەکانی ئەوەوە، فیرَی کوردستانپەرەوەری بووین، بۆیە یادکردنەوەی و لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە هۆنراوەکانی، لە بیری نیشتمانپەروەریی عەونی، وەفادارییە بۆ ڕۆڵەیەکی بەوەفای ئەم نیشتمانە.
عەونی له20-07-1992ز. دوای تۆپبارانکردنی شاری کۆیە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، بەهۆی بەرکەوتنی ساچمەوە بۆ هەتاهەتایە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بەیەکجاری هونەر و هۆنراوەی بۆ دوای خۆی جێهێشت و لە گۆڕستانی باسکی عەرەبان بە خاک سپێردرا.
عەونی دووکانێکی لەناو شاری کۆیە هەبوو، بەردەوام کۆمەڵێک لە ئەدیب و ڕۆشنبیران لەلای دانیشتوون و باسیان لە کوردپەروەری کردووە، ئەم دووکانە تاکوو ئێستاش وەک و ڕەمزێک ماوەتەوە و کوڕێکی شاعیر بەناوی (خەسرەو) سەرپەرشتیی دەکات.
هەر لەبارەی شاعیر عەونیی نووسەر و ڕۆشنبیر فازیل شەوڕۆ وتی: عەونی ئەو دەنگە ڕەسەنە زیندووەیە کە لە سەدەی ڕابروودودا لە جەرگەی کوردستانی گەورەدا و لە ئامێزی شارەکەی (کۆیە) زایەڵە و سەدای هۆنراوەکانی تێکەڵ بوو بە نرکە نرک و ئاە و ناڵەی خەباتگێڕانی کورد و ئاواز و سەدای مەقامبێژ و هونەرمەندانی سەردەمی خۆی، دیوانی (عەونی) کە نزیکەی (400) لاپەڕە هۆنراوە، کەم تا زۆر قسەوباسی لەسەر کراوە، وەلێ ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لە زۆربەی توێژێنەوە و وتارەکاندا، زادەی قەڵەمی نووسەرەکانی خودی شاری (کۆیە)ن و تا ئێستە لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی تێروتەسەلی سەردەمانەی بۆ ئەنجام نەدراوە، بۆیە زۆر ڕاز و نهێنی و ئەفڕاندن و هونەر لە تێکستە هۆنراوەکانیدا بە تاریکی ماونەتەوە.
فازیل شەوڕۆ وتیشی بە چاوخشانێکی خێرا بە دیوانی هۆنراوەکەی (عەونی) دا، تێدەگەی کە ئەو خاوەنی سێ ڕەهەندی دیار و بەرچاوە:
یەکەم: هۆنراوەکانی هاوشانی هاوقەڵەمەکانی خۆی بووە، لە (دڵدار و دلزار و سامی عەوداڵ و هێمن.....) لە زۆر سیما و خەسڵەت و بنەمادا.
دووەم: ڕووناکبیری و ڕۆشنیری و ئاشتیخوازی و خێرخوازی و شورشگێڕیی ئەو شاعیرە، دیاردەیەکی نەگوڕ و چەسپاو بووە.
سێیەم: چالاکەوانێکی پڕکار و بەهرە و دەستڕەنگین بووە لە بواری زمان و کولتوورو ئەدەب و کاری ڕێکخراوەییدا (ئەندامێکی کارای لێژنەی زمانەوانیی کۆنگرەی یەکەمی و دووەمی مامۆستایانی کورد بووە لە ساڵانی (1959-1960ز.) ، (ئەندامی یەکیتیی نووسەرانی کورد و ئەندامی کارای کۆڕی زانیاریی کورد بووە لە ساڵی 1972) .
ناوبراو وتیشی هۆنراوەکانی (عەونی) بابەتێکی بەپێز و بەپیت و دەوڵەمەندە بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی هاوچەرخ لەم ڕووانەوە:
• بوونیادی دەق و شیتەڵکردنی پێکهاتەکانی.
• کێش و ئاواز و ڕیتم و دەنگ لە دەقەکاندا.
• ڕەنگدانەوەی واقیع حاڵی سەردەم و پێگەی شاعیر لە دەقەکاندا. [1]
=KTML_Bold=عەونی و ژیانی شاعیری=KTML_End=
عەونی لە سەرەتای سییەکانەوە، دەستی بە هۆنراوە نووسین کردووە، چووەتە ناو دنیای هۆنراوەی کوردی، چونکە لەو ساڵەوە هۆنراوەی پتەوی داناوە و جێ پێی خۆی لەسەر زەمینەی هۆنراوەی ڕەسەنی کوردی کردووەتەوە.
لە سەرەتادا وەک هەموو شاعیرێکی ئەو سەردەمە بە غەزەل دەستی پێ کردووە و چەند هۆنراوەیەکی ئۆپەرێتی بۆ قوتابییانی قوتابخانەکەی شاری کۆیە داناوە و دەستیشی داوەتە هۆنراوەی سیاسی و کوردایەتی.
عەونی لەگەڵ زۆربەی شاعیرانی کۆیە و کوردستاندا دۆستایەتی بەتینی بووە و هۆنراوەیان بە یەکەوە داناوە و بیروڕای خۆیان بەرانبەر بە هۆنراوە و ئەدەبیاتی کوردی دەربڕیوە و هۆنراوەی یەکتریان کردووە بە پێنج خشتەکی وەکوو سافی هیرانی و مەیلی و دڵدار و گۆران و هێمن و دڵزار و جاهید و گەلێک شاعیر و نووسەری دیکەی کوردستان. لەگەڵ درووست بوونی یەکێتی ئەدیبانی ئێراق لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958 بووەتە ئەندامی ئەو ڕێکخراوە ئەدەبییە و وەک شاعیرێکی کوردپەروەر، دەوری تێدا بینیوە.
لە ساڵانی 1959 و 1960ز. وەک شاعیرێکی زمانزانی کورد بەشداریی لە کۆنگرەی یەکەم و دووەمی مامۆستایانی کورد لە شەقڵاوە کردووە و لە لیژنەی زمانی کوردیدا ئەندامێکی کارا بووە.
لە ساڵی 1970ز. دا دوای ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداردا و لەپاش دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد، بە ئەندامی ئەو یەکێتی یە وەرگیراوە و لە هەموو کۆڕ و لە کۆنگرەکانیدا بەشداریی کردووە، لە دوای دامەزراندنی کۆڕی زانیاریی کوردیش، لە ساڵی 1972ز. دا بە ئەندامیی یاریدەدەری ئەو کۆڕە وەرگیراوە.
عەونی شاعیری هەڵکەوتووی کورد، بەرهەمی هۆنراوەیی لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکانی وەکوو هاوار و گەلاوێژ و دەنگی گێتی تازە و بەیان و هەولێر و کاروان و هاوکاریی و برایەتی بڵاوکردووەتەوە و ناوبانگی شاعیریی بە هەموو لایەکی کوردستاندا بڵاو بووەتەوە و زۆر جار ئیستگەکانی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی بەغدا و کەرکووک هەوڵیان داوە چاوپێکەوتنی ئەدەبی لەگەڵدا ساز بکەن و پیشانی بینەرانی کوردی بدەن، بەڵام ئەو ماوەی نەداون چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکەن و پێشەکی لەوە گەیشتووە کە هۆنراوە نەتەوەییەکانی ڕژێم ماوەی بڵاوکردنەوەیان نادا.
عەونی بەرهەمی هۆنراوەیی زۆرە و سانسۆری دام و دەزگای ڕژێمی بەعس ماوەی چاپکردنی دیوانەکەی نەداوە. بەڵام ئێستاکە وا لە سایەی پەڕڵەمان حکوومەتی هەرێمی کوردستان وا سەرجەمی هۆنراوەکانی لەم دیوانە قەشەنگەیدا پێشکەش بە هۆنراوەدۆستانی نەتەوەی کوردی دەکەین، هیوادارین بە چاوی هەڵسەنگاندن و نرخاندن سەیری بکەن.
عەونی شاعیر و خەباتگێڕی کوردپەروەر، ژیانێکی پڕکێشە و ئازار و ئەشکەنجەی بەسەر برد، بەتایبەتیی لەم ساڵانەی دواییدا سەرەڕای خوشک و برا مردن و کۆست کەوتنی، ڕۆژبەڕۆژ بەدەست نەخۆشی هەناسە تەنگییەوە پەرێشانتر دەبوو، ڕژێمی بەعسیش لە دوا پەلەقاژەی نەمانی لە کوردستان، شاری کۆیەی تۆپ باران کرد و ماڵەکەی شاعیر یەکێک بوو لە ئامانجی گوللەکانی و چەند پریشکێکی (ساچمە) بەرکەوت و برینداری کرد، ئەو کارەساتە سامناکە ڕێگای کۆچی دوایی کوورت کردەوە، ئەوەبوو لە ڕۆژی 20-07-1992ز. دا دوعاخوازیی لە کەسوکار و کورد و کوردستان کرد و تا هەتایە چاوی ژیانی لێک نا و تەرمی پیرۆزی بەشانی ئەدیب و نووسەران و جەماوەری شارەکەی کۆیەی تێکۆشەر برایە گۆڕستانی باسکی عارەبیان و بەخاکی نیشتمان سپێردرا. [2]