سەربازانی سوپای دەوڵەتی تورک لە گوندی سیران-ی سنووری پارێزگای هەولێر دوو گەنجیان دەستگیر کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی، کە ڕۆژنیوز لە کەسوکارەکەیانەوە وەریگرتووە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دوو گەنج بەناوەکانی جیهاد سەلیم تەمەن 16 ساڵ و عەبدولقەهار لەزگین تەمەن 20 ساڵ لەلایەن سوپای دەوڵەتی تورکەوە لە گوندی سیران-ی سەر بە دەڤەری برادۆستی پارێزگای هەولێر دەستگیر کراون.
ئەو گەنجانە شوان-ن و لەکاتێکدا لە کوێستانەکانی برادۆستەوە بۆ بردنی چەند پێداویستییەک گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکەیان، لەلایەن سەربازانی تورکەوە لەناو گوندەکە دەستگیر کراون.
دوای چەند کاتژمێرێک، بە هەوڵی ئیدارەی ناوچەکە و کەسوکاری، دوو گەنجەکە ئازادکران.
گوندی سیران دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەدێی سیدەکان –ی ناوەندی دەڤەری برادۆست و نزیکەی 50 کم لە سەنتەری شارەدێکەوە دوورە.