کەمال موکرجی، بەرواری (#01-07-1933#ز.) لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. نەخشەساز و مامۆستای جوگرافیا و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بووە. پاشان بووە بە بەڕێوەبەری چەند قوتابخانەیەک، لەوانە: ناوەندیی ئێوارانی #سلێمانی#ی کوڕان٫ ناوەندیی وەتەنی کوڕان و ناوەندیی سەرچناری کوڕان، دواتر بووە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردە. هاوکات بووە بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی نەخوێندەواری.
کەمال، سێیەمین منداڵی گۆکول-چاند موکرجی و دووەم منداڵی خەیرییە ئەیوب غەیوبە. گۆکول-چاندی باوکی خەڵکی هیندستان بووە و لە سوپای بەریتانیدا سەرباز بووە. لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا بۆ ئێراق هاتووە و دواتر لە سلێمانی نیشتەجێ بووە و لە خزمەتی سەربازی وازیهێناوە و هەرگیز نەگەڕاوەتەوە. پێش خواستنی خەیرییە خانم دوو جاری تر هاوسەرگیریی کردووە. لەگەڵ هاوسەری یەکەمیدا ماوەیەکی کوورت پێکەوە ژیاون و مردووە. لەگەڵ هاوسەری دووەمیدا کچێکیان بە ناوی (سەبیحە) بووە، دواتر جیابوونەتەوە. سێیەم هاوسەری موکرجی خەیرییە خانمە کە تەنیا کچ و کوڕێکیان بووە٫ ئەوانیش (شوکرییە 1931-2018ز.) و (کەمال 1933-1987ز.)، کە هەردووکیان لە شاری سلێمانی و لە گەڕەکی سابوونکەران لەدایکبوون. ڕۆژی دیاریکراوی لەدایکبوونەکەی دیارنییە٫ لەسەر پێناسی باری شارستانییەکەی بە 1ی تەممووزی 1933ز. تۆمارکراوە.
کەمال موکرجی، قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، قۆناغی ئامادەیی لە ئامادەیی سلێمانیی کوڕان تەواوکردووە، پاشان لە کۆلێژی پەروەردە٫ بەشی جوگرافیای زانکۆی بەغدا وەرگیراوە کە بە (خانەی باڵای مامۆستایان -دار المعلمین العالیة) بەناوبانگ بووە. لە ساڵی 1959ز. کۆلێژی ناوبراو تەواودەکات.
دوابەدوای دەرچوونی لە کۆلێژ، هەر لەو قوتابخانەیەی خۆی لێی دەرچووە٫ واتە ئامادەیی سلێمانیی کوڕان، بە مامۆستا دادەمەزرێتەوە. پاشان لە ناوەندیی شۆڕشی کوڕان دەبێت مامۆستا. دواتر بەهۆی ئەوەی گومانی چالاکیی ڕامیاریی لێکراوە لەگەڵ کۆمەڵەی کاژیکدا؛ ئەوا بۆ بەسڕە دوورخراوەتەوە٫ لەوێ کراوە بە مامۆستا لە قوتابخانەی (ئەلنیزاڵ). پاشان بۆ ناوەندیی #قەڵادزێ#ی کوڕان لە قەڵادزێ دەگوێزرێتەوە. پاشان بۆ سلێمانی بۆ ناوەندیی شۆڕشی کوڕان و دواتریش بۆ ناوەندیی وەتەنی کوڕان هەر وەک مامۆستا دەگەڕێنرێتەوە و بەردەوام دەبێت.
لە ساڵی 1966ز. دەبێت بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئامادەیی سلێمانیی کوڕان، ساڵی دواتر دوو کاری هاوکاتی یەکتر دەکات. هاوکاتی مامۆستایەتی لە ناوەندیی وەتەنی کوڕان، لە ناوەندیی ئێوارانی سلێمانیی کوڕانیش دەبێت بە بەڕێوەبەر. هەر هاوکاتی کاری ئێوارانەکەی لە 1970-1973ز. لە ناوەندیی وەتەن دەبێت بە یاریدەدەری بەڕێوەبەر. لە 1973ز. و 1974ز. لە هەردوو ناوەندییەکانی وەتەن و سەرچناری کوڕان دەبێت بە بەڕێوەبەر.
لە ساڵی 1974ز. لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی بووەتە شارەزای بواری نەهێشتنی نەخوێندەواری، ساڵی داهاتوو بووە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردە بۆ بواری نەهێشتنی نەخوێندەواری. لە ساڵی 1977ز. بووە بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی نەخوێندەواری، مامۆستا کەریم زەند یاریدەدەری بووە. هاوکاتی کارەکانی بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری بووە بە پسپۆڕی پەروەردەیی و کارگێڕی. لە سەرەتای ساڵی 1980ز. باری تەندرووستیی تێکچووە، لەسەر ئەرکی حکوومەت بۆ چارەسەر بۆ دەرەوەی ئێراق نێرراوە. لە ساڵی 1984ز. بەهۆی لاوازیی باری تەندرووستییەوە داوای کردووە تەنیا وەک چاودێری پەروەردەیی بمێنێتەوە، بۆیە بووە بە پسپۆڕی پەروەردەیی وانە کۆمەڵایەتییەکان.
بەهۆی سرووشتی کارەکەی و بۆ چاودێریی قوتابخانەکان سەردانی زۆر لادێ و شارۆچکەی سەربە پارێزگای سلێمانی کردووە. هاوکاتی گەشتی کارەکەی؛ لە لاوە زانیاریی پێویستی نەخشەی جوگرافی و ناوی سەرجەم شوێنەکان و بەرزییان لە ئاستی ڕووی دەریاوە تۆمارکردووە. چووەتەوە ماڵەوە و ئەو زانیارییانەی لەسەر چەند ڕەشنووسێکی نەخشە تۆمارکردووە. پاش نزیکەی هەشت ساڵ کارکردن لەو نەخشەیەدا کە بە نهێنی کێشاویەتی٫ کۆچی دوایی کردووە و نەخشەکە بە ناتەواوی بەجێهێڵراوە. ئەو نەخشەیە ناوی زۆر دێ و شوێنی تێدایە کە هەموویان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خاپوورکراون و ناویان سڕاونەتەوە. وێنەی ماکی نەخشەکە 58سم بە 55سم دەبێت.. لای دامێنەکەیەوە کەمێک شێ لێیداوە و نووسینەکانی تەڵخکردووە، بەڵام هێشتا دەخوێنرێنەوە.
کەمال موکرجی چوار زمانی بە باشی زانیوە٫ ئەوانیش زمانەکانی عەرەبی٫ کوردی٫ تورکی٫ ئینگلیزی بوون. بە درێژایی ماوەی ژیانی هەر لە شاری سلێمانی ژیاوە. بەهۆی کارەکەیەوە چەند جارێک بۆ لوبنان و میسر چووە. لە (#21-11-1965#ز.) خاتوو عەتێ فەرەج مەحموودی خواستووە، دە منداڵیان بووە بە ناوەکانی (ئاسۆ - 1966ز., سازان - 1968ز. نزار - 1969ز., گوڵاڵە - 1970ز. بەمردوویی لەدایکبووە٫ میران - 1971ز. کارزان- 1973ز., ڕێبین - 1980ز., هۆزان - 1981ز., ئەحمەد - 1986ز., نەوا - 1987ز.). تا ساڵی 1970ز. هەر لە گەڕەکی سابوونکەران ژیاون، بەڵام دوای ئەو ڕێکەوتە بۆ گەڕەکی عەلی ناجی دەگوێزنەوە و تا کۆتایی تەمەنی هەر لەوێ ژیاوە. لە (#18-12-1980#ز.) باوکی دەمرێ و لە (#13-08-1984#ز.) دایکی دەمرێ.
کەمال موکرجی، نەخۆشیی دڵی هەبووە، سەردانی وڵاتی سویسرای بە مەبەستی نەشتەرگەری کردووە، لەوێ نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام لە شوباتی 1987ز. باری تەندرووستیی دڵی دیسان تێکدەچێتەوە، هەرچەندە بەپێی خۆی سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی دەکا؛ بەڵام دوو ڕۆژ دواتر و لە ڕێکەوتی (#25-02-1987#ز.) لە هەمان نەخۆشخانە گیان دەسپێرێ. هەر لە شاری سلێمانی و لە گردی سەیوان، نزیک ئارامگای باوکی دەنێژرێ. ئەو کاتەی دەمرێ هێشتا نەزانراوە کە ژنەکەی بە دوایەمین منداڵی، سکپڕە.[2]