قوماش 92
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
کاغەزم کردەوە و نووسیووی:
پرتەقار گیان، چۆنی؟ بیرت دەکەم، بیری خەندە و ددانە مروارییەکان و یەخەی کراسە بۆندارەکەت دەکەم، بیری کاتژمێری دەستت و قەڵەمی سەر گیرفانت و کلینسی دەستت دەکەم، بیری فرمێسک و دوو چاوی گەشت و گلێنە قاوەییەکانت دەکەم، بیری ناوە خۆشەکەت و قسە خۆشەکانت و دوا نووکتەکانی ئێوارانی جادەی سێتاقانت دەکەم، بیری ئەو دەنگەت دەکەم کە گۆرانیەکانی هۆمەری دزەییت پێ دەوت، بیری کتێبی دەستت و نینۆکە سپیەکانت و تاڵ تاڵی قژی بریقە دارت دەکەم، بیری هەناسەی گەرمی دووکەڵی جگەرەی سۆمەری گیرفانت و شقارتە گڕگڕتووەکەی گیرفانت دەکەم!
پرتەقار گیان! بیری سڵاو کردن و دانیشتن و خواحافیزیت دەکەم، بیری ئەو ساتانەت دەکەم کە تێر تێر لە چاوەکانی منت دەڕوانی و دەتگۆ: قوربانی ئەو خوایە بم، کە ئەو چاوە جوانانەی داوە بەتۆ، بۆ نایێی بیگۆڕینەوە، با من بە چاوی تۆ دنیا ببینم و تۆش بە چاوی من، من ببینە!
پرتەقار! ئێستا من لەو بارانە بە خۆڕە دەچم، کە دەواری کوێستان نشینەکانی سەر سنوور دەتۆرێنێ، ئێستا من لە برینی ئەو قامچییانە دەچم کە لەسەر من لە تۆیان دا، بیرت دەکەم و بیرت دەکەم و بیرت دەکەم و دیسان بیرت دەکەم! لافاوی فرمێسکی دووری تۆ، دنیای جوانی منی غەرق کرد و چیای ئاواتی ڕماندم!
پرتەقار گیان! وا تێنەگەی من تۆم لەبیر کردووە، تۆ ترپەی دڵ و خوێنی دڵ و دەماری دڵ و دڵی دڵی! دوای گیرانی تۆو ونبوونی تۆ، من ون بووم و ون بووم، من لە دووری تۆ لەو پەڕەسێلەکەیە دەچووم، کەهیچی دەست نەکەوت لەسەری بنیشێ و بە ناچاری لەسەر باڵی مەرگی خۆی هێلانەی مردنی چێکرد!
پرتەقاری من! سبەی دوای عەسرێ، لەسەر گۆڕی داکم و بابم چاوەڕێت دەکەم!
دڵی دڵت: هەورۆ، بۆیە نووسیم هەورۆ، چونکە هەروا بانگت دەکردم! ئەی جەللادی دڵم!
هەردوو چاوم پڕی ئاو بوون و ئاگرم لە هەناوی بەربوو، ئەوەی ئەو ناردبووی نامە نەبوو، تیری ئاگر ئاسای جەرگبڕی کووشندە بوو، پێنج شەش جارم خیندەوە و هەر جارەی دەمخیندەوە زیاتر دەسووتام و دەسووتام! جاری شەشەم کە خیندمەوە، لەسەر جغارە کێشان و پاکەتی سۆمەر و شقاتەی گیرفانم هەروەستەکم کرد، دەی خۆ ئەمن جغارەی ناکێشم و نەمکێشایە، ئەو جغارە چیە هەورین باسی دەکا، باشە نامە نامەی هەورینیە، خەت، خەتی خۆیتی، ئەدی ئەوە چیە نووسیتی؟ درم کەتە خورپە، زانیم شتەک هەیە و زۆرم فکر کردەوە، ئاخیری گەیشتمە ئەوەی کەوا ئەوە لەبن سەری مێردەکەی بی، ئەو بەزۆری زۆرداری ئەو نامەی بە هەورینی نووسیبی، بزانی ئەمن دەچمە سەر قەبران یان نا، ڕەنگە بە خۆو بە چل پەنجا جاشی خۆفرۆش لەسەر قەبران چاوەڕێی من بکەن، هەر بچم و گووللە بارانم بکەن! ترسەک هەموو لەشی داپۆشیم، ترس لە خۆم نا، ترس لەوەی ئەو کابرایە شتەکی لە هەورینی بکا، ئەمن ڕاهاتبووم لەگەر گرتن و لێدان و تێهەردانی، بەران قورسە لۆ هەورینی ئەو پیاوە شتەکی لێبکا، لۆیێ نەمزانی چ بڕیارەکی بدەم، ئەو شەوەی هەتا سبەینێ خەوم لێنەکەت، هەندەکجار دەمگۆ دەچمە سەر قەبران و ئەوجە هەرچی دەبی با ببی، هەندەکجاریش دەمگۆ لە مارێ دانیشە و شتی وامەکە، ئەتوو تازە لە بەندیخانەی بەربووی، خۆت تووشی کێشەکی دی مەکەوە، بڕۆ عەسکەریەکەی خۆت بکە و چیدی دەست لە کوونە زەنگەستۆرەی وەرمەدە!
مەلای بەیانی بانگی دا، هەستام نوێژم کرد و لێم پارداوە و گۆتم: خوایە بەتەمای توو! دەوری سعات دەی بەیانی بە خەبەر هاتم، هاتمە دەرێ دەست و چاوم شووشت و چووم لە کن داکم دانیشتم، دیاربوو برنجی بژار دەکرد، قیت بۆوە و چایەکەی هاویشتە سەر ئاگری و سەلاجەی کردەوە و قاپە ماستەکی دەرینا و هاویشتیە سەر سنی، دوو هێلکەشی دەرینا لە ڕوونی بکا، گۆتم: دایە ئەزیەت مەخۆ، هێلکەی ناخۆم، گۆتی: ئەگەر دەرێی لۆت دەکورێنم کوڕی گەورەم! گۆتم: ناوەڵلا نان و ماستەکە بەسە، خوا بەزیادی کا، داکم هەندی دەمێ نان و ماستەکەی هینا و چایەکی تێکرد و لە پێشی دانام، چایەکەم تێکدا و پارووەکەم لە ماستی هەرینا، داکم گۆتی: کوڕم پرسیارەکی بکەم؟ گۆتم: بەرێ دایە بپرسە! گۆتی: هەنار لۆ هاتبوو؟ گۆتم: هەر هاتبوو بەخێراتنەوەم بکا کەوا لە بەندیخانەی قورتار بوویمە، گۆتی: هیچ خەبەری لە هەورینی لۆ نەهینابووی؟ گۆتم: لۆ دەپرسی؟ گۆتی: کوڕم، تازە هەورین چووە مار و مێردی خۆی، وازی لێبینە و لێی مەپێچەوە، کوڕم عەیبەکی گەلە گەورەیە و گوناحەکی زۆر گەورەشە پیاو چاوی لە ژنی بە مێردبی، ڕاستە وەختی خۆی زۆرت خۆش دەویست و ئەویش لۆ توو سووتابوو، ئەوەی لە توانامان دابوو کردمان، هەتا لۆت بینین، ئێستا ئیشەکە نەبوو، ئەتووش تووشی هەزار دەردەسەری بووی، لە ژۆری ئیعدام کردنێ قورتاربووی، جەرگی دایەی واز لەو ژنەی بینە و خۆت تووشی کێشەکیدی مەکە، کوڕم وەڵلا لۆ توومە، بابم وەڵلا لۆ توومە! گۆتم: دایە هیچ خەمت نەبی ئیشاڵلا بە دری توو دەبی، ئەتوو بەس دوعام لۆ بکە، خوا بمپارێزی! گۆتی: کوڕم ئەگەر ئەتوو ڕێی غەرەت بگری و چاوت لە ژنی بە مێرد بی، خوا چ بتپارێزی!
پاش نان خواردنێ گۆتم: وە چاکە پیاسەکی بازاڕی بکەم و بزانم یەک دوو برادەران نابینم، هاتمە دەرێ و دختۆر شێرۆم دیت، جەگی لە تڕومبێلی دابوو، نیوەی قالبی لە بن تڕومبێلی بوو، نیوەشی لە دەرێ، دیاربوو تڕومبێلی تەواو نەبوو، چووم سەلامم لێکرد و گۆتم: دختۆر دەرێی تڕومبێلەکەت تەواو نیە و نەخۆشە! هەر لەبن تڕومبێلی گۆتی: وەڵلا دوو ڕۆژە زگی دەچی، نازانم ئەو ڕونە چیە لە بنی دەچی، وا دەگەڕێم بزانم خەلەلەکەی نابینمەوە، گۆتم: ئەوجە ئەتوو لێدەزانی؟ سەری هینا دەرێ و گۆتی: گێ بدەمن سەرلووس، دختۆر شێرۆ بەخۆی ئیشی خۆی دەزانی و بە خۆشی دەزانی چدەکا و چناکا! سەری بردەوە بن تڕومبێلی، ئەمنیش چشتەکم بە خەیاری داهات لۆ مەسەلەی دیتنی هەورینی لەسەر قەبران، لۆیێ گۆتم: دختۆر شێرۆ وەختی عەسرێ ئیشەکم بەتووە، خۆت بزر مەکە! گۆتی: بەس ئەتوو بەمن برێ ئەتوو چ ڕسقەکی، ئیللا دەبی فلیمەکەی ئیبراهیمی لەمن تێکدەی، عەسرێ ڤیدیۆی دەینم و لەگەر منداران تەماشا فلیمی سەبووحەی ئیبراهیم تاتڵسی دەکەین، لۆیێ داوای لێبوردن دەکەم و لەگەرت نایێم، گۆتم: ئەو قسانە ناخوا ئیللا و بیللا دەبی لەگەرم بێی، برێ لۆ؟ گۆتی: لۆ؟ گۆتم: چونکە دختۆر شێرۆ ئیشی خۆی بەخۆی دەزانی و هەر بەخۆشی دەزانی چدەکا و چناکا!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!