قوماش 135
نووسینی: #ئوسامە جەمیل#
گۆتم: هەوم! گۆتی: فریای هەناری کەون، دەیانەوێ بیڕفێنن، زانیتیان مێرد بە سەفینی دەکا، گۆتم: کوویان زانییە؟ گۆتی: هەنار تەلەفۆنی لۆمن کرد، لە ژۆرەکەی ئەودیووی بە جیهازەکیدی گێیان دابوێ، ئیدی وەختبوو شێت بن، بابیان ئاگری دەکاتەوە، دەرێ هەر ئەوشۆ هەناری نەیننە ئەو مارەی هەمووتان دەکوژم، تەلەفۆنم لۆ هەناری کردیەو لەمارێ هەراتیە، بڕۆ کن مزگەفتی شێخ مستەفای، مارە خزمەکم لەوێیە، لەوێ چاوەڕێت دەکا، یەکسەر هەریگرن و بیبەنە جێیەکیدی، نەچنە شەقراوەی، خەبەری سەیتەرەشیان دایە بتانگرن، خۆ بگەیننە لایەکیدی! گۆتم: ئێستا خەبەری لۆ دەنێرم، واز لە هەناری نەینی، ئەو کوڕەی لەکنەمە گیرایە دەیکوژین! گۆتی: کوڕی چ و حاری چ، کوڕ وا لێرەیە، تاقیبینگۆیان کردیە دەچنە شاوێسی، دەمێدی کۆمەرە زەلامەکیان ڕەوان کرد و شورتەشیان لەگەر خۆ بردو ئەویشیان بەردا، نیو سعات دەبی هینایتیانەوە، دیارە ئاگاتان لێنییە! ڕەنگە ئەمری قەبزی لۆ توو و سەفینیش دەرچووبی و بتانگرن، ئەوانەی لە گوندیش بوون، هەموو گیراینە! هەورین بێ خواحافیزی تەلەفۆنەکەی قەپات کرد، ئەمنیش بە پەلە چوومە دەرێ، سێ چار چەکدارم لەگەخۆ برد و سواری پیکابی بووین و چووینە لای مزگەفتی شێخ مستەفای، کووی وەسف کردبوو، خانیەکەمان دیتەوە، لە دەرکەمدا، دەرکەیان کردەوەو گۆتم: برێنە هەناری با بێ بڕۆین، درەنگە! هەنار یەکسەر هات، سواری تڕومبێلی بووین و پێمان لێنا، ئەمە لەسەری کۆرانێ بزربووین، تڕومبێلەکی پڕی چەکدار چوو لۆ کۆرانێ، زانیم گێیان لە قسەکانی من و هەورینی بووەو بەدوو هەناری داهاتینە بیگرن!
پێمان لێنا لۆ ماری سەفینی، گەیشتینە سەری کۆرانێ، دیتم سەفین بە مشەوەشی هات، گۆتم: زووبە با بڕۆین! گۆتی: سێ چار تڕومبێلی شورتەی هاتن بمگرن، خوا ڕەحمی کرد بەسەبانی ئاودیوو بووم، ئەو سەگبابە هەموو حکوومەتی کوردی لەگەرەو بەهەمووان دیفاعی لێدەکەن! سەفین لەگەمە سواربوو و بە تووندی پێمان لێنا، گۆتم: باشە چبکەین و کێوە بچین، ڕیسەکەمان لێ بوویتەوە خوری، گۆتی: وەڵلاهی بەخۆشم نازانم چبرێم، گۆتم: سەیتەرەکانیشیان تێگەیاندیە، ئاسان نیە لە سەیتەران دەربازبین، گۆتی: ئەدی چبکەین چارە، گۆتم: ڕاوەستە با فکرەکی لێ بکەمەوە، بەشکوو بتانین عیلاجەکی بکەین، هەنار زۆر بێتاقەت بوو، زۆریش دەترسا، گۆتم: مەترسێ، ئەگەر دنیاش خرابی، نایێلم بکەویە دەستی ئەو سەگبابانە!
بەینەکی باش لەشاری سوڕاینەوە، دوایێ گۆتم: کاکە پێمباشە بچینە مارە ناسیارەکی و ئەوشۆ خۆ ماتکەین، لەوێ تەکبیرەکی دەکەین و دەگەینە نەتیجەکی، سەفین گۆتی: لۆ نەچینە ماری شۆڕشی؟ گۆتم: دەترسێم بەوێشیان زانیبی و چووبنەوێ، یان لەسەری کۆرانێ لۆمان دانیشتبن، گۆتی: وەڵلا خۆ ئەوەش وەیە، باشە لۆ نەچینە مارە پلکەکی من، ماریان لە خانییەکانی نەسیجیەو کەس شکی وێ ناکا، گۆتم: ئەمینە؟ گۆتی: زۆر، هەیتی نیتی کوڕەک، ئەویش فەقیرەو بێ کێشەیە، گۆتم: یاڵلا با بڕۆین! بەڕێکەتین لۆ جادەی کوران، گەیشتینە ترافیک لایتی کوران، مەفرەزەک وەکی تەیارەی گەیشتە پێشەمە، دوو سێ چەکدار دابەزین و چەکیان ڕاکێشاو گۆتییان: نەبزوون!
سەفین و جەماعەت چەکیان ڕاکێشاو ڕێزە فیشەکەکیان بە حەوای وەنا، بووە مشەوەشی و ڕاکە ڕاکە، فرسەتمان وەرگرت و دەرپەڕین، هەتا ئەوان بەخۆکەتنەوەو بەدووماندا هاتن، ئەمە چووینە ناو کۆرانەکانی کوران و لەبەر چاویان بزربووین، چووینەوە جادەی ئەلبانی و بەسەکەتین لۆلای خانییەکانی نەسیجی، گەیشتینە سەری کۆرانی ماری پلکی سەفینی، ئەمن و سەفین و هەنار دابەزین و گۆتمانە چەکدارەکانی لەگەرمان بوون: ئەنگۆ لێرە مەمینێن و ئەو تڕومبێلەی لە مارەکی بشارنەوە، ئێکیان گۆتی: مارە خزمەکمان لە قوشتەپەیەو ئەوشۆ دەچینەوێ، هەتا ئەنگۆ خەبەرەکمان نەدەنێ لەوێ نایێینەوە، گۆتمان: زۆرباشەو خواتان لەگەربی، لەگەر سەفینی ڕۆیشتین لۆ ماری پلکی، ئەمن و سەفین سەرو
کلاشینکۆفمان پێبوو، سەفین دەبانچەکی لەبن کراسەکەی دەریناو لۆ هەناری ڕاگرت، هەنار گۆتی: ئەمن چ لەو دەبانچەی بکەم، خۆ نازانم بەکاری بینم، سەفین گۆتی: ئێرە ڕاکێشەو پەنجەی بێرە وەنێ و دەتەقی، بکوژرێی باشترە نەک بکەویە دەست ئەو جاشانە! هەنار دەبانچەکەی وەرگرت و هاویشتیە ناو ئەو جانتایەی بە دەستی بوو، گەیشتینە پێش دەرکەیی و لە دەرکەماندا، دەنگیان نەبوو، دوو سێ جاریدی لێمانداوە ئەوجە ئێکەک هاتە حەوشێ و هاواری کرد: کێیە ئەوە؟ سەفین گۆتی: ئەمنم ئەمن، سەفینم سەفین، ئەو دەرکەی بکەوە! ئێکەک هات دەرکەی کردەوە، سەلاممان کردو وەرامی داوە، سەفین گۆتی: دلۆ دایزەم(پلک، پوور)لێرەیە؟ دلۆ گۆتی: بەلێ لێرەیە، دفەرموون! چووینە ژۆرێ، دلۆ دەرکەی قەپاتکردو قوفلەکی گەورەشی تێهێخست و کلیلی دا، فانۆسەکیشی لە دەستی بوو، ئەوجە گۆتیەمە: فەرموون، فەرموون! چووینە ژۆرێ و پلکی سەفینی وەکی چاوی بەمەکەت، بەخۆو بە تفەنگەوە بەژۆرێ کەتین، زەندەقی چوو، هەستاوەو گۆتی: وە شێرە سەفین، ئەو هەموو سیلاحە چیە هەیتتان، دەچن کەرکووکێ؟ سەفین پلکی ماچکردو گۆتی: مەسەلەکە کەرکووک نیەو بووکە، جارێ با دانیشین ئەوجە لۆت باس دەکەم! پاشی دانیشتن و چاک و چۆنی، سەفین مەسەلەکەی لۆ پلکی گێڕاوە، پلکی زۆر خەمی خوارد، گۆتی: کورم لێرە بن، ئەو ماڵە حەمووی ئی خۆتانە، مەرۆن حەتا خوا حەلی دەکا!
نیو سعاتەک پێچوو پلکی نان و ماست و چایەی لۆ داناین، چونکە برسیمان بوو، نانەکی باشمان خواردو یەک دوو چایەمان لەسەر کرد، بڕەک هاتینەوە سەرەخۆ، گۆتمە سەفینی: باشە ئەمە چبکەین، چارەمان چیە؟ گۆتی: وەڵلاهی بەخۆشم سەرم لێ شێوایەو نازانم چبرێم، وەچاکە خۆمان تەسلیمی خوای گەورە بکەین و بزانین قەدەر بەرەو کێمان دەبا، ئەوە ئەتوو دەبینی کوو گیرمان بە دەست ئەو سەرۆک جاشەو کوڕەکانی خواردیە، سەگبابەی هەر دوو ڕۆژە کۆمەرە زەلامەکی لێ کوژرایە، ئەوجە واز لەمە ناینی، گۆتم: لێی بوویتە عینادی و دەیەوێ ڕەگ و ڕیشەیمە دەربینی، هەنار گۆتی: ئەمن زۆر دەترسێم ئێستا هەورینی کووشتبی، چونکە زانیتی هەورین خەبەری دایتەمەو ئەو نەبایە ئەمە قورتار نەدەبووین، گۆتم: نا ئیشاڵلا هەورین سەلامەتە، ئەو سەرۆک جاشە باش دەزانی چەند هەورین بمینێ لەکنەوی بەساغی، ئەمن زیاترو زیاتر خەمی دەخۆم، لۆیێ باوەڕ ناکەم جارێ هیچی لێبکا!
سەفین گۆتیە پلکی: با هەنار لەودیووی لەکنەتوو بنوی و ئەمەش لەگەر دلۆی لێرە پاردەدەینە، پلکی گۆتی: زۆر باشە ئۆغڵم، دە هەستە کچم هەستە بچینە ئەو دیووی و خۆت بگۆرە، ئیدی ئەوان چوونە ئەودیووی و ئەمەش نوێژی عیشایێمان کردو لێمان پارداوەو خۆمان تەسلیمی خوای گەورە کرد! چونکە ماندی بووین هەر زوو خەومان لێکەت، وەختەکی لەگەر ڕمبەڕمبی دەرکەی بەخەبەر هاتین، زەلامەک زۆر بەتووندی لە دەرکەی دەداو هاواری دەکرد: ئەو دەرکەی بکەنەوە دەرکە!
ئەمن و سەفین دەستماندا چەکی و بە هێوری لە پەنا دەرکەی ڕاوەستاین، سەفین گۆتیە دلۆی: هاوارکەو برێ کێیە ئەوە! دلۆ هاواری کرد: کێیە ئەوە؟ کابرا لە پشت دەرکەی وەرامی داوە: ئەمنم ئەمن، دلۆ وەرە دەرکەی بکەوە! دلۆ گۆتیەمە: مەترسێن، عەوڵای فریزیە، گۆتمان: عەوڵای فریزی کێیە؟ گۆتی: جیرانمانە، بابچم بزانم چیدەوێ، دلۆ چووە دەرێ و بڕەک پێچوو هاتەوەو گۆتی: ئەوە هاتبوو خەبەری دامێ و گۆتی: ئاو هاتیتەوە ئاوی دانێن! سەفین ئەعسابی نەمابوو، گۆتی: سندان لە خۆیی و لە ئاویدا، خۆ هەناویمەی بەرداوە، عەوڵا گەمبۆز، هەنار کە هێشتا وەکی بی دەلەرزی، گۆتی: دەوجە وەرە خەوت لێبکەویتەوە! ئیدی پلکی سەفینی و هەنار چوونەوە ژۆرەکەیدی و ئەمن و سەفین و دلۆش چووینەوە ژۆرەکەی خۆمان و لێمان پارداوە!
سبەینێ دەوری سعات دەی لەسەر نانی بەیانی بووین، گۆتمە سەفینی: کوو خەبەرەکی مارێمە وەرگرین و بزانین دەنگ و باس چیە؟ گۆتی: وەڵلا دەتانین دلۆی بنێرین، بەران ڕەنگە مارینگۆ چاودێری بکرێ، دلۆی لەوێ بگرن، ئەمە کەشف دەبین، لۆیێ دەبی ڕێیەکیدی ببینینەوە، گۆتم: وەچاکە بچیتە تەواری و دختۆر شێرۆی ببینتەوەو قسەی لەگەوی بکا، گۆتی: وەڵلا ئەوە شتەکی باشە، بەس دختۆر شێرۆ چ وەخت لەوێیە؟ گۆتم: بەزۆری پاش نیوڕانان لەوێیە، لە قاوشە گەورەکەی دەوام دەکا، هەر لەوێ بپرسی دختۆر شێرۆ کێیە، یەکسەر پیشانی دەدەن! سەفین گۆتیە دلۆی: دەوجە دلۆ بتبینم و نەتناسم، دەچیە کن دختۆر شێرۆیی و تێیدەگەینی ئەمە لەکێینەو هەرچی ئەخباریشە لێی وەردەگری، دەتانی ناونیشانی ئێرەشی بدەیێ! دلۆ گۆتی: وەی بەسەرچاو، پاش نیوڕانێ سواری پاسکلی دەبم و لۆی شۆڕ دەبمەوە، گۆتم: زۆر باشە و دەستەکانت خۆشبی!
دەوری سعات دووی پاش نیوڕانێ دلۆ دەستیدا پاسکلی و گۆتی: ئەمن ئەوە ڕۆیشتم، گۆتمان ئاگات لەخۆبی و بڕۆ خوات لەگەر، گۆتمە سەفینی: ئەمن پێم باشە ئەتوو و هەنار لێرە نەمینێن و خۆتان قورتارکەن! گۆتی: کێوە بچین؟ گۆتم: یان بڕۆنە تورکیای، یان ئێران یان سوریا، لەوێش خۆتان تەسلیمی یوئێنی بکەن، بەتایبەتی توکیاو سوریا، بەشکو لەڕێیوان دەتاننێرنە ئەمریکای، یان دەوڵەتەکی ئەوڕوپی! گۆتی: ئەتوو برێی هەنار لەگەرم بێ؟ گۆتم: لۆ نایێ، ئەگەر ئەتووی خۆشبوێ دەبی بێ، گۆتی: قسەی لەگەر بکەم؟ گۆتم: ئەرێوەڵلا ئاوی لێ مەخۆوە، کاکە خۆتان قورتارکەن، هەتا وەکی من و هەورینتان لێنەهاتیە!
پاش مەغریبەکی درەنگ دلۆ هاتەوە، سەفین گۆتی: ئەرێ ئەتوو چت بەسەرهات دلۆ، ئەمە گۆتمان سەتا سەت گیرایە، دلۆ گۆتی: وەڵلا کاکە شێرۆ لەناو عەمەلیاتی بوو، لۆیێ تاخیربووم، پێش مەغریبێ لە عەمەلیاتی هاتە دەرێ، چاک و چۆنیم لەگەر کردو خۆم پێناساند، گۆتم: ئێ! گۆتی: وەڵلا ئەمنی بردە پەنایەکی و گۆتی: لۆم باس بکە بزانم چت پێیەو چت پێنییە!
مایتی.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!