کۆسار عوسمان
#هاکان فیدان# دەڵێت: حکومەتی تورکیا ڕێگەی نەداوە پەکەکە لە وڵاتەکەیدا بێت، بەڵام ئەو ڕێکخراوە لە ئێراق و سووریا شوێنی کۆنترۆڵ کردوون و زیان بەو دوو وڵاتە دەگەیێنێت.
ڕۆژی چوارشەممە #05-02-2025# هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە بووە میوانی دیسکی ئیدیتۆراندی ئاژانسی ئەنادۆڵو و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی ڕۆژەڤی تورکیا و جیهان دایەوە.
فیدان نیگەرانیی ئەنقەرەی لە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باشووری کوردستان دەربڕی و وتی، ئێراق بەم شێوەیە کێشەی ئاساییشی هەیە و ناتوانێت وەبەرهێنان لە دەرەوە بباتە وڵاتەکەی. ڕاشیگەیاند، تورکیا و ئێراق بەیەکەوە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن.
هاکان فیدان باسی لەوە کرد، ئەوان ڕێگە بە پەکەکە نادەن لە وڵاتەکەیاندا بێت، بەڵام پەکەکە شوێنی لە ئێراق و سووریا کۆنترۆڵ کردووە. ڕاشیگەیاند، ئەوەیان بە بەرپرسانی ئێراق گەیاندووە، کاتێک ئەوان (ئێراق) لەم سۆنگەیەوە سەیری دەکەن، دەڵێن ڕاستە، (پەکەکە) هاتووە لە وڵاتەکەمدا شنگال و مەخمووری داگیر کردووە. (پەکەکە) لە سلێمانییە و زۆر شوێن و گوندی دهۆکی داگیر کردووە. لەڕاستیدا ئەو وڵاتانەی داگیر کراون ئێراق و سووریان. ڕێکخراوی (پەکەکە) بەو جۆرە خۆی نیشان دەدات کە دژی تورکیایە، بەڵام ئەوەی زیانی پێدەگەیێنێت، وڵاتانی دیکەن. ئێستا ئێراق ئەمەی بینی. بێگومان ئێراقیش هەستیاریی تایبەت بە خۆی هەیە. سەرۆکوەزیرانی ئێراق بەڕێز سوودانیش زۆر باش تێدەگات کە ئیدی ئێراق پێویستە ڕزگار ببێت لە قۆناخی نائاسایی و پێکدادان و گرووپە چەکدارە کۆنترۆڵ نەکراوەکان.
لە کاتێکدا تورکیا لە تەواوی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێراق داوا دەکات بەغدا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە تیرۆریست بناسێنێت، تاوەکوو ئێستا ئەنقەرە لەم بابەتەدا بە ئامانجی خۆی نەگەیشتووە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەم بارەیەوە ڕایگەیاند، ئێستا بەغدا لەڕووی تێگەیشتن لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گەیشتووەتە قۆناخێکی دیکە.
فیدان باسی لەوەش کرد، پێشتر حکومەتی ئێراق زۆر لە بابەتی پەکەکە نزیک نەدەبووەوە، ئەوەی بە کێشەیەکی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەزانی.
هاکان فیدان هەروەها وتی، لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانمانەوە هۆشیاریمان پێدان و ئێستا هەست دەکەین بەرەوپێشچوونمان تۆمارکردووە. ئەوە بوو میکانیزمێکی ئاساییش دامەزرێندرا. پەکەکە بە ڕێکخراوی قەدەخەکراو ڕاگەیێندرا. لە هەندێک بابەتدا ئیدی ڕێگەنادرێت بە ئاسوودەیی جموجووڵ بکەن. بێگومان ئەمە بەس نییە، بەڵکوو هەندێک هەنگاوی پێویست هەن بۆ ئەوەی چالاکییەکانی پەکەکە لە شنگال، ناوچە کێشەلەسەرەکان و بە گشتی ئەو ناوچانەی بەگوێرەی دەستوور لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندیی ئێراقن کۆتاییان بێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها باسی لەوە کرد، ئێستا پەکەکە لە شنگال لەلایەن هێزەکانی حکومەت و حەشدی شەعبییەوە گەمارۆ دراوە و دەرفەتی جموجووڵی زۆری نییە، بەڵام تورکیا هیوادارە پەکەکە بە تەواوەتی لەو ناوچانە نەمێنێت.[1]