ڕۆژی یەکشەممە 6ـی 3ـی 2016 پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پیرۆزبایی گەرمی خۆیان ئاراستەی گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان کرد بە بۆنەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان و یاد و بۆنە و سەرکەوتنەکانی مانگی ئادار.
هەروەها لەو یادەدا ڕێککەوتننامەی شوومی ئازاری 1975ـی نێوان شای ئێران و سەددام کە پیلانێکی ترسناک بوو لە دژی گەلەکەمان ڕیسوا و شەرمەزار کرا. کۆبوونەکە ئەو سەرکەوتن و کارەساتانەی وەک هاندەرێک لە قەڵەم دا بۆ زیاتر پاراستنی ئەزموون و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و توندتر بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی گەلەکەمان بە تایبەتی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کە دژی بەهاکانی ژیان و مرۆڤایەتییە.
هەروەها هەردوولا پیرۆزبایی و سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی پێشمەرگە قارەمانەکان کرد کە دلێرانە توانیان تیرۆریستانی داعش بشکێنن و هێرشەکانیان پووچەڵ بکەنەوە. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شەڕی تیرۆر و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان نواند.
کۆبوونەوەکە ڕۆشنایی خستەسەر قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە قەیرانی سیاسی و، چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستانی بە بنەمایەک زانی بۆ بەدیهاتنی یەکهەڵوێستی لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری و ئیداری و ئەمنی.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا لەسەر چەندین بنەمای بنەڕەتی بۆ چارەسەر و بەرەوپیرەوەچوونی داخوازییەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان کۆک بوون و سەرەڕای بوونی هەندێ جیاوازی لە بیروبۆچوون، جەخت لەسەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگیی نێوانیان و پارتەکانی تر کرایەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیار درا کە بۆ وردکردنەوەی هەموو ئەو خاڵانەی باسیان لێوە کراوە بەرنامە و ڕێگەچارە دابنرێت و بە هاوکاریی هەموو لایەک و بە یەکهەڵوێستی هەنگاوی عەمەلی بنرێت بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە و بەکارخستنەوەی پارلەمان و پتەوکردنی کاروباری حکوومیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.