ناونیشان: ناوچەی قۆچی ئەفریقیا
ئامادەکردن: #حوسێن عەبدولکەریم ڕۆستەم#
قۆچی ئەفریقیا: ناوچەیەکە دەکەوێتە سەر گەرووی بابولمەندەب لە کەناری کیشوەری ئەفریقیا، سنووری لە باکوورەوە دەریای سوورە و زەریای هیندی لە باشوورەوە.
$ناوچەی قۆچی ئەفریقیا لە 4 وڵات پێک دێت$
1- سۆماڵ
2- جیبۆتی
3- ئەریتیریا
4- ئەسیوبیا
هەندێک جار، هەندێک لە جوگرافی ناسەکان کینیا و سودان و ئۆگەندایش بە بەشێک لە قۆچی ئەفریقیا لە قەڵەم دەدەن.
قۆچی ئەفریقیا ناوچەیەکی ستراتیژیە بۆ ئاسیا و ئەفریقیا و ناوچەیەکی زاڵە بەسەر گەڕوی باب ئەلمەندەب، ڕووبەری ناوچەی قۆچی ئەفریقیا نزیکەی 1٬882٬757 کم2 و ژمارەی دانیشتوان نزیکەی 131٬709٬167 مليۆن کەسە بە پێی ئاماری ساڵی 2016.
$ناونانی ناوچەی قۆچی ئەفریقیا.$
ناونانی قۆچی ئەفریقا دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی ناوچەکە کە لە شێوەی قۆچی یەک شاخ دەچێت لەسەر زەریای هیندی و کەنداوی عەدەن.
یان بەهۆی ئەوەی کە وەکو نووکێکی دیار لە بەشی ڕۆژهەڵات لە ناوەڕاستی ئەفریقیا دەردەکەوێت.
$بایەخی ئابووری ناوچەی قۆچی ئەفریقیا.$
1- ناوچەیەکی ستراتێژیە چونکە دەکەوێتە سەر کەنداوی عەدەن و گەرووی بابولمەندب و دەریای سوور، ئەمانەیش ڕێرەوی ئاوی گرنگن لە ڕووی بازرگانی و سەربازی بەتایبەتی دوای کردنەوی نۆکەندی سوێس لە ساڵی 1869.
2- ناوچەیەکی ستراتێژیە بەهۆی دۆزینەوەی نەوت و گازی سروشتی لە ناوچەی نیمچە دورگەی عەرەبی و کەنداوی عەرەبی، هەروەها بە دەریاچە گەورەکانی ناوەڕاستی ئەفریقیاوە نووساوە کە دەوڵەمەندە بە دەراماتی کانزا و ئاو و نەوت، بۆیە ناوچەکە هەمیشە ناوچەی پێکدادان بووە لە نێوان وڵاتە داگیرکەرەکان.
3- ناوچەیەکی ستراتێژیە بەهۆی بوونی بەندەر و دوورگەکانی قۆچی ئەفریقیا.
4- ناوچەیەکی ستراتێژیە، چونکە قۆچی ئەفریقیا سەرچاوەی ئاوی ڕووباری نیلە، ساڵانە میسر لە 85%ی بەشە ئاوەکەی لە بانی حەبەشەوە دێت و لە 15%ی لە دەریاچە گەورەکانی ناوەڕاستی ئەفریقیا
$زۆربەی وڵاتانی ناوچەی قۆچی ئەفریقیا پشت بە ناردنە دەرەوەی دوو جۆر بەروبووم دەبەستن:$
1– ئەسیوبیا : قاوە بەڕێژەی لە 60%.
2–سۆماڵ : مۆز و ئاژەڵ بەڕێژەی لە 50%.
زیاتر لە 5000 جۆر ڕووەک لە قۆچی ئەفریقیادا هەیە، گرنگترینیان داری خورما و مۆز و قاوە.
$وڵاتانی ناوچەی قۆچی ئەفریقیا.$
1- ئەریتیریا:
دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقیا، شوێنێکی ستراتیژی گرنگی هەیە، چونکە دەکەوێتە سەر گەروی کەناری ئەفریقیا، گەروەکە دەریای عەرەب و کەنداوی عەدەن و زەریای هیندی لە لایەکەوە و دەریای سوور لە لایەکەوە ترەوە لە یەک جیادەکاتەوە، ڕووبەری ئەریتیریا 117,600کم2 و ژمارەی دانیشتوانی 3,213,972 کەسە و شاری ئەسمەڕە پایتەخت و گەورەترین شارەکانیە.
ئەریتیریا سنووری هاوبەشی لەگەڵ دەریای سوور و سودان و زەریای هیندی و ئەسیوبیا و جیبۆتیدا هەیە و چەندین بەندەری تێدایە وەکو بەندەری مەسوع و مەسەب، ئەریتیریا لە ساڵی 1993 سەربەخۆیی و جیابوونەوەی خۆی لە ئەسیوبیا ڕاگەیاند.
2- جیبۆتی:
دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقیا، جیبۆتی سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئەرتیریا و ئەسیوبیا و کەنداوی عەدەن و دەریای سوور و سۆماڵدا هەیە، ڕووبەری جیبۆتی 23,200کم2 و ژمارەی دانیشتوانی 973,560 کەسە و شاری جیبۆتی پایتەخت و گەورەترین شارەکانی وڵاتی جیبۆتیە، و زمانی فەڕەنسی، زمانی فەرمی وڵاتە لە پاڵ زمانی سۆماڵی، لە ساڵی 1977 سەربەخۆیی و جیابوونەوەی خۆی لە فەڕەنسا ڕاگەیاند، کە لە ڕابردوودا پێی دەوترا وڵاتی سۆماڵی فەڕەنسا.
3- سۆماڵ:
دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقیا،
سۆماڵ سنووری هاوبەشی لەگەڵ کەنداوی عەدەن و زەریای هیندی و ئەسیوبیا و کینیادا هەیە، سۆماڵ خاوەن درێژترین کەناری دەریایە لە کیشوەری ئەفریقیادا، دریژی کەناری دەریایی دەگاتە نزیکەی 3325 م، ڕووبەری سۆماڵ 637657کم2 و ژمارەی دانیشتوانی 15,442,905 کەسە و شاری مەقادیشۆ پایتەخت و گەورەترین شارەکانی سۆماڵە، و زمانی سۆماڵی زمانی فەرمی وڵاتە لە پاڵ زمانی عەرەبی و ئاینی ئیسلام ئاینی فەرمی وڵاتە، لە ساڵی 1960 سەربەخۆیی و جیابوونەوەی خۆی لە فەڕەنسا و بەریتانیا ڕاگەیاند.
4- ئەسیوبیا:
دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقیا، وڵاتێکی بی کەنارە واتا ناکەوێتە کەناری دەریا، شاری ئەدیس ئەبابا پایتەختی وڵاتە، ئەسیوبیا دووەم گەورەترین وڵاتانی ئەفریقیایە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوان پاش نەیجیریا و دەیەم گەورەترین وڵاتانی ئەفریقیایە لە ڕووی ڕووبەرەوە، ڕووبەری ئەسیوبیا 1,104,300 کم2 و ژمارەی دانیشتوانی 112,078,730 کەسە،
سنووری ئەسیوبیا لە ڕۆژهەڵاتەوه لە جیبۆتی و سۆماڵ پێک دێت و لە باکوورەوە ئەریتیریا و لە باکووری ڕۆژئاواوە سودان و لە ڕۆژئاواوە باشووری سودان و لە باشووری ڕۆژئاواوە کینیایە، ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی عدد. 109.2 مليۆن کەس لە ساڵی (2018).[1]