دوای ئەوەی لە ڕۆژی 27 ی ئەیلول لەکاژمێر 9 ی بەیانی خۆپیشاندان لەچەند شارو شارۆچکەیەک لەهەرێمی کوردستان دەستی پێکرد، ئێمە لەرێگەی تیمەکانی دەستە لە دیوانی دەسته و نوسینگەکانی لەهەرێمی کوردستان لەنزیکەوە چاودیری بارودۆخی خۆپیشاندانەکانمان کردووە بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە پێشیلکاریەکانی مافی مرۆڤ بۆیە ئێمە وێرای ئەوەی دوپاتی دەکەینەوە کە خۆپیشاندان و گردبونەوە مافێکی یاسایی و دەستوریه و لەهەرێمی کوردستانیش بەیاسا ڕێکخراوه و ڕێگەی پێدراوە، وە ئەوەی جێگەی دڵخۆشی ئێمەیە کە خۆپیشاندانەکان بە شێوەیەکی شارستانی و مەدەنی بەرێوە چوو هیچ قوربانی و زەرەرێکی ماددی و معنوی و گیانی بەدواوە نەبوو، بۆیە پشتیوانی لەداواو مافی هاوڵاتیان دەکەین لە دابین کردنی موچه و خزمەتگوزاریەکان و چاو خشانەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی موچە، چونکە هاوڵاتیان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەت لە بارودۆخێکی سەخت و دژواری ژیان دان و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی لە توانای دایە چارەسەری قەیرانەکانی دارایی بکات و کۆتایی به و بارودۆخە بێت، لەسەر ئاستی سیاسیش پێویستە لایەنەکان بە جددی بەدەنگ داواکاری هاوڵاتیانەوە بێن و کۆتایی بە کێشه و ململانێ کانیان بێنن و بگەرێنەوە سەر مێزی گفتوگۆو دانیشتن لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان و باشتر کردنی ڕەوشی ژیانی خەڵک و سەقامگیری ئاشتی کۆمەڵایەتی، کە بەداخەوە ئه و بارودۆخە ئابوری و سیاسیە کاریگەی بوە لەسەر زیاد بونی پێشێلکاریەکان و ڕێژەی تاوانەکان بۆیە ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کۆی پێشیلکاریەکانی ڕۆژی خۆپیشاندان له و خاڵانە بڵاو دەکەینەوە.
1- لە هەریەک لە شارەکانی (هەولێر، سلێمانی، ڕانیە، چۆمان، کۆیە و چەند شوێنیکی تر) تیمەکانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنوسانی کەناڵەکانی (پەیام، ڕێَگا، ڕووداو، کوردستان 24، گەلی کوردستان، NRT، KNN). پێشیلکاریان بەرامبەر کراوە وەک (رێگری کردن، هێرش کردن، لێدان، دەست بەسەرداگرتنی کەل و پەلی ڕۆژنامەوانی، قسە پێ ووتن، مۆڵەت نەدان بۆ ڕوماڵ کردن، دەستگیر کردن) ئەوانە بەدەستمان گەیشتون.
2- لەچەند شارو شارۆچکەیەک ژمارەیەک بەشداربوی خۆپیشاندان دەستگیرکران وەک (سلێمانی، ڕانیە، پێنجوین، قەلادزە) کە هەندێکیان ئازاد کراون و چەند کەسێک ماون لەلایەن پۆلیسەوە. پێویستە هەرچی زووە ئه و هاوڵاتیانەی ماون ئازاد بکرێن ئەگەر هیچ تاوان و گومانێک لەسەریان نیە.
3- لەشاری هەولێر هێرش کرایە سەر هاوڵاتیەک لەبنصلاوە کە پیشەی پیشمەرگەیە بەناوی (ه، م)و دوای ئەوەی لێیدراوە دواتر پرچ و برۆی تراشاوه و ڕەوانەی دەرەوەی هەولێر کراوە.
4- لەشاری هەولێر کاتژمێر 6 ئێوارە لەشەقامی 100 مەتر هێرش کراوەتە سەر کەسێک بە چەقۆ بەناوی (ه،ک) کەپیشەی چالاکوانە و گوایە بانگەشەی خۆپیشاندانی کردووە.
5- لەپارێزگای هەڵەبجە تەقە بەسەر بارەگای حیزبی (پارتی)کراوە.
6- لەچەند ناوچەیەک وەک (سلێمانی، سیدصادق، کۆیە) دوای تەواو بونی ماوەی یاسایی مۆڵەتی خۆپیشاندان بەڵام لەلایەن ژمارەیەک هاوڵاتی درێژەیان بە خۆپیشاندان داوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان
29-09-2016