بیرەوەریەکانی مستەفا چاوڕەش
ڕێککەوتنی واشنتۆن لەسەر شەڕی ناوخۆ
ڕۆژی #08-09-1998# ڕۆژێکی پیرۆزه، ڕادیۆی ئەمەریکا و لەندەن بڵاویان کردەوە کە هەردوو بەڕێز مام جەلال و کاک مەسعود بارزانی لەسەر دەستی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوە مادلین ئۆلبرایت، ڕێک کەوتوون. بڕیاریان داوە به زووترین کات پەرلەمانی کوردستان پێکەوە کۆببنەوە بۆ ئەوەی بڕیاری ئاشتی باشتر بچێتە پێشەوە. ئەم ڕێککەوتنەش لای کۆمەلانی خەڵکی کوردستان زۆر پیرۆزه و پشتیوانیی لێدەکەن. لای یەکێتی و پارتییش گرنگە بۆ ئەوەی لە کۆڵ ئەم شەڕە ببنەوە. چاوەڕوانیی گەڕانەوەی هەردوو بەڕێز دەکەین بۆ ئەوەی وردەکارییەکانی بچێتە مەیدانی ڕاستەقینەوە. ئەوەی گرنگ بوو، شەڕ کۆتایی هات. ئەمەش خواستی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دۆستەکانمان و پێشمەرگەشە. دیارە بەهۆی ئه و چەند ساڵەی شەڕ و کێشەی خەڵکی ئەرکێکی گەورەمان لەسەر بوو، بێکاری و بێئیشیی خەڵکیش لەولاوە وەستابێ. هەریەکه و داوایەکی هەبوو، ئەمە بێجگە لە ئیشوکاری حیزبی.
هەر لە یەکەم ڕۆژەوه پێشمەرگەکانی سەنگەری پێشەوەم کشانەوە بۆ ڕاستگۆیی و بۆ ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە بچێتە مەیدانی کارکردنەوە. لە دڵیشەوە نەک هەر من، هەموو پێشمەرگە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێیان باش بوو. لەبەر ئەوەی شەڕ ماڵوێرانکەرە، هەموو ئێستا بەداخەوەین و بە غەدرێکی مێژوویی حساب دەکەین، هەردوولاشمان زەرەرمەند بووین. چاکترین کادێری سەربازی و سیاسیی هەردوولامان بوونە قوربانیی ئەم شەڕە. ئەوەی ئیشمان لەسەر دەکرد و بڕوامان پێبوو بۆ سەرکەوتنی ئەم ڕێککەوتنە، ئەوەبوو هەوڵ بدەین هەنگاوبەهەنگاو بچێتە پێشەوە. ئاسان نییە شەڕی چەند ساڵە و ئەم هەموو سەنگەرگرتنە لە ماوەی چەند شه و و ڕۆژ و مانگدا ساڕێژ ببێ، بەتایبەت لای خۆمان، مەڵبەندی هەشتی ڕاپەڕین ئازارەکانیمان چێشتووە. من دەرگام هەمیشە کراوە بوو لە مەڵبەند و لە ماڵیش. خەڵکی شاهیدی بۆ ڕاستیی قسەکانم دەدەن. قسەیەک هەیە دەڵێن لێپرسراوان کەس نابینن، من بەرپرسیارم لە کاری خۆم. ئەوە من نیم و واش ئیشم نەکردووه، دەرگام هەمیشە ئاواڵا بووە، هەموو ئیشەکان ڕووی لە من بوو، چونکی بەرپرسیاری یەکەم بووم.