هەر یەک لە ئایشە ئاجار باشاران ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە و ئەندامانی کۆردیناسیۆنی ژنان و ئەندامانی گروپی ژنانی پەرلەمان، لە بارەی ئۆپڕاسیۆنەکانی پاکتاوی سیاسی کە لە لایەن دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەوە بەڕێوە دەچن، لە ناوەندی گشتی پارتەکەیان لێدوانێکیان بۆ ڕاگەیاندنەکان بڵاو کردەوە. هەر یەک لە لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە، ئیدیل ئوغورلو هاوسەرۆکی هەدەکە و هاوسەرۆکی گشتی دەبەپەش بەشداریان لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەدا کرد.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا، باس لەوە کرا کە لەو 20 سیاسەتمەدارەی دەستگیر کراون، هەشتیان ژنن و بەم شێوەیە باسی لێوە کرا:ئەو هاوڕێ ژنانەمان، کەسانی ژینگەپارێز، ئەکادیمی، فێمینیست و ئەو ژنە گەنجانەن کە تێکۆشانی ژنان بەڕێوە دەبەن. واتە ئەو هاوڕێیانەمان نوێنەرایەتی فرەرەنگیی هەدەپە دەکەن.
باشاران لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا قسەی کرد و وتی:کاتێک کۆبانێ لە ژێر هێرش و پەلەمارەکانی داعشدا بوو، دەسەڵاتی ئاکەپە، تەنها تەماشای دەکرد. ئەو دەسەڵاتەی کە ئەمڕۆ لێپرسینەوەمان لێدەکات، پشتگیری داعشی دەکرد، ڕێگری لە گەیاندنی هاوکاریەکان دەکرد بۆ کۆبانێ، هەموو سنوورەکانی داخستبوو. ئەردۆغان دەیوت، 'کۆبانێ کەوت و وا دەکەوێت'. دوای ئەم قسەیەی ئەردۆغان، چالاکیەکان دەستیان پێکرد. بەڵام هەموو چالاکیەکان، چالاکیی دیمۆکراتیک بوون. وەکو چۆن هێزی پارامیلیتەریان لە ناوچەکە جێگیر کردبوو، هاوکات چالاکیە دیمۆکراسیەکانیشان بە تیرۆریزە کرد.
'ئۆپڕاسیۆنی تۆڵەسەندنەوە'
باشاران ڕایگەیاد، لە دژی ئەو کەسانەی چالاکیەکانیان بەلاڕێدا برد، هیچ هەنگاوێک نەنرا و وتی:رژێم بە ڕێگەی دەسەڵاتی دادوەری کە خستوویەتیە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، لە دژی هەدەپە ئۆپڕاسیۆنی تۆڵەسەندنەوە ئەنجام دەدات. لە کۆبانێ بە پێشەنگایەتی ژنان، تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەچوو. بەم ئۆپڕاسیۆنانە تاوان و سیاسەتی شەڕخوازی و دوژمنانەتیان لە بەرامبەر ژنان و سروشت و ژینگەپارێزی، ئاشکرابوو. بەم ئۆپڕاسیۆنە ویستیان تۆڵەی 7ی حوزەیاران و 1ی تشرینی دووهەم و 31ی تشرینی دووهەم لە هەدەپە بکەنەوە.
'هێرشەکان لە دژی ئیرادەی ژنانە'
باشاران ئاماژەی بەوەش کرد کە، ئەم هێرشانەی دژی هەدەپە، هاوکات هێرشکردنە بۆ سەر ئیرادەی ژنان و بەم شێوەیە دوا:هەموو هێرشەکانی ماوەی 5 ساڵی ڕابردووی دژی هەدەپە، هاوکات هێرشکردنە بۆ سەر پشتیوانی و ئیرادەی ژنان. هێرشکردنە بۆ سەر تێکۆشانی ژنان. چونکە هەدەپە سیاسەتەکانی دەسەڵات لە دژی ژنان، ئاشکرا دەکات، بۆیە دەبێت بە ئامانجی هێرشەکانی. گشت ژنان ئەم هێرشانەیان لە دژی خۆیان بینی و هەموو هێزە دیمۆکراتەکان، ئۆپڕاسیۆنەکانی پاکتاوی سیاسیان ئیدانە کرد. بوون بە دەنگی هەدەپە. ژنان ئاگایان لەو هێرشانە هەیە. لە دژی ئەم هێرشانە پەیامی خۆڕاگری نەکەن و نەبن بە پێشەگ بۆ تێکۆشانمان پێدەدەن.
'تێکۆشانمان بەرفراوان دەکەین'
باشاران تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەم هێرشانە لە ناوەندێکەوە بەڕیوە دەبرێن و بەم شێوەی کۆتایی بە قسەکانی هێنا:دەسەڵات دەیەوێت هەدەپە بە تەنها بهێڵرێتەوە، بە ئامانجی دەگرێت و گۆشەگیری دەکات. ئەوەش بۆ ئەوەیە کە خۆی لەسەر پێ بهێڵێتەوە و بەردەوامی بدات بە دەسەڵاتەکەی. ئێمە ژنین، لە دژی ئەو سیاسەتەی کە پارچەی دەکات و بەڕێوە دەبات، بووین بە یەک. تێکۆشانمان بەرفراوانتر دەکەین. ئێمە گومانمان لەوەدا نیە کە سیاسەتی زۆرداری کۆتایی پێدێت.[1]