رۆژ ڕۆژی تێکشکاندنی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیایە
کۆنسەی بەڕێوەبەریی ک ن ک ه لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە 30 مانگی ئاب دا، بە بەرفراوانی دۆخی سیاسی جیهان، ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاست و کوردستانی تاوتوێ کرد و نرخاند. لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی سەرەکی تایبەت بوو بە ستراتیژیەتی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە دژی کوردستان و دەستکەوتەکانی کوردستانیان بوو. قەدەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەلوێست و پۆزیسیۆنی کورد و کوردستانەوە گرێدراوە. لە هەمان کاتیشدا هەڵوێستی وڵاتە زلهێزەکانیش گرێدراوە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و ئەگەر کورد و کوردستان لە ناو هاوکێشەی چارەسەریی دا خۆی نەبینێتەوە، ئەوا لە هەموو گریمانەیەکدا کێشە و کاوس و تێکەڵ و پێکەڵی لە ناوچەکەدا تەواو نابێت.
کۆنسەی بەڕێوەبەری ک ن ک ه جەختی کردە سەر ئەو تێکۆشان و بەرخۆدانەی کوردستانیان کە نەک وەک مژارێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆماڵی و ناوخۆیی، لە هەمان کاتدا کێشەکە پرسگرێیەکی گرنگیی مرۆڤایەتیی هەموو جیهان ناوزەند دەکرێت. لە هاوسەنگیی شەڕی نەتەوەیی، نەژادیی، هەرێمیی و گلوباڵ دا، پرسی کورد خاوەن گرنگییەکی مێژوویی و بنەڕەتی یە. کورد و کوردستان ئەمڕۆ جارێکی تر لەژێر بەرپرسیارییەکی مێژووییدان. ئەو تێکۆشانەی کە بۆ چارەسەریی کە ئەمڕۆ هاتۆتە پێش، کاردانەوەی خۆی بۆ سەر وڵاتانی دەوروبەریش دەبێت. لەپێناو ئەوەی کە ئەم چارەسەرییە پێکنەیێ، دەوڵەتی تورکیا بە هەموو هێز و توانەکەی لە بەرامبەر ئەو کۆنسەپت و واقیعە شەڕێکی چارەنووسساز دەکات.
دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، دوژمنێکی سەرسەخت و سەرەکی کورد و کوردستانە، بۆیە لە سەر بوون و چارەنووسی کورد مەترسیەکی گەورەیە. مخابن چەند هێزێک هەن ئەم مەترسیە سەد ساڵی یە ئەو دەوڵەتە نابینن و ئەو شەڕەی کە لە ئارادا یە بە شەڕی نێوان لایەنەکێ کوردی و دەوڵەتێکی داگیرکەر پێناسە دەکەن. بەم هەلوێستەیان کە بێگومان لە دژی بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانەکانی گەلێکی مافخوراوە. ئەوەش ئاشکرا بووە کە دەوڵەتی تورکیا لە قۆناغی کۆتایی مان و هەبوونی خۆی وەک دەوڵەت نەتەوە هێرش دەکاتە سەر کورد و کوردستان. بە ڕێگای نەژادپەرستی و پێشخستنی هێلی توورانیزم دەیەوێ میساقیی میللی لە سەر زەمیننیگاری سەردەمی ئۆسمانیی پێکبێنێت. بەڵام لە هەمان کاتدا بە پێویست دەبینێت کە ستوونی یەکەمیی ستراتیژیەتی میساقی میللی لەسەر باکور، باشور و ڕۆژاوای کوردستان بچەقێنێت. بەرخۆدانی کوردان لەو بەشانەی کوردستان دا بۆ دەوڵەتی تورکیا بووەتە ئاستەنگیەکی مەزن. بە تەکنەلۆژیای دیگیتاڵی پێشکەوتووی سەربازیی لە دژی کورد شەڕێکی دژوار و خوێناوی دەکات. دەوڵەتی تورکیا لە کوردستان لە دۆخێکی ناهەموار و تەنگاوی دایە و پیلانەکانی لە شکستخواردندان. بۆیە لە هێرشکرن و دەستتێوەردانی لیبیا، باکوری ئەفریقا، باشوری یەمەن، مالی هەروەها خۆبەڕێبەرزانیی ئیخوانی ئیسلامیی جیهانی ڕێڕەوی سیاسەتی خۆی دەبات بەڕێوە و لە ئەنجامدا دوژمنی نوێ بۆ خۆی دروست دەکات. ئەمڕۆ تەواوی وڵاتانی عەرەبی و باکوری ئەفریقا دژی دەوڵەتی تورکیان. بە دەستتێوەردانی سەر دەریای سپی ئەمڕۆ لەگەڵ یەکێتی ئەوڕۆپا و ناتۆ دا کەوتۆتە ناو ناکۆکییەوە. هەروەها دەرخستن و خوڵقاندنی ناکۆکی لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دا ڕۆسیا و ناتۆ دێنەتە بەرامبەر یەکتری. یاری و سووکایەتیکردن بە کەنیسەی مەسیحیەکانی وەک ئانا سۆفییا جیهانی مەسیحیەتیشی لە خۆ تۆراند. ئەو دەوڵەتە لە سەر ئاستی سیاسەتی جیهانیدا وا ناوزەند بووە وەک دەوڵەتێکی گێرشێوێن و ئارامیتێکدەرە و کێشە بۆ وڵاتانی ناوچەکە دروست دەکات.
ئەم ڕاستییانە دەرفەتی مەزن پێشکەشی کورد و کوردستانیان دەکات، بۆ ئەوەی بوونی خۆیان بگەیێننە کەناری ڕزگاربوون لە داگیرکەری. بەڵام ئەمە بەبێ یەکێتیی نەتەوەیی نایەتە دی و ڕۆژ ڕۆژی تێکشکاندنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا یە.
لەبەر ئەوەی کە ئیدی تورکیا ناتوانێ پشتەوانی دەوڵێتانی عەرەب بۆ ستراتیژیەتی دژە کورد بەدەستبێنێت، دەیەوێ ڕژێمی ئێران بەلای خۆیدا بشکێنێت. هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران بۆ سەر گەریلا و پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتیش گەواهی ڕاستیی ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی تورکیا یە. ئێرانیش لەلای خۆیەوە بەڵام بە گوێرەی ستراتیژیەت و سیاسەتی دەوڵەتەکەی کە بێگومان ئەویش دوژمنێکی سەرسەختی تری کورد و کوردستانە و هەمان ئامانج و ستراتیژی دەوڵەتی تورکیای هەیە. بەڵام لە بارودۆخی ئەمڕۆی دەوڵێتی ئیسلامی ئێران دا هەم لەسە ئاستی ناوخۆ و هەروەها لە سەر ئاستی نێونەتەویدا کەتۆتە ناو کێشە و کریسی قووڵەوە. هەنگاو هەنگاو باڵەکانی کە بەسەر هیلالی شیعەدا تارمایی گرتبوو دەبردڕێن، لە عێراقدا دەوری ئێران بەرەو لاوازی دەچێت و لە لوبنان و سوریا دوای ئەو گۆڕانکاریانەی بەم دواییە ڕوویاندا و بەتایبەتی تەقاندنەوەکەی بەیروتی پایتەختی لوبنان پەلەقاژێیەتی.
تورکیا لە باکوری کوردستان بە پەرەلێل شەڕێکی سەربازی، شەڕێکی کۆمەڵایەتیش پیادەدەکات. بە هێرشە تایبەتیەکانی بۆ سەر ژنی کورد دەیەوێ مۆڕالی کۆمەڵگای کوردی بشکێنێ. ڕایەدارانی دەوڵەت تەڤگەری ئازادی ژنانی کورد وەک دینامیک و پێشەنگی شۆڕشی کوردستان دەبینێت. بۆیە بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە سەر ژنانی کورد سیاسەتی دەستدرێژی پیادە دەکات. ک ن ک ه بانگی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە باکوری کوردستان دەکات بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بوەستن و هەلوێست نیشان بدەن.
ک ن ک ه بە تایبەتی بەرخۆدانی گەل و گەریلاکانی لە دژی داگیرکەری تورکیا لە ناوچەی حەفتانین وەک وەک بەرخۆدانێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی لە دژی داگیرکەریی دەبینێ. بە گشتی گەلەکەمان لە بەهدینان ئەوا دوو مانگە لە دژی داگیرکەری لەناو هەلوێستێکی بوێرانە و پەرپرسانەی نەتەوەیی دان. شەڕی حەفتانین تەنها ئەرکی بەشێکی سیاسی ی کوردستان نییە، بەڵکو پێویستە هەموو گەل و هێزە سیاسیەکانی کوردستان لەم بەرخۆدانە بە خاوەن دەرکەون. ئەنجامی سەرکەوتنی ئەم شەڕ و بەرخۆدانە پاشەڕۆژی دەوڵەتی تورکیا دیاری دەکات.
بە گێرشێوێنی و شێواندنی ڕاستیەکان و تاونبارکردن بە ڕێگای مێدیاکانەوە تاتوانن پێش بە داخوازیەکانی گەلەکەمان لە دژی داگیرکاری بگرن. پێویستی بەوە هەیە کە مێدیا و ڕاگەیاندنە کوردیەکان لە ڕەخنە سیاسیەکانیان دا سنوور و پرەنسیبە پیشەیی و ئەخلاقیەکان و ویژدانی کۆمەڵایەتی نەبەزێنرێن. لێرە لە ئەنجامی ئەو موهاتەراتانە تەنها دوژمنان لێی سوودمەند دەبن. هەروەها گرتن و ئەشکەنجەدانی چالاکوانان، ڕۆژنامەوانان و مامۆستایان و سیاسەتمەاران لە بەهدینان ئەوانەی کە داوای مافە مەدەنیەکانی خۆیان دەکەن یان ئەوانەی لەپێناو وڵاتپەروەری دەنگ هەڵدەبڕن و دوای دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکەن، پێویستە هەموو گیراوان بەپەلە سەربەست ئازاد کرێن.
بابەتێکی تری گرنگی کۆبوونەوە بار و دۆخی جڤاتی ئێزدیخان بوو. گەڕانەوەی گەلی ئێزدییمان بۆ سەر زێدی باو و باپیران لە دەڤەری شەنگال، هەنگاوێکی زۆر پیرۆز و دڵخۆشکەرە. مسۆگەرکردنی ئاسایش و دانپێنانیناوخۆیی و نێودەوڵەتیی شەنگال وەک ئێزدیخان ئەرکێکی نەتەوەیی دیپلۆماسیی کوردە. پێویستی بە بەهێزکردنی دیپلۆماسیەتی کورد لەگەڵ بەغدا، هەروەها لە پێناو ئاوەدانکردنەوەی شەنگالیش پێویستە گەلەکەمانلە هەر شوێنێک بێت بە هاوکاری و کۆمەککردنی ئێزدیخان وەک ئەرکێک بنێتە سەرشان. پرسی شەنگال پرسێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی یە.
کۆبوونەوەی کۆنسەی بەڕێوەبەریی ک ن ک ه هەروەها لە سەر بار و دۆخی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاوەستا. لەلایەک هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر گەلەکەمان لە زیادبووندان و لەلایەکی تر بە هۆی باری خرابی ئابوری خەڵکی لە ژیانێکی کولەمەرگیدان. هەژاری و نەبوونی هەر دێ و مەترسیدار تر دەبێت. لە ژێر ناوی نەخۆشی کرۆنادا ڕژێم ئابوری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕوخاندووە. تێکۆشانی دژی سیاسەتی داگیرکاری دەوڵەتی ئێران لە ئاستی دیپلۆماسیی و چالاکبوونی خەڵکی کوردستان ئەمڕۆ پێویستیەکی ژیانیی یە. هەروەها پێویستی بە هاوکاری ئابوریش هەیە. بۆ ئەمە و ڕزگاربوونی گەلەکەمان لە م دۆخە نالەبارەدا لە هەر شتێک پێشتر یەکڕیزی و یەک گوتاری و یەک سەنگەری هێزەسیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی دەبینێت.
دۆخی باشوری کوردستان بە گشتی شرۆڤەی بۆ کرا. هەبوونی کریسی ئابوری خەڵکی کوردستان و پرسگەلی نێوان ناوەند و هەرێم و نەشەفافیەتی دەسەڵاتداریی هەرێم لە ڕووی دارایی و ئابوری و گەمە و هەلوێستەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق گەیشتۆتە ئاستی پرسگرێی کوێر. لاوازبوونی دەور و هەیبەتی کوردان لە حوکمڕانی ناوەند و ناکۆکیەکانی هێزە کوردیەکان بەتایبەتی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، ئەم دۆخەیان دروستکردووە. پێویست دەکات هەرچی زووە دۆخی ئابوری خەڵکی بە دانی موچە و ئاساییکردنەوەی عەمەلییەی سیاسی وەک کاراکردنی پەڕلەمان بۆ ئەوەی لەم دۆخە بە خاوەن دەرکەوێ.
ک ن ک ه بڕیاری دا هەم وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و هەم لەبەر ڕەنج و ماندوبوونی ڕێزدا #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# لە دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دا کە خاوەن ڕۆلێکی سەرەکی بوو. لە سەر ئاستی نەتەوەیی دا بەشداری کامپانیای ئازادکردنی بەڕێزیان ببێت. وەکو دیارە کە ساندیکا گەورەکانی بەریتانیا و زۆر لە ڕێکخراوە مەدەنیەکانی جیهانی لە زۆر شوێنی دونیا دا دەیانەوێ لە ژێر ناوی: کاتی ئازادی هات کامپانیەک بۆ ئازادکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەست پێبکەن.
ک ن ک ه بانگی هەموو کورد و کوردستانیان دەکات لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بن بەشداری ئەم کامپانیە ببن.
کۆنسەی بەڕێوەبەری پلانسازی بۆ سازدانی جڤاتیی گشتی ساڵانەی ک ن ک ه کرد و بڕیاری لەمەر دا. هەر چەندە ڕێ و شوێنی کۆبوونەوەی گەورە وەک ئاستەنگیەکە بەڵام بڕیار درا کە جڤاتیی گشتیی لە مانگی 10 ئەم ساڵ دا ئەنجام بدرێ و کۆمیتەیەکی ئامادەکاریشی ئەرکدار کرد. هەروەها پلانسازی بۆ کار و ئەرک و خەباتی ئایندەی ک ن ک ه داڕێژرا.
30-08-2020