$باکووری کوردستان$
- لە گەڕەکێکی ناوچەی ستەوری #مێردین# یەکەمین ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ هەڵکرا.[1]
$باشووری کوردستان$
- دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا دواین زانیاری و ئاماری لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان خەستە ڕوو. وەزیری تەندروستی لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا وتی: لەکۆی 3 هەزار و 64 هاوڵاتی لە 29 شوێنی کەرەنتین کراو تەنها 953 هاوڵاتی لەکەرەنتین ماون، 2 هەزار و 111 هاوڵاتی گەڕاونەتەوە بۆ ناو خێزانەکانیان و 2 شوێنی کەرەنتینیش کەم کراوەتەوە، کە پێشتر 31 شوێنیان هەبووە، ئەوانەی لەکەرەنیتن گەڕانەوتەوە چەند جارێک تێستیان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بن هەڵگری ڤایرۆسەکە نین پاشان ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە.[1]
- لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانی، جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داوا لە کەناڵەکان دەکەین پابەند بن و خەڵک بۆ خۆپارێزیی هانبدەن و خەڵک نەترسێنن بە داتا و زانیاری نادروست. ڕاشیگەیاند، دەبێت میدیاکان بە ئاراستەی خزمەتی خەڵک و ئاسایشی تەندروستی و نەتەوەیی کاربکەن. هەرووەها، حەمەی حەمە سەعید، وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ هەموو میدیاکان کۆبووینەوە و دەبێت هەموو پێکەوە بەرەنگاری ئەو ڤایرۆسە ببینەوە.[3]
- وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، دوو هەڵگری دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری #هەولێر# تۆمارکرا، پیاوێک (34) ساڵ و ئافرەتێک (38) ساڵ کە دەکاتە برا و براژنێکی قوتابیە توشبووەکەی گەڕاوە لە وڵاتی ئێران کە پێشووتر کەڕەنتین کرابوو.[3]
- بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی #سلێمانی# بڵاویکردەوە، وڵاتی چین لە ڕێگای سەرکۆنسوڵگەری چینەوە 100 هەزار دەمامکی بەخشییە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.[3]
- بەسەرپەرشتی #لاهور شێخ جەنگی# هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان وئامادەبونی #شاڵاو عەلی عەسکەری# لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستن، یەکەمین کۆبونەوەی مەڵبەندەکانی ڕێکخستنی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بەڕێوەچوو.[2]
- لە شارۆچکەی #پێنجوێن#، چەند کەسێکی دەمامکدار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی عەدنان ڕەشیدی، ئەندامی بەڕیوبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەشکەنجەیان داوە، هاوسەر و منداڵەکەیان بە بارمتە گرتووە، وتوویانە ئەگەر کۆمپوتەر و هارد و موبایلەکانیان نەداتێ هاوسەر و منداڵەکەی دەکوژن.[4]
- لە گوندی چەقەی سەر بە شارۆچکەی #ئامێدی# سنوری پارێزگای #دهۆک#، فڕۆکەیەکی سیخوڕی دەوڵەتی تورک کەوتەخوارەوە و تێکشکا.[4]
$دەرەوەی کوردستان$
- وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، کیانوش جەهانپور، نوێترین ئاماری ڤایرۆسی کۆرۆنای ڕاگەیاند. بەگوێرەی ئامارەکان، 63 کەسی دیکە لە ئێران بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 958 حاڵەتی نوێش تۆمار کراوە. بەمەش ژمارەی تووشبوان بۆ 9 هەزار کەس بەرزبووەوە و ژمارەی ئەو کەسانەشی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 354 کەس.[3]