کوڕی عەبدولکەریم ئەفەندی کوڕی عەبدوڵڵا ئاغای گورجی زاده، ساڵی 1912 لە گەڕەکی قەڵا لە #هەولێر# لەدایکبووە.
باوکی کارمەندێکی دەوڵەت بووە لە سەردەمی عوسمانیداو هەر ماوەی لە شوێنێک خزمەتیکردووە، بۆیە خەیروڵڵای کوڕیشی لە سەردەمی منداڵیدا لەگەڵێ شوێن ژیاوە و پاش کۆتاییهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی ئینجا فرسەتی بۆ هەڵکەوتووە بچێتە بەرخوێندن، دوای تەواوکردنی خوێندن لە هەولێر، لە خانەی مامۆستایانی بەغدا وەرگێڕاو دواتر ماوەی پێنج ساڵ بە مامۆستایی لە کۆیە و #چەمچەماڵ# و شەقڵاوە خزمەتیکردووە.
ساڵی 1930 بە مامۆستا لە قوتابخانەی ئولای کۆیە دامەزراوە و ساڵی 1931 لە شاری هەولێر سەرپەشتی شانۆگەری (کچی کوردستان )ی کردووە کە زۆربەی ئەکتەرانی کۆیی بوونە و ساڵی 1933 بووەتە مامۆستای عەشیرەتی هەرکی و یەکەم قوتابخانەی گەرۆکی کردووەتەوە کاتێک لە گەرمێن چوونەتە کوێستان.
ساڵی 1935چۆتە خولی ئەفسەری لەم خولەدا چەند کەسایەتییەکی ئێراقی لەگەڵدا بووە دیارترینیان عەبدولسەلام عارف کە دواتر لە شەستەکان بووە سەرۆکی ئێراق .
خەیروڵڵا عەبدولکەریم لاوێکی نیشتمانپەروەر بووە و ساڵی 1945ریزی سوپای بەجێهێشتووە و پەیوەندی بە جووڵانەوەی بارزانەوە کردووە و بەهۆی ئەوەوە لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەڕچووە هەمان ساڵ لەگەڵ بارزانییەکان چوونەتە خۆرهەڵاتی کوردستان و وەک ئەفسەر لە سوپای کۆماری کوردستان لە مەهاباد خزمەتی کردووە.[1]
هەر ئەو سەردەمە توانا هونەرییەکانی دەرکەوتووە، بەتایبەتیی لە بواری شانۆو مۆسیقاو نیگارکێشیداو لە چەندین چالاکیدا بەشداریکردووە.
خولیای تەواوکردنی خوێندنو برەودان بەتواناکانی وایان لێکرد لە قوتابخانەی سەربازی لە بەغدا ببێ بەخوێندکار و دوو ساڵ دوای ئەوە بەپلەی ئەفسەر لە سوپای ئێراقدا دامەزراوە.
لە ماوەی خوێندندا سەردانی میسری کرد و لە کاروباری سەربازیدا شارەزاییەکی زۆری پەیداکرد.
شەهید خەیروڵڵا وەک کوردێکی نیشتمانپەروەر پەیوەندی کرد بە حزبی (هیوا) وەو زۆر بەچالاکی لەناو ئەو حزبەدا ئەرکە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانی جێبەجێکرد.
ساڵی 1945 خۆی گەیاندە #مەهاباد#و هەموو توانا و شارەزایی خۆی تەرخان کرد بۆ خزمەتکردنی کۆمارە خودموختارەکەی کوردستان.
ماوەی ساڵو نیوێک وەک ئەفسەرێکی زرێپۆش لەناو هێزەکانی کۆماری (مەهاباد) دا فیداکاری کرد و لە شەڕەکانی بەرگریدا ئازایەتییەکی زۆری نواند. بۆیە حکومەتی مەهاباد خەڵاتی ئازایەتی پێبەخشی و پلەکەی بەرزکردەوە بۆ پلەی کۆڵۆنێڵ. پاشان کە کۆماری مەهاباد ڕووخا، شەهید خەیروڵڵا بە بڕیاری لێبوردنەکەی حکومەتی ئێراق گەڕایەوە باشووریکوردستان، بەڵام دەستبەجێ دەستگیر کراو هاوڕێ لەگەڵ شەهیدان (مستەفا خۆشناو، محەمەد قودسی و عیزەت عەبدولعەزیز) دا فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.
ئەم تاوانە گەورەیە ڕۆژی 19ی حوزەیرانی ساڵی 1947 جێبەجێکراو تەرمەکەی شەهید خەیروڵڵا وەک شەهیدێکی هەرە گەورەی ڕێگای سەرفرازی، بەڕێزەوە لە هەولێر بەخاکسپێردرا.
هەڵوێستی جوامێرانەی شەهید خەیروڵڵاو هاوڕێکانی بەسەرەتای قۆناغێکی تازەی خەباتی هاوچەرخی گەلی کوردستان دادەنرێت لە پێناو ئازادی و دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسیندا.