ناوی ئیدریسە کوڕی مەولانا شێخ حوسامەدین عەلی بەدلیسییە، لەبنەماڵەیەکی خانەدان لەدایکبووەو باوکی موریدی شێخ عەمار بووە، کە سەر بەرێبازی سۆفیگەری سوورەوەردییە.
بنەماڵەی (حوسامەدین عەلی) لەگەڵ ئاق قۆینلوواندا چونەتە پایتەختی نوێ. ئیدریسی بەدلیسی کەسێکی زاناو شەخسیەتێکی بلیمەت بووە، پلەکانی خوێندنی زۆر سەرکەوتووانە بڕیوە، زمانی فارسی و عەرەبی و زانستە ئایینەکانی تەواو کردووە، لە سەردەمی ئاق قۆینلووەکاندا ئیدریسی بەدلیسی بەکاری میرزاییەوە خەریک بووە.
پاش ئەوەی سەفەوییەکان کۆتاییان بەدەوڵەتی ئاق قۆینلو هێنا، ئیدریسی بەدلیسی ناچار تەورێزی جێهێشتووەو بەرەو ئەستەمبوڵ بەڕێ کەوتووە، پاش ماوەیەک لەبەر لێهاتوویی خۆی دەبێتە راوێژکاری سوڵتان سەلیم.
سەرچاوەکان دەریدەخەن کە ئیدریسی بەدلیسی کەسێکی رەوشت بەرزو قسەرەوان بووەو بەردەوام مەجلیسی گەرم بووەو خۆی بەکاری زانست و کتێب و نووسین خەریک کردووە، چەندین راو بۆچوونی جیاواز دەربارەی مردنی هەیە، پەسەندترینیان ئەوەیە کە ئەڵێ ساڵی 1520کۆچی دوایی کردووە.
چەندین بەرهەمی بەچاپ گەیاندووە لەبواری پزیشکی و ئاژەڵناسی و گەردوونناسی و فەلسەفەو زوربەی بەشە زانستییەکانی تردا.