د. مەغدید سەپان، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سەڵاحەدین. لە #هەولێر#.
د. مەغدید خدر ئەحمەد سەپان لە 10-1-1961 لە گوندی گراوی سەربە هاوینەهەواری پیرمام لە باشووری کوردستان لە دایک بووە.
-لە پایزی 1976 لە چاپخانەی کوردستان و لای مامۆستا گیوی موکریانی وەک شاگرد دەستی بەکار کرد و تا هاوینی 1983 لە چاپخانە مایەوە و کاری لەگەڵ کاغەز و پیت و وشە کرد.
-لە ساڵی 1983 ئامادەیی شەوانی هەولێری تەواوکرد و هەمان ساڵ، بە ڕێگای ئێران بۆ وڵاتی سوید چوو. نزیکەی سێ ساڵیش لە سوید لە چاپخانە کاری کرد.
-لە 1987 بۆ خوێندن بۆ یەکێتی سۆڤێت چوو و لە ساڵی 1993 لە زانکۆی لێنینگراد (سانکت-پیتربورگ) لە فاکولتێتی ڕۆژنامەنووسی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە ڕۆژنامەگەری وەرگرت. نامەی ماستەری لە دوو بەش پێکهاتبوو. لایەنی پراکتیکی ئامادەکردنی فیلمێکی دەکومێنتی بوو لەسەر ڕەوشی قوتابییانی کورد لە سۆڤیێت و ڕووسیا لەگەڵ لایەنی تیۆری باسی لە مێژووی فیلم و شێوەی بەرهەمهێنانی فیلمی دەکومێنتی کردبوو.
-لە هەمان زانکۆ و فاکولتێت لە 19ی شوباتی 1998 موناقەشەی نامەی دکتۆرای کرا و تێزی دکتۆراکەی بە ناوی: چاپەمەنی جالیای کورد/ مێژووی سەرهەڵدان و قۆناغی سەردەم بوو.
-لە ساڵی 1993 لە شاری کارلستاد لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی نەقابەی چاپچیان (گرافیا) ڕۆژنامەیەکیان بۆ بێکارەکانی ئەوێندەر بەناوی: (ئاربێتس لوست-ئارەزووی کار) بە زمانی سویدی دەرکرد. ڕۆژنامە بۆ چەند ساڵێک بەردەام بوو، بەڵام ئەو تەنیا لە ژمارەکانی سەرەتایی تێیدا کاریکرد.
-لەنێوان ساڵەکانی 1997-1999 سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بە زمانی ڕووسی بوو.
$پەرتووکە چاپکراوەکان:$
1-بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لە چەند چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی، ستۆکهۆڵم 1994.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2010/3908/0002.JPG=KTML_Photo_Alt=مەغدید سەپان=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2010/3908/0002.JPG=KTML_Photo_End=
2-چاپەمەنی جالیای کورد/ مێژووی سەرهەڵدان و قۆناغی سەردەم، سانکت-پێتربورگ 1998. ئەم پەرتووکە تێزی نامەی دکتۆرایەتی، بە دەستکارییەکی زۆر بە زمانی ڕووسی بەناوی زانکۆی سانکت-پیتربورگ چاپکرا.
3-تیۆری ڕۆژنامەوانی، ستۆکهۆڵم 2000. باس لە ژانرەکانی ڕۆژنامەوانی دەکات. دواتر هەمان پەرتووک بە دەستکاریێکی زۆرەوە لەژێر ناونیشانی:
ژانرەکانی ڕۆژنامەوانی و مێژووی چاپخانە 1450-1500 چاپکرا، ئەم پەرتووکەم دوو جار لە هەولێر چاپکرا. جاری یەکەم کۆری زانیاری کورد لە ساڵی 2005 چاپیکرد و جاری دووەمیش دەزگای موکریان بە کەمێک دەستکارییەوە لە ساڵی 2008 چاپیکردەوە.
4-ئاژانسەکانی دەنگوباس. دەزگای ئاراس 2006، هەولێر.
5-ئەگەر ڕۆژنامەنووس هات. دەزگای سەردەم-2008.
6-مێژووی تەلەڤزیۆن و کەنالی ئاسمانی زاگرۆس: هەنگاوێک بۆ نووسینەوەی مێژووی تەلەڤزیۆنی کوردی. ئاراس. 2009. هەولێر.
7-ئەوانەی ڕۆژنامەنووس پێویستە بیانزانێ. دوو بەرگ، چاپخانەی ئازاد هەورامی. کەرکووک. 2012.
8-پەیامنێری تەلەڤزیۆن. هەولێر. 2013. (ئەو پەرتووکەم بەهاوبەشی لەگەڵ د. سێرگێی میخایڵۆڤ بە زمانی ڕووسی نووسی و لە هاوینی 2013 لە ڕووسیا بە ڕووسی چاپکرا و زستانی 2013 بە زمانی کوردی لەسەر ئەرکی کوردستان تیڤی لە هەولێر چاپکرا) .
9-پەخشی ڕادیۆی کوردی. (ئەو پەرتووکەش بەهاوبەشی لەگەڵ د. سێرگێی میخایڵۆڤ بە زمانی ڕووسی نووسرا و لە بەهاری 2015 لە ڕووسیا بە زمانی ڕووسی بەناوی زانکۆی سیکتیڤارسک چاپکرا. لە نزیکترین ئاییندە بە دەستکاری زۆر و زیاتر دەوڵەمەندکردنی چاپی کوردی ئامادە دەبێت.
10-بنەماکانی ئێتیک و ئێتیک لە ڕاگەیاندنی کوردی، دەزگای جەمال عیرفان، سلێمانی 2015.
$پەرتووکی ئامادە بۆچاپ:$
1-گۆشەکانم: (ئێمە و ئەوان-پوختە-ئەوانەی من تێیان ناگەم) لە دوو بەرگ بۆ چاپ ئامادەیە.
2-گەشتنامە: بۆ چاپ ئامادەیە.
3-درۆپێک لە قسە قۆڕ و بەسەرهاتە سەیر و سەمەرەکانی ژیانم: بەرگی یەکەم بۆ چاپ ئامادەیە.
د. مەغدید سەپان لە ساڵی 2004 لە وڵاتی سویدەوە بۆ کوردستان گەڕایەوە و لە هەولێر بەشی ڕاگەیاندنی لە کۆلێژی ئاداب-زانکۆی سەڵاحەدین کردەوە. سەرەتا وەک سەرۆک بەش و دواتر وەک مامۆستا لە هەمان بەش کار دەکا.
-د. مەغدید سەپان لەڕاسیتدا، یەکەم کوردی باشووری کوردستانە بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای لە ڕاگەیاندن هێنابێتەوە و یەکەم کوردی باشووریشە پلەی زانستی بۆ پرۆفێسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سەڵاحەدین لە بەهاری 2013 بۆ بەرزکرابێتەوە.
-د. مەغدید سەپان، جگە لە کاری مامۆستایەتی لە بەشی ڕاگەیاندن لە کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەڵاحەدین لە نووسین بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان و بەرهەمهێنانی فیلمی دەکومێنتیش بۆ تەلەڤزیۆنەکانی کوردی چالاکانە کار دەکا.لەسەر پرسە ئاڵۆزەکانی کوردی، هەمیشە ڕای کوردانەی خۆی هەبووە و ڕاکانیشی تا ئێستا زۆر کورسی پتەوی هەژاندووە.
خێزانی هەیە و پێنج منداڵی بەناوەکانی: دێرین، نالی، نازە، سۆفیا و شیلانە هەیە.
$ئەو بابەتانەی لە بەشی ڕاگەیاندنی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین گوتوویەتییەوە:$
-ژانرەکانی ڕۆژنامەوانی
-ئێتیکی ڕاگەیاندن
-پەیپەر میدیا
-هونەرەکانی کارکردن لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن
-بۆ ساڵی خوێندنی 2015-2016 ش بڕیارە وانەی: ڕوۆژنامەوانی بەدواداچوون (ڕوزنامەنگاری تحقیقی) بڵێتە.[1]