بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەبۆنەی سەری ساڵی ئاشووری بابلی و جەژنەکانی ئەکیتۆ، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی خوشک و برا ئاشووری و کلدانی و سریانییەکانی کوردستان و عیراق و جیهان دەکەم.
ئەمساڵ لەکاتێکدا بەشداریی له و جەژنەی ئێوەی خۆشەویست دەکەین کە گەلەکەمان بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانییەوە بەره و ڕووی شەڕێکی داسەپاوی تیرۆریستانی دڕندە و هەڵگرانی بیری نکۆڵیکاری و شۆڤێنیزم بووەتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە خوشک و برایانی کریستیانی پارێزگای موسڵ لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی ئه و پارێزگایە ناچار بوونە ماڵ و موڵکی خۆیان بەجێبهێڵن و ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، هەرێمی کوردستانیش وەک هەمیشە نەوایەکی ئارام و ماڵی هەموو لێقەوماوانە و ئه و بەها بەرزانەی گەلەکەمان لە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بووەتە جێی ستایش و پێزانین.
لێرەوە جارێکی دیکە داوا لە ئێوەی خۆشەویست دەکەم بیر لە بەجێهێشتنی وڵات نەکەنەوە، دڵنیاتان دەکەمەوە کە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان وەک چۆن ئێستا تیرۆریستان تێک دەشکێنن و زۆربەی ناوچە داگیرکراوەکانیان لە دوژمنانی مرۆڤایەتی پاک کردووەتەوە و بەرگرییان لە هەموو پێکهاتەکانی ناوچە ئازادکراوەکان کردووە، لە داهاتوویشدا هەروا کوردستان سەروماڵی ئێوە و هەموو هاونیشتیمانیان دەپارێزێت، تیرۆریستانیش هیچ داهاتوویەکیان نییە و هەموو ئەوانەی ناچار بوونە ناوچەکانی خۆیان بەجێ بهێڵن، بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.
هیوادارم ئێوەی ئازیز هەموو ساڵێک لەژێر سایەی ئارامی و ئاسوودەییدا جەژن و شادییەکانتان بە خۆشی بگێڕن.
مەسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
31-03-2015
ئەڤ بابەت ب زمانێ (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا

بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب وی زمانێ کو پێ هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی

بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 3,027 جار هاتیە دیتن
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!