مامۆستایەکی زانکۆ لە توێژینەوەیەکیدا گەیشتوەتە ئەو دەرەنجامەی کە تا ئێستا80% ی خاکی ناوچەی پێنجوێن مینی تێدا ماوە، ئاماژەش بەوەدەکات کە تا ئێستا هەزار و 10 کەس بەهۆی مینەوە لەو ناوچەیە گیانیان لەدەست داوە و زیان-یش بە سروست و خاکی ناوچەکە گەیشتووە.
د.#ڕۆژان فەرەیدون#، پسپۆری بواری جوگرافیا، توێژینەوەیەکی کردووە لەسەر پرسی مین لەناوچەی پێنجوێن و گەیشتوەتە چەند دەرەنجامێک.
ڕۆژان فەرەیدون، مامۆستای زانکۆ و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستی جوگرافیادا، لەبارەی مەترسییەکانی مین لە ناوچەی پێنجوێن بە ڕۆژنیوزی وت:تا ئێستا 403 کێڵگەی مین لە ناوچەی پێنجوێن هەن کە ئەو کێڵگانە بەتەواوەتی جێهێڵراون، بە پێی توێژینەوەیەک کە ئەنجامم داوە نزیکەی 20% ی شارۆچکەی پێنجوێن لەمین پاک کراوەتەوە، تاوەکو ئێستا 80%ی بە مینڕێژکراوی ماوەتەوە.
ڕۆژان فەریدون، وتیشی: لەو ناوچەیەدا هەزار و 10 کەس گیانی لەدەست داوە بەهۆی مینەوە، ئەم ناوچانە بەهۆی ئەوەی ناوچەی سنورین، لە جەنگی نێوان ئێران و عێراقدا بەتەواوەتی مینڕێژ کراون، بەپێی توێژینەوەکانیش مین بۆ ماوەی 50 ساڵ وەک خۆی دەمێنێتەوە، لەدوای ئەوە بەهۆی ستۆک بوونی هەندێک لە پارچەکانیەوە بە بەرکەوتنێکی کەم دەتەقێتەوە، بۆنمونە مینێک کە پێشتر مینی تانک بووە لەوانەیە بە پێدانانی مرۆڤێک بتەقێتەوە.
ڕۆژان فەرەیدون، ئاماژەی بەوەشکرد، کە مین بووەتە هۆی ئەوەی زیان بە ئابووری بەو ناوچەیەش بگەیەنێت و وتی: ئەو ناوچەیە پێویستە ناوچەی کشتوکاڵی بێت، کە ئێستا بەهۆی مینەوە سودیان لێوەرناگیرێت، وە زۆرێک لەسەرچاوەی ئاوی تێدایە کە سودی لێوەرناگیرێت، وە ئەو ناوچانە بەهۆی مینەوە نەبێت دەکرا ببێتە ناوچەی گەشتوگوزاری، هاوڵاتیان نەیانتوانیوە سود لەو پارچە زەویانە وەربگرن، هەروەها ژیانی زۆربەی گیانلەبەران لەو ناوچانەنەدا لەمەترسیدایە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ، وتیشی،کە مین زیانی بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە و ڕوونیکردەوە:بەهۆی پێکهاتەی مینە کە ئەو مادانەی کە تێدایەتی کاریگەری تەواوی بەسەر خاک و ئاوی ئەو ناوچەیەوە هەیە، هەروەها بەو تەکنیکەی کە ئێستا هەیە بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە کوردستاندا، پێکهاتەی ئاو و خاکی ئەو ناوچەیە و ئاسۆکانی (چینەکانی) خاک تێکدەدات، کە ئەمە پێویستی بە چەندین ساڵ هەیە تا ئەو خاکە خۆی ئەگرێتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی کە درەخت و کێڵگەکان لەو ناوچانە لەناودەچن.
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی باشوری کوردستان- ەوە، دەیان ڕێکخراوی بیانی و ناوخۆیی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد بۆ پاکردنەوەی خاکی هەرێمی کوردستان لە مین، بەڵام لەدوای خەرجکردنی ملیاران دۆلار تا ئێستا هێشتا نەتوانراوە مەترسی مین لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دور بخرێتەوە.