رونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
بەپێویستی ئەزانم لەڕێی ئەم ڕونکردنەوەیەوە خەڵکی کوردستان بە گشتی و ئەندامان و لایەنگرانی #بزووتنەوەی گۆڕان# بە تایبەتی ئاگادار بکەمەوە سەبارەت بە پرسی خۆکاندیدکردنەوەم بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2018.
لێرەو لەوێ ناوی بەندە لەنێو ئەو ناوانەدا باس ئەکرێ بۆ دوبارە خۆکاندیدکردنەوەمان، ئەمەوێ ئەوە ڕابگەیەنم لەماوەی چوار ساڵی ڕابردودا بەوپەڕی لەخۆبردویی و دڵسۆزییەوە دوای وەرگرتنی متمانەی مامۆستای گەورەمان ڕەوانشاد کاک نەوشیروان بۆ سەرۆکایەتی لیستی پارێزگای سلێمانی و وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرکەوتنێکی گەورەمان لەگەڵ هاوڕێکانم لە هەڵبژاردنەکان و پوستەکەشدا بەدەستهێنا، کە بە ئیعترافی دۆست و دوژمن توانیمان سەرەڕای ئەرکی قورس و دۆخی نالەباری سیاسی و ئابوری کوردستان و ئاڵۆزبونی کێشە سیاسیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، جوانترین نمونەی کاری پەرلەمانی و هاوڕێیانەو دۆستانە مان چ لەناوخۆمان و ئەوەشی پێمان کرابێت لەگەڵ لیستە کوردستانیەکانی تر و پێکهاتەکانی تری ناو پەرلەمان ئەنجاممان داو بۆ یەک چرکەش درێغیمان نەکردوە لە داکۆکی و شەڕکردن لەسەر مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و مافە دیموکراتیەکانی گەلانی عێراق.
لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و خوڵقاندنی دەرفەت بۆ هاوڕێیانی ترمان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، کە دڵنیام پڕیەتی لە کادری بەتوانا و چالاک و لێهاتو، وەک کاک نەوشیراون وەصفی کردوە پڕیەتی لە شێرە ژن و پیاوی جوامێر، کە ئەتوانن هەمو ئەرکێک بەڕێوە ببەن، ئەوەتان پێ ڕائەگەیەنم کە بەندە لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردو ڕێکەوتی 7ی شوباتی 2018ەوە بە فەرمی هاوڕێیانم لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردن ئاگادارکردۆتەوە کە وێڕای دەستخۆشی و هیوای سەرکەوتنم بۆیان لەم ئەرکە قورسە، بەندە بەنیاز نیم خۆم کاندید بکەمەوەو دەرفەت ئەدەم بە هاوڕێیانی تر ئەسپی خۆیان لەم گۆڕەپانەدا تاو بدەن.
لە کۆتاییدا وێڕای سوپاسی بێ پایانم بۆ خەڵکی کوردستان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان، کە لەرابردودا متمانەیان بەمن بەخشی، ئەمەوێ ئەوەش دوپات بکەمەوە کە ئامادەم بزوتنەوەکەم هەر ئەرکێکی ترم پێ بسپێرێت بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەجێی بگەیەنم و بەشانازیەوەهەر وەک خویندکاری ڕیبازی ماموستاو ڕیبەری گەورەمان ئەمینینەوه
براتان
#ئارام شێخ محەمەد#
#12-02-2018#
ئەڤ بابەت ب زمانا (کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئەڤ بابەتە 5,009 جار هاتیە دیتن
ڕایا خو دەربارەی ڤی بابەی بنڤێسە!